سنووردارکردنی نوێ لە زیندانی ئێڤین فشارەکان بۆ سەر زیندانییەکان زیاد دەکات

ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی زیندانی ئێڤین ئاشکرای دەکەن کە زیادبوونی سنووردارکردنەکان دوای شەڕی ئەم دواییە، بێبەشکردنی زیندانییەکان لە سەردانی کەسی، ڕێگریکردن لە مۆڵەت و پارێزبەندی، هەروەها توندکردنەوەی فشارە ئابووری و ئەمنییەکان لەسەر زیندانییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

هۆشدارییەکان سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی ناو زیندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر دەبن و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە پێشێلکارییە بەربڵاوەکان و نەبوونی پێوەرە سەرەتاییەکانی چاودێری و مامەڵەی مرۆڤانە دەکەن، چاودێران هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی قەیرانی مرۆیی ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ باشترکردنی دۆخی دەستگیرکراوەکان نەگیرێتەبەر.

 

سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک ناوچەی زیندانی ئێڤین بە ناوچەی سەردانکردنەوە زیادبوونی سنووردارکردنی ئەمنی بەخۆیەوە بینیوە، دەرگاکانی هەندێک ناوچە بە داخراو ماونەتەوە و بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە لە ئێستادا تەنها ڕێگە بە زیندانییەکان دەدرێت سەردانی خێزانەکانیان بکەن لە ژوورێکی جیادا و سەردانی کەسییان لێ وەرناگیرێت.

 

سەرچاوە نزیکەکان لە زیندانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە پێدەچێت ئەم سنووردارکردنانە بەهۆی نیگەرانییەکانی بەرپرسانی زیندانەکان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆ یان کەمی کارمەندانی ئەمنی دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە سەپێنراون، هاوکات چەند بەندکراوێک پشتڕاستیان کردەوە کە لە کاتی هێرشەکان و تەقەی موشەکەکانی سەر بەندیخانەی ئێڤین، سەرەڕای ئەگەری دەرچوون لە هەندێک بەش، لە زیندانەکە دەرنەچوون و تەنانەت بەشدارییان لە هاوکاریکردنی بریندارەکان کردووە.

 

هەروەها خێزانی زیندانیان نیگەرانی خۆیان لە بارودۆخی ئێستا دەربڕیوە و ڕەتکردنەوەی سەردانی کەسییان بە "دوو هێندە دوودڵی" پێناسەکردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو زیندانیانەی کە چەند مانگێک یان ساڵێکە لە پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ خێزانەکانیان بێبەشن.

 

ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ڤیدیۆکان بڵاوبوونەتەوە کە گوایە "دانپێدانان"ی ئەو زیندانییانەن کە ساڵانێک لەمەوبەر دەستبەسەرکراون و فشاریان لەسەر کراوە بۆ ئەوەی لەبەردەم کامێرادا دەربکەون، ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی بەردەوامی بەکارهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دۆسیە ئەمنییەکاندا دروستکردووە.

 

لە لایەکی دیکەوە پرۆسەی پێداچوونەوە بە داواکاری مۆڵەت و پارێزبەندی، هەروەها پرسەکانی دیکەی خۆشگوزەرانی زیندانییەکان، ڕووبەڕووی پەککەوتنی بەرفراوان بووەتەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە کەمی توێژەری کۆمەڵایەتی و نەبوونی دەستەی تایبەتمەند ڕەنگە زۆرێک لە زیندانییەکان لە دۆخێکی ناجێگیردا بهێڵێتەوە.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک لە زیندانەکاندا دەکەن، بەتایبەتی بۆ میوە و کاڵا سەرەتاییەکان، ئەمە کێشەیەکە کە زیندانییەکان وتیان: بەدخۆراکی لای خەڵکی هەژار توندتر کردووە و فشاری ئابووری لەسەر خێزانەکانیان زیاتر کردووە.

 

هاوکات سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن، کە خەڵک تەنها بەهۆی وێنەگرتنی مووشەکێک یان فڕۆکەیەک کە بەسەر ئاسماندا دەفڕن دەستگیرکراون، بەگوێرەی ئەو هەواڵانە، تەنانەت ئەو گرتە ڤیدیۆیانەیان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاو نەکردۆتەوە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردنی درێژخایەن بوونەتەوە.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر دۆخی زیندانیانی دارایی لە زیندانی ئێڤین، کە هەندێکیان بەهۆی قەرزی کەمەوە بە زیندانی ماونەتەوە و چەند مانگێک چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەن.

 

ئەم هەلومەرجانە ئەوە دەردەخەن کە کەشوهەوای زاڵ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، هەر وەک بەرتەسک و فشار و کۆنترۆڵی ئەمنیەتی دەمێنێتەوە، بە وتەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم دۆخە نەک هەر بنەماکانی مافی زیندانییەکان پێشێل دەکات بەڵکو قەیرانی مرۆیی لە زیندانەکاندا گەورەتر دەکات.