زیندانیکردنی دوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن لە مۆریتانیا کاردانەوەی بەرفراوان لەسەر ئازادییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت

مۆریتانیا شایەتحاڵی کاردانەوەی سیاسی بەرفراوانە لەدوای سزادانی چوار ساڵ زیندانی بەسەر دوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن، تۆمەتبارکران بە بڵاوکردنەوەی لێدوانێک کە بە هێرشبەرانە دادەنرێت بۆ سیمبولە نەتەوەییەکان و هاندانی ڕق و کینە.

ناوەندی هەواڵ

 

نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤ لە مۆریتانیا لە زیادبووندایە دوای کۆمەڵێک ڕێوشوێن کە ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بە ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنی سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین دەزانن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەندین حاڵەتی لێپێچینەوە لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لەسەر بۆچوونەکانیان، دووبارە دیالۆگی لەسەر سنووری ڕەخنەی ڕەوا و ڕۆڵی دامەزراوەکان لە پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەکان هەڵگیرساندەوە.

 

دادگایەک لە نواکشۆتی پایتەختی مۆریتانیا، ٥ی ئایار، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئەو لێدوانانەی کە بە هێرشبەرانە دادەنرێت بۆ سیمبولە نەتەوەییەکان و هاندانی ڕق و کینە، سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر دوو ئەندامی پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆندا سەپاند.

 

دادگاییکردنەکە دوای ئەو تۆمەتانەی دەسەڵاتداران هات کە پەرلەمانتاران مریەم شێخ و غامۆ عاشوور لە بڵاوکراوەکانی لە پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا، سەرۆکیان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی هاوڵاتیانی ڕەشپێست و نەوەکانی کۆیلە تۆمەتبار کردووە.

 

ئەو دوو ژنە پەرلەمانتارە سەر بە دەستپێشخەرییەکی مافی مرۆڤن کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی کۆیلایەتی، دەستگیرکردن و دادگاییکردنیان کاردانەوەی بەرفراوانی لەناو بازنەکانی سیاسی و مافی مرۆڤدا بەدوای خۆیدا هێنا، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو ڕێوشوێنانەیان شەرمەزار کرد کە بەرامبەریان گیراونەتەبەر و بە پێشێلکردنی ئازادییە گشتییەکان و پێشێلکردنی پارێزبەندییان لەپێنوسدا، هەروەها بلۆکە پەرلەمانییەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەیان لەوە گرت کە بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی نوێنەرانی هەڵبژێردراو پێناسەیان کرد.

 

بڕیارەکەی دادگا بریتی بوو لە فەرمانی زیادە بۆ سڕینەوەی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی پەیوەست بەو دۆسیەیە و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلی پەرلەمانتاران و داخستنی هەژمارە ئۆنلاینەکانیان، ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دیالۆگی نیشتمانی بەردەوامە لەسەر پرسی کۆیلایەتی لە مۆریتانیا، کە بابەتێکی زۆر هەستیارە سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی فەرمی کۆیلایەتی لە ساڵانی هەشتاکان و دواتر توندکردنەوەی سزاکانی پەیوەست بەو کۆیلایەتییە.