یونیسێف: کوژرانی سەدان منداڵ لە غەززە و ٨٠٠ هەزار منداڵ هێشتا ئاوارەن

ڕێکخراوی "یونیسێف" ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٤٠ منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانەوە کوژراون سەرەڕای ئاگربەست، لە کاتێکدا نزیکەی ٨٠٠ هەزار منداڵی ئاوارە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی کارەساتبار دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

منداڵان لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی کاریگەریی کارەساتبار دەبنەوە بەهۆی جەنگی بەردەوامەوە، کە جیاوازە لە نێوان بێبەشبوونی توند لە خۆراک و چاودێریی پزیشکی، تێکچوونی دەروونیی قووڵ کە ئەنجامی لەدەستدان و ئاوارەبوونی دووبارەیە، هەڕەشەی تێکدانی ڕاستی ڕۆژانەیان و لەناوبردنی داهاتووی خوێندن و جەستەییان دەکات.

 

وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف"، ئاشکرای کرد، کە زیاتر لە ٣٤٠ منداڵ کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

 

ڕوونیکردەوە، کە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج منداڵ سەرەڕای جێبەجێبوونی ئاگربەست، لە کاتێکدا لانیکەم ٣٣ منداڵ بە سەختی بریندار بوون، سەرنجیشی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە دوو منداڵی دیکەش گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سەختیی برینەکانی پێشووتریانەوە.

 

بەرپرسە نێودەوڵەتییەکە جەختی لەوە کردەوە، کە نزیکەی ٨٠٠ هەزار منداڵ لە غەززە هێشتا ئاوارەن، زۆربەیان لەناو چادر یان ئەو بینایانەدا دەژین کە بەر بۆردوومان کەوتوون و مەترسییان لەسەر پارێزراوییان هەیە، هەروەها مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٦٠ هەزار منداڵ لە کەرتەکەدا یەکێک لە دایک و باوکیان یان هەردووکیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی وتەی بەرپرسە نێودەوڵەتییەکە، زیاتر لە ٥٦٠ هەزار منداڵ گەڕابوونەوە بۆ خوێندن لە دامەزراوە پەروەردەیییە جیاوازەکاندا لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە، هەروەها زۆرێک لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە غەززە هێشتا لە کارکەوتوون.

 

سەرنجیشی بۆ گەورەیی و زۆریی پێداویستییە مرۆییەکان لە کەرتە وێرانبووەکەدا ڕاکێشا، لە کاتێکدا بودجە و هاوکاریی بەردەست لە ئاستی داواکراو کەمترە.