سارا پورخەزری
کرماشان ـ تەنانەت ئەگەر پێویستت بە هاوکاریی هیچ کەسێک نەبێت بۆ ڕۆیشتن و هاتوچۆکردن لە شەقامەکانی کرماشان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەت، بتوانیت بە تەنها بچیتە سەر کارەکەت، بازاڕکردن بکەیت، شۆفێری بکەیت، بەبێ ماندووبوون ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنیت، ئەوا سەیرکردنێکی خێرای شۆستەکانی شار و ڕێڕەوەکانی پیادە تێیدا ڕاستییەکی نیگەرانکەر ئاشکرا دەکات، هەر بێئاگاییەکی کاتی ڕەنگە بتخاتە ناو چاڵێکەوە، هاوسەنگیت لەسەر پردێکی بچووک لەدەست بدەیت، بەردەوام بتخاتە بەردەم بەربەستگەلێک کە ڕێگاکەت دەگرن.
ئەگەر بۆ کەسانی بەتوانا ئەمە دۆخەکە بێت، دەبێت چۆن بێت بۆ کەسێک کە خاوەن پێداویستی تایبەتی هەیە و ناچارە بە پشتبەستن بە کورسی گەڕۆک یان دارشەق ماڵەکەی بەجێبهێڵێت؟ ڕاستیەکە ئەوەیە کە کەشی شارەکان تەنانەت سەرەتاییترین ستانداردەکانی دەستڕاگەیشتنیان نییە، تەنانەت بە ڕێژەی لەسەدا یەکیش، هەر لەو ساتەوەی کە هەنگاو دەنێنە دەرەوەی ماڵەکانیان، ئەم تاکانە خۆیان دەبیننەوە کە دەورە دراون لەلایەن زنجیرەیەک بەربەستی بێکۆتاییەوە، کە دەرئەنجامی پلاندانانی شارەکانە کە بە تەواوی مافی بنەڕەتی خۆیان بۆ ئازادی هاتوچۆ پشتگوێ دەخات.

شارەکە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دروست نەکراوە
مهین. س، کە خوێندکاری پسپۆڕیی پلاندانانی شارستانییە، وتی: لە ١٠٠٪ی ڕێڕەوەکانی شار بۆ هاتوچۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی جووڵە یان نابینایان دیزاین نەکراون، ڕەنگە لە کەشی شارستانییەکاندا لە ڕووی شێوەوە لێژایی یان کاشیی تایبەت بە ڕێڕەوی نابینایان دەربکەون، بەڵام لە قۆناغی جێبەجێکردن و داناندا هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نەبووە، بۆیە بێسوودن، بەو پێیەی زیاتر سیمایەکی جوانکارییان وەرگرتووە، هەروەها زۆرێک لەم ڕێڕەوانە پڕن لە بەربەستی جیاواز.
ڕووژیکردەوە، وا دەردەکەوێت ئامانج لە جێبەجێکردنیان تەنها پێشکەشکردنی ئامار و ڕاپۆرتی کارگێڕی بووبێت بۆ بەرپرسان تا بڵێن پابەندبوون بەم پێوەرانەوە کراوە، لە کاتێکدا کاریگەرییان لەسەر ئەرزی ڕاستی یەکسانە بە سفر، چەندین جار بینیومانە کە ئەم ڕێڕەوە تایبەتکراوانە بۆ نابینایان لەناکاو بە دیوارێک یان چاڵێک یان درەختێک کۆتاییان دێت، هەروەها لە زۆرێک لە شەقامەکاندا پچڕانی لەناکاوی ڕێڕەوەکەم بینیوە بەبێ دانانی کاشییەکی ڕێنیشاندەری تر.
لە لایەکی ترەوە، ئەم کەسانە بە شێوەیەکی گشتی لە سەربەخۆیی دارایی بێبەشن بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کارەوە، هەروەها خێزانەکانیش ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابین بکەن لە ئەنجامی نەبوونی پشتیوانیی حکومی، سەرەڕای بانگەشەی بەرپرسان بە گرتنەخۆی ئەم توێژە لەژێر چەتری ”ڕێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتی”، بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە موچەی مانگانەی تەرخانکراو بۆیان، کە بەپێی توندیی کەمئەندامییەکە دیاری دەکرێت، لە نێوان ٢ بۆ ٦ ملیۆن تمەندایە، کە بڕێکی زۆر کەمە و تەنانەت بەشێکی بچووکیش لە تێچووەکانی بژێویی سەرەکییان داناپۆشێت، ئەمەش ناچاری کردوون لە سەختترین بارودۆخی بژێویدا بژین.

کۆتوبەندی دوو هێندە لەسەر ژنان
سەختییەکان دوو هێندە دەبنەوە کاتێک لەگەڵ ئەو کۆتوبەندانەی لە دۆخی تەندروستییەوە سەرچاوە دەگرن، هۆکارێکی تری ساردکەرەوە هاوڕێ دەبێت کە بارودۆخەکە سەختتر و ماندووکەرتر دەکات، ئەویش ئامرازی فشارە کە خۆی لە ڕەگەزدا دەبینێتەوە، لە ژینگەیەکدا کە کاریگەرە بە وێنە باوە پیاوسالارییەکان، پیاوانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، تەنانەت لە سێبەری بارودۆخی تەندروستی و بایۆلۆژیی یەکسانیشدا، لەچاو ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت خاوەنی یەکەمایەتیەکی ڕەگەزینین، تەنها ژنبوونی کەسەکە وادەکات باری کەمئەندامییەکە لە تێڕوانینی گشتیدا قورستر بێت، لە کاتێکدا کۆمەڵگە لاوازیی پیاوان بە ئاسانتر قبوڵ دەکات.
ئەم جیاکارییە دوو هێندەیە بە ڕوونی لە پرسی هاوسەرگیریدا دەردەکەوێت کە تێیدا پەیوەندیی پیاوێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەگەڵ ژنێکی بێ کەمئەندامی تا ڕادەیەکی زۆر وەک کارێکی ئاسایی سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا وێنە باوە نەریتییەکە کە مەرجی ”تەواوی و بێکەموکوڕی” لە ژندا دادەنێت، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و دابڕاندنیان بە شێوەیەکی کردەیی لە بازنەی گرنگیپێدان و دەرفەتە خێزانی و کۆمەڵایەتییە یەکسانەکان.
پەری. س، ئەم ڕاستیە پشتڕاست دەکاتەوە و وتی: من و براکەم هەردووکمان نابینین، بەڵام تێڕوانینی دەوروبەرمان بە تەواوی جیاوازە، بەردەوام بە گوێمدا دەدەن کە هیچ دەرفەتێکم بۆ هاوسەرگیری نابێت، هەرکاتێک دایکم شتێکم بۆ دەکڕێت، پێی دەڵێن: زۆری لێ خەرج مەکە، ئەو بە هەر حاڵ هیچ نابینێت، لە کاتێکدا لە لایەکی ترەوە بەردەوام پێداگری لە دایکم دەکەن کە هاوژینێک بۆ براکەم هەڵبژێرێت، تا لە کاروباری ژیانی ڕۆژانەیدا چاودێریی بکات.
نەبوونی ژینگەی گونجاو بۆ ژیانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کەشی گشتیدا، بیروباوەڕە باوەکان بەرامبەریان لە لایەکی ترەوە، وایان کردووە ئەم تاکانە لەژێر فشاری ڕوو لە زیادبووندا بناڵێنن، لە لایەکی تریشەوە، کۆمەڵگەی کاریگەر بە سیاسەتەکانی دەسەڵات، بە قبوڵنەکردنیان وەک مرۆڤگەلێک کە مافی ژیانێکی یەکسانیان لەگەڵ ئەوانی تردا هەیە، ڕووبەڕووی جیاکاریی زیاتری کردوون.

لە ئەنجامدا، ژیان بۆیان سەختتر بووە، لە کاتێکدا ئەگەر مەیدان و ژینگەی گونجاویان بۆ بڕەخسێنرایە، ڕەنگە بیان توانیایە بیسەلمێنن کە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا نییە، ئەوانیش بەشێکیان لەم جیهانەدا هەیە کە نابێت تەنها پێوەری بەشداریکردن تێیدا تەنها پارێزراوی جەستەیی بێت.




