فەڵەستینییەک تەرمی کوڕەکەی لەسەر هێڵی زەرد دەدۆزێتەوەو وردەکاری کارەساتبار دەگێڕێتەوە
دوای چەند ڕۆژێک لە ونبوونی، هەستی دایکێکی فەڵەستینی ڕێبەری کرد بۆ هێڵی زەرد بەدوای کوڕەکەیدا کە بە دەست تێکچوونی نەخۆشیی دەروونییەوە دەیناڵاندو لە کاتی جەنگدا بارودۆخەکەی خراپتر بووبووەوە، تاوەکو تەرمەکەی دۆزییەوە و ڕووبەڕووی کارەساتێکی تریش بووەوە.
ڕەفیف ئیسلیم
فەڵەستین - لە تەنیشت هێڵی زەردەوە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە لە فەڵەستین، فاتمە ئەبو خەماش چوار ڕۆژی تەواو دانیشت و داوای لە هێزە ئیسرائیلییەکانی ئەوێ دەکرد ڕێگەی پێ بدەن تەرمی کوڕەکەی بهێنێتەوە کە تەنها چەند مەترێک لێیەوە دوور بوو، ئەمەش دوای ئەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەک خاچی سوور لاوازیان نوواند لە توانای دەرکردنی مۆڵەتێک بۆ هێنانەوەی تەرمەکە بە مەبەستی ناشتنی، بەڵام دایکەکە ئەمەی کرد و لە ڕۆژی پێنجەمدا توانی کوڕەکەی بنێژێت.
چیرۆکەکە لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە کوڕە گەورەکەی برا بچووکەکەی لەدەستدا، بەو هۆیەوە نەخۆشییە دەروونییەکانی کۆبووەوە و بڕیاریدا بگەڕێتەوە ماڵەکەی کە دەکەوێتە ناو هێڵی زەردەوە بەو هیواوەی یادەوەرییەک بدۆزێتەوە کە کۆیان بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار دانیشتووانەکە ڕایانكێشا دواوە، بەڵام ئەوانی تێپەڕاند و بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گوللـەی ئەو هێزە ئیسرائیلییانە ببێتەوە کە لەوێ جێگیر بوون.

فاتمە ئەبو خەماش ئاماژەی بەوەشکرد، کە محەمەد ئەبو خەماش تووشبوو بوو بە نەخۆشیی تێکچوونی باری دەروونی دوای کارەسات (PTSD) بەپێی ئەوەی پزیشکی چارەسەرکەری لە ناوەندی غەززە بۆ تەندروستی دەروونی باسی کردووە، هەموو ساڵێک بەتایبەت لە مانگی ئایاردا نیشانەکانی دەردەکەوتن و دەبووە کەسێکی شەڕانگێز و کەس نەبوو کۆنتڕۆڵی بکات، هەروەها خۆی لە کۆتا ڕۆژەکانی مانگی نیساندا دەڕۆیشت بۆ ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک خۆی لەوێ کەرەنتین بکات، لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگەکەشدا دۆخەکە خراپتر بوو و کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بوو چونکە چارەسەری پێشکەشکراویش سنووردار بوو یان نەبوو.
لە پێناو دۆزینەوەی تەرمەکەدا بەربەستی ترسی شکاند
ڕوونیکردەوە، کە چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد هێزەکانی ئیسرائیل تەقەی لێبکەن، چونکە نەخۆشی دەروونی بووە و پێویستی بە چارەسەرە، چاوەڕێی ئەوە بوو کە بگیرێت یان بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە، بەڵام دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لە ماڵەوە بێسەروشوێن بوو، دەستی کرد بە گەڕان، هەستێک پێی وت بچێتە سەر هێڵی زەردەکە و کاتێک هەمووان لەسەر سیماکانی و ڕەنگی ئەو جلە سپییانەی کە چادرەکەی تێدا بەجێهێشتووە کۆک بوون، هەموو ورەی خۆی کۆکردەوە و ڕاست لەسەر هێڵەکە وەستا و ئاڵای سپییەکەی بەدەستەوە بوو، تا جەستەیەک ببینێت کە بۆی ئاشنا بوو.
کاتێک تەرمەکەی بینی ئاڵاکەی لە دەست کەوت و کەوتە ناو شەپۆلێک لە گریان و پاڕانەوە، لێرەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هات و یەکێک لە سەربازەکان لە ڕێگایەوە قسەی لەگەڵ کرد، کە پێویستە بڕوات بۆ ئەوەی هەمان چارەنووسی کوڕەکەی تووش نەبێت، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و لە کاتێکدا دەپاڕایەوە تەنها ڕێگەی پێبدەن مەترێک بپەڕێتەوە و تەرمەکە بهێنێتەوە پێش ئەوەی سەگی بێلانە بیخۆن، داواکەی ڕەتکرایەوە، بۆیە گەڕایەوە و داوای لێکردن کە تەرمەکە ڕابکێشێتە ناو پێگەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی تێکنەچێت، بەڵام ئەویشیان ڕەتیکردەوە و تاوەکو خۆرئاوا بوون مایەوە و گریا و ناچار بوو بگەڕێتەوە بە پێی خۆی.
فاتمە ئەبو خەماش هەموو ڕۆژێک لە بەیانییەوە تا ئێوارە دادەنیشت و هەمان گفتوگۆ لە نێوان ئەو و سەربازە ئیسرائیلییەکەدا دروست دەبوو و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکردز تەنانەت یەکەم جاریش یادهاتەوە کە تانکێک لە نزیکییەوە بۆردوومانی کرد، بەڵام نەترسا و جێگیر مابوو، چونکە ئەوەی دەیویست تەنها تەرمی کوڕەکەی بوو، لە کۆتا ڕۆژدا دوای ئەوەی بە گریان و فڕێدانی خۆڵ بەسەریدا بەسەری برد، سەربازەکە ڕازی بوو بە دەرکردنی مۆڵەتێک و پێی وت بەیانی بێت و تەرمەکە وەربگرێت و بەڕاستی ئەوەی داوای کرد بۆی جێبەجێبوو و کوڕەکەی لە شوێنێکدا ناشت کە شایەنی بێت.
سێ کوڕی لە ماوەی ساڵێکدا لەدەستدا
محەمەد یەکەم زیانی فاتمە نەبوو، پێش ئەو ئوسامەی لەدەستدا کە تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو و لەلایەن ئیسرائیلییەوە کوژرا لە کاتێکدا خەریکی پاراستنی بارهەڵگرەکانی یارمەتی بوو لە دزین کە خواردن بۆ برسییەکانی کەرتی غەززەی دابین دەکرد، دوای ئەویش برا بچووکەکەی کوژرا لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێکانی لەبەردەم یەکێک لە دەرگای قوتابخانەکان کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بوون دانیشتبوو کە ماڵەکانیان بەهۆی بۆردوومانێکەوە لەدەستدابوو و هیچ هۆکارێکی دیاریکراویش بۆ ئەوە نەبوو، تاوەکو زنجیرەی لەدەستدانەکان بە محەمەد لە ماوەی تەنها ساڵێکدا کۆتایی پێدەهێنێت.
فاتمە ئەبو خەماش جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بە دەست نەخۆشییەکی دەروونی قورسەوە دەیناڵاند و توانای ئەوەی نەبوو بە تەنها زاڵ بێت بەسەر ئەم هەموو کۆچکردنەدا چونکە سێ کوڕە گەورەکانی لە چاوتروکانێکدا ڕۆیشتن، خزمەتگوزارییەکانی پشتگیری دەروونی لە شارە داروپەردووەکەدا بە شێوەیەکی کاتی نەماون، بەڵام ئەو ناچارە لەسەر قاچەکانی ڕاوەستێت بۆ ئەوەی منداڵە بچووکەکانی محەمەد و ئوسامە بەخێو بکات، وتی: هاوژینی کوڕەکانیشی پێویستیان بە هەمان پشتیوانییە.
فاتمە ئەبو خەماش لە یەکێک لە کلینیکەکانی سەر بە دەزگای فریاگوزاری و کارکردنی پەنابەران (ئۆنروا) کار دەکات، هەوڵدەدات کاتی کارەکەی بە خێرایی بەسەر ببات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای نەوەکانی و دڵنیاببێتەوە لە دۆخیان، دوای دابینکردنی پێویستییەکانیان لە ڕۆژەکەدا بە زەحمەتێکی زۆر بەهۆی بەرزی نرخەکان و بەخێوکردنی سێ خێزان، دیارترینی ئەوەش کە دڵی ئارام دەکاتەوە سەیرکردنی منداڵە بچووکەکانە کاتێک یاری دەکەن و بینینی وێنە و ڤیدیۆکانی کوڕەکانەی کە پێش کوژرانیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گرتبوونی، دەنگی ئەوان ئەوەیە کە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ژیان دوای چوونە ناو جیهانێکی تری خەم و بێدەنگییەوە.