سلێمانی
کۆنفرانسی ٤٠هەمینی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن "IAWRT" لە تایلەند ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامەو ئەمڕۆ کۆتایی دەێت، کە بە ناونیشانی "دادپەروەری جێندەریی لە جیاهنێکی ناکۆکدا" "Gender Justice in a Conflicting World" تیشکدەخاتە سەر جیاکاری ڕەگەزی و گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسانی ژن لە جیهانداو بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە کۆمەڵەکە ئەندامەکانی تێیدا هەیە.
ئاواز سەلیم، سەرۆکی لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن بۆ ئاژانسەکەمان وتی: لەم کۆنفرانسەدا نزیکەی ٣٥ ژنی ڕۆژنامەنووس لە زیاتر لە ١١ وڵاتەوە "عێراق، هیندستان، پاكستان، ئەفگانستان، ئوسترالیا، فلیپین، تایلەند، نیپاڵ، زیمبابۆی، بەریتانیا، نەرویج" بەشدارن و باس لە پیشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن لە وڵاتەکانیاندا دەکەن، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە جەنگ و نادادپەروەری بەردەوامەو ڕۆژنامەنووسان لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
لاڤە کوردە، وتەبێژی کۆمەڵەکە وتی: کۆمەڵەکە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق ١٢ ئەندامی هەیەو لە ئێستادا چوار ئەندام لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداری کۆنفرانسەکەن لە تایلەند، لەپاڵ باسکردن لە پیشێلکارییەکان و گرفتەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کوردستان و عێراق، باس لە تەواوی جیاکارییە ڕەگەزیی و کیشە یاساییەکان لە بەرامبەر ژنان بە گشتی دەکەن، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە توندوتیژی و دەستدرێژییەکانی کە بە یاسا لە عێراق بەرامبەر ژنان داندراوە بە ژنانی جیهان بگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەکە جیهانییەو ١٤ لق و زیاتر لە ٤٠٠ ئەندامی لە ٥٤ وڵاتدا هەیە، پابەندە بە بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی ژنان و بەشداریکردن لە راگەیاندندا، بەو پێیەی یەکسانی جێندەری بەبێ نوێنەرایەتی یەکسان لە بواری راگەیاندن و پەیوەندیکردندا بەدی نایەت.


















