ناوەندی مەدا لە ماوەی یەک مانگدا ٥٢ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە فەلەستین بەڵگەدار دەکات
ناوەندی فەڵەستین بۆ گەشەپێدان و ئازادییەکانی ڕاگەیاندن "مەدا"، ٥٢ پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا لە فەلەستین بەڵگەدار کردووە.
ناوەندی هەواڵ
لە کاتی شەڕی غەززەدا ڕۆژنامەنووسان تووشی پێشێلکارییەکی قورس بوون، لەوانە بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆیان لە ڕێگەی بۆردوومان و کوشتن و دەستگیرکردنیانەوە، ئەمە جگە لە وێرانکردنی نووسینگە و کەرەستەکانی ڕاگەیاندن، ئەم پێشێلکاریانەش ئازادی ڕووماڵکردنیان سنووردار کرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان ڕۆژنامەنووس، ئەمەش وایکرد غەززە ببێتە یەکێک لە مەترسیدارترین ژینگەکان بۆ کاری ڕاگەیاندنی.
ناوەندی فەڵەستین بۆ گەشەپێدان و ئازادیی ڕاگەیاندنی "مەدا" لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا ٥٢ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە فەڵەستین بەڵگەدار کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پێشێلکارییانە بە بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم کە ٨٣ پێشێلکاری تۆمارکردووە، ٢٦٪ کەمبوونەوەی نیشانداوە، هۆکاری ئەم دابەزینەشی بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە گەڕاندووەتەوە.
سەرەڕای بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ڕۆژانەی ئیسرائیل، ناوەندەکە پشتڕاستی کردەوە، کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هیچ ڕۆژنامەنووسێک نەکوژراوە.
مەدا لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا ٩هێرشی جەستەیی دژی ڕۆژنامەنووسانی بەڵگەدار کردووە، کە "هەشت کەیس" لە کەناری ڕۆژئاوا ڕوویانداوە، ڕوونیشیکردەوە، کە لە ماوەیەکی کورتدا هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان تووشی هێرشی دووبارە یان ئاوێتە بوونەتەوە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕادەی ئەو بەئامانجگرتنە ڕاستەوخۆیەیە کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.
جگە لە پێشێلکارییە جەستەییەکان، ناوەندی مەدا ٢٧ کەیسی بەربەستی ڕاگەیاندنی بەڵگەدار کردووە کە ڕۆژنامەنووسان و گروپەکانی ڕاگەیاندنیان کردۆتە ئامانج، کە هەندێکیان چەندین جار ڕوویانداوە لەکاتێکدا ڕووماڵیان بۆ ڕووداوەکانی ناوچە جیاوازەکانی کەناری ڕۆژئاوا دەکرد، هەروەها ٢٤ لەو کەیسانە تەنها لە حەبرۆن تۆمارکراون.
مانگی ڕابردووش هێزەکانی ئیسرائیل ٧ ڕۆژنامەنووسیان دەستبەسەر کرد، لە هەنگاوێکی بێ وێنەدا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسێک لە شارۆچکەی بەیت عومەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕۆشتنی ڕۆژنامەنووسەکە بکەن بۆ ڕووماڵکردنی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەکە لە ٢٠ ی تشریمی دووەمدا.