ئاماری هەژاری لە ئێران قەدەغە کراو بەدخۆراکی منداڵان و هەڵاوسان قووڵتر دەبێتەوە
لە کاتێکدا حکومەتی ئێران بڵاوکردنەوەی ئاماری هەژاری لەژێر 'قەدەغەکردنی ئەمنیەتی'دا دەشارێتەوە، داتا فەرمییەکان دەریدەخەن کە سەدان هەزار منداڵ ڕووبەڕووی بەدخۆراکی بوونەتەوە و توانای کڕینی خێزانەکان زۆر دابەزیوە.
تاران
وتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: بڵاوکردنەوەی ئاماری ئابووری و کۆمەڵایەتی “قەدەغەکراوە”. سەرەڕای ئەم نهێنییە، بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی خۆراک و دابەزینی بەکارهێنانی کاڵا سەرەتاییەکان وێنەیەکی تاریکی ژیانی ملیۆنان خێزان دەکێشێت. دوێنێ فاتیمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەت ئەو زانیاریانەی داوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاستی هەژاری قووڵ و دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی خەڵک. فاتیمە ئاماژەی بەوەشکرد، بەدەستهێنانی ئەو ئامارانە مەحاڵە و بڵاوکردنەوەیان بەهۆی "قەدەغەکردنی ئەمنییەوە" دەگەڕێتەوە.
بەدخۆراکی منداڵان و دایکان لە زیادبووندایە
لە هەمان کاتدا ئامارە فەرمییەکان سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی هەژاری، لەوانەش بەدخۆراکی منداڵان و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی خۆراک، وێنەیەکی تاریکی بارودۆخی ژیانی خێزانەکان دەکێشن.
یەعقوب ئەندایش، جێگری بەرپرسی هاوکاری کۆمەڵایەتی و کاروباری ئابووری لە وەزارەتی هاریکاری و کار و چاودێری کۆمەڵایەتی لە مانگی تەمموزدا ڕایگەیاندبوو، بودجەیەک بۆ کڕینی سەبەتەی خۆراکی بێبەرامبەر بۆ ١٨٠ هەزار منداڵی بەدخۆراکی تەرخانکراوە. سێ هەفتە دوای ئەم ڕاگەیاندنە ڕایگەیاند کە ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە ٢٦٢ هەزار منداڵ لە نێوان پێنج بۆ ٥٩ مانگدا. جگە لەوەش ٣٠٠ هەزار کۆدی نیشتمانی تایبەت لە چوارچێوەی پڕۆژەی "چارەسەرکردنی بەدخۆراکی منداڵانی خوار پێنج ساڵان" دیاریکراون. لە هەمان کاتدا ژمارەی ئەو دایکانی دووگیان و شیردەر کە ئەم پلانە پاڵپشتی دەکرێن لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزارەوە بۆ ٢ ملیۆن زیادی کردووە.
کەمبوونەوەی خواردنی گۆشت و پەلەوەر و شیر
هەروەها کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خێزانەکان لە گۆڕانی شێوازی بەکارهێنانی خۆراکدا بە ڕوونی دیارە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، خواست لەسەر گۆشتی سوور لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی لە سەدا ٥٠ کەمی کردووە و هەروەها بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە کەمی کردووە. جگە لەوەش ژمارەی مریشک یان هێلکە لە ئینکوباتۆرەکاندا کەمیکردووە لە نزیکەی ١٦٠ ملیۆن لە مانگی نیسانی ٢٠١٤ بۆ نزیکەی ١٠٠ ملیۆن لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا. هەروەها خواردنی گۆشتی مریشک بە بەکارهێنانی هەر تاکێک لە ٣٢ کیلۆگرامەوە لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٥-٢٧ کیلۆگرام لەمساڵدا دابەزیوە.
هەروەها دۆخی بەکارهێنانی شیرەمەنی جێگەی نیگەرانییە. پێشتر بەکارهێنانی شیری سەرتاسەری لە ئێران نزیکەی یەک لەسەر سێی مامناوەندی جیهانی بوو، بەڵام ئێستا بۆ چارەکێک دابەزیوە. هەروەها بەڕێوەبەری یەکێتیی هاوکارییەکانی شیرەمەنی ڕایگەیاند کە زۆرێک لە خێزانەکان توانای کڕینی شیر و پەنیر و ماستیان نەماوە.
هەڵاوسانی بەرز و ڕووداوە ئەمنییەکان
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی سەردێڕ لە مانگی تەمموزدا گەیشتووەتە ٨٧.٩% و هەڵاوسانی خۆراکیش گەیشتووەتە ١٢٨.١%. ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە فشارە ئابوورییەکان لەسەر خێزانەکان، بەتایبەتی منداڵانی پێویست، لە زیادبووندایە. سیاسەتی گۆڕینی ئاماری هەژاری بۆ پرسێکی ‘ئەمنییەت’ ئەم پرسیارە دەوروژێنێت: بۆچی بڵاوکردنەوەی زانیاری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ئێراندا بە هەڕەشەیەکی ئەمنی دادەنرێت نەک بە مافێکی ڕەوای کۆمەڵگا؟ سەرکوتکردنی ئامارەکان نەک هەر واقیعی هەژاری تەمومژاوی دەکات، بەڵکو ئەگەری لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ سیاسەتە ئابوورییەکان و دەرئەنجامەکانیان سنووردار دەکات.