کۆنگرەی ستار: ئێستا قۆناغێکی مێژوویی بەڕێوەدەچێت
کۆنگرەی ستار یادی گەریلا شەهیدبووەکانی هەپەگەو یەژا ستاری کردەوەو ڕاگەیاند، لەسەر بەردەوامیدان بە ڕێبازی شەهیدان و بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان پارچەکانی کوردستان بەردەوام دەبن بە ئاڕاستەی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
کۆنگرەی ستار بۆ بەبیرهێنانەوەی گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار کە لە باکووری کوردستان و ناوچە جیاجیاکانی دیکە لە پێناو ئازادیدا شەهید بوون، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان، هاوڕێیانی تێکۆشانیان و تەواوی گەلی کوردستانی وڵاتپارێز کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ کاتێک یادی ئەو پێشەنگانە دەکرێتەوە، دەزانرێت کە ئەوان تەنها ڕێبەری قۆناغێک نەبوون، بەڵکو بوونە خوڵقێنەری داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ کۆمەڵگە. ئەوان ژیانی خۆیان بۆ ئازادیی گەلان، ڕزگاریی ژنان و بنیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیک فیدا کردووە و هەر هەنگاو و کشان و فیداکارییەکی ئەوان، ڕێگای ئێستای تێکۆشان ڕووناک دەکاتەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پشتگیری و هاوکاریی گەل لە باکووری کوردستان بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە کاتی بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێدا، یەکێک بووە لە پایە هەرە بەهێزەکانی ئەم خەباتە هاوبەشە. ئەو کەسانەی لە پاراستنی کۆبانێ و شۆڕشی ڕۆژئاوادا گیانیان بەخشیوە لەگەڵ ئەو گەریلایانەی لە چیا و شارەکانی باکووری کوردستان شەهید بوون، خاوەنی یەک ئامانج و یەک ئیرادەن کە ئەویش گەیشتنە بە ژیانی دیموکراتیک.
کۆنگرەی ستار جەختی کردووەتەوە کە خاوەندارێتیکردنی گەل لە مەراسیمی سەرەخۆشی و یادکردنەوەی گەریلاکان لە شارە جیاوازەکاندا، نیشانەی هێزی ئەم یادەوەرییە هاوبەشەیە. وەک ژنان و گەلی ڕۆژئاوا، ئەوان هەرگیز ئەم هاوکارییە مێژووییەی نێوان باکوور و ڕۆژئاوا و ئەو میراتە بەنرخەی شەهیدان لەبیر ناکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئێستا قۆناغێکی مێژوویی بەڕێوەدەچێت و سەرکەوتنی پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو ئازارانەی کە بە درێژایی دەیان ساڵ بەسەر گەلدا سەپێنراون، تاوەکو چیتر گەنجان نەبنە قوربانی و خوێنڕشتن جێگای خۆی بۆ سیاسەتی دیموکراتیک چۆڵ بکات. ڕاگرتنی شەڕ و نەبوونی شەهیدبوونی گەنجان، بە دەستکەوتێکی گەورە لەقەڵەم دراوە کە خەون و ئاواتی کۆنەی شەهیدانی پێشوو بەدی دەهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا کۆنگرەی ستار جەختی کردووەتەوە دڵسۆزی بۆ یادەوەریی شەهیدان تەنها بە بێدەنگی نابێت، بەڵکو بە زیندووڕاگرتنی میراتی ئازادی و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتییەکان دەبێت بۆ پێکەوەژیانی هابەشیانە.
کۆنگرەی ستار لە کۆتاییدا، دووپاتی کردەوە کە بەپێی ئەو تێڕوانین و دیدگایەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە، بەردەوام دەبن لەسەر ڕێبازی شەهیدان بۆ مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێکی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی ژنان.