"پێشێلکاری بۆ سەر سیمبولە کوردیەکان لە حەسەکە هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و کۆمەلایەتی و پێکەوە ژیان"
بەهۆی ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژییانەی کراونەتە سەر سیمبول و وێنەی شەهیدان لە پارێزگای حەسەکە، نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم کردارانە هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر پێکەوەژیان و ئاشتی و کۆمەلایەتی.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بۆ سەر سیمبولە کوردییەکان لە حەسەکە، بە ئامادەبوونی ئەندامانی نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا، کۆنگرەی ستارو پەیەدە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
بەرفین شێخۆ ڕایگەیاند، لە سایەی گۆڕانکارییەکانی سووریا، بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی پێشێلکاری و دەستدرێژی بۆ سەر سیمبولە کوردییەکان، ئاڵا، وێنەی شەهیدان و سیمبولە پیرۆزەکانی ژنی کورد لە پارێزگای حەسەکە نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە و نوێنەرایەتییەکانی ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان ئەم کردارانە بە توندی شەرمەزار دەکەن و بە هەڕەشە بۆ سەر پێکەوەژیان و بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە دەیانبینن،ئەم کردارانە هەڵسوکەوتی تاکەکەسیی ئاسایی نین، بەڵکو مەترسیی تێکدانی پێکەوەژیانی نەتەوەیین، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی سووریا و نێودەوڵەتی دەکرێت، کە لێکۆڵینە لەم ڕووداوانە بکەن، هەروەها داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکەین بە خێرایی لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف ئەنجام بدەن و هاندەران بە یاسا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و بنەڕەتیی سووریایە و مافە نەتەوەیی، سیاسی و کولتوورییەکانی ڕەوا و شایانی پاراستنن، دەستدرێژییەکانی سەر سیمبولەکانی ژنان هەوڵێکن بۆ زیانگەیاندن بە ئیرادەیان، بۆیە ئێمە دەسەڵاتەکانی حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی کورد، ماف و سیمبولەکانیان و ڕێگریکردن لە هاندان بۆ ڕق و کینە،، بانگهێشتی حزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنانی لە باشووری کوردستان کرد و وتی: پێویستە بە ڕوونی ئەم کردارانە شەرمەزار بکەین و لە دژی گوتاری ڕق و کینە بوەستینەوە، داهاتووی سووریا بە هاندان و دوورخستنەوە مسۆگەر نابێت، بەڵکو بە داننان بە یەکتر، ڕێزگرتن لە سیمبول و ناسنامەی نەتەوەیی، دادپەروەری و هاوبەشی ڕاستەقینە بونیاد دەنرێت.
زەهیە عەلی ڕەشید، ئەندامی خۆبەڕێوەبەری لەباشووری کوردستان وتی: لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە سووریا ڕوودەدەن، پێشێلکاری بۆ سەر سیمبول و نیشانە نەتەوەییەکانی کورد لە حەسەکە، نیگەرانییەکی فراوانی لەبارەی پاراستنی ناسنامەی کوردی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دروست کردووە. سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان، وێنەی شەهیدان و سیمبولەکانی بەرخۆدانی ژنانی کورد، تەنها پێشێلکردنی هێما نەتەوەییەکان نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی وتاری ڕق و کینە و لاوازکردنی متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی سووریا لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف بکەن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردارانه بکەن،سیمبولە کوردییەکان بەشێکن لە ناسنامە، مێژوو و خەباتی گەلی کورد؛ سووکایەتی پێکردنیان نەک هەر پێشێلکردنی ڕێز و کرامەتی نەتەوەیەکە، بەڵکو هەڕەشەیەکیشە بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و هاوبەش، پاراستنی ماف و ئازادییەکان، ڕێزگرتن لە سیمبولە نەتەوەییەکان و بەرپرسیارکردنی ئەو کەسانەی پێشێلکاری دەکەن، بنەمای سەرەکیی بەهێزکردنی ئاشتی و پێکەوەژیانن خەبات و بەرخۆدانی ژنانی کوردیش بە سووکایەتی و هەوڵی پەراوێزخستن کەم نابێتەوە؛ بەڵکو ڕێزگرتن لە ماف و کرامەتی ژنان و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، ڕێگای گەیشتن بە دادپەروەری و هاوبەشییەکی ڕاستەقینەیە.