لە لوبنان ژمارەی کوژراوانی هێرشەکان بۆ چوار هەزار و ٢١١ کەس بەرزبووەوە
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە فریاگوزاریەکانی وەزارەتی تەندروستی گشتی، کۆی گشتیی کوژراوانی هێرشە بەردەوامەکانی سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان لە ٢ی ئادارەوە گەیشتووەتە چوار هەزار و ١٩٢ کەس و ١٢ هەزار و ١٧١ کەسیش بریندارن.
ناوەمدی هەواڵ
گرژییەکان لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکانی لوبنان بە تایبەتی لە باشوور زیاتر دەبن، لە کاتێکدا تۆپبارانەکان سەرەڕای ڕاگەیاندراوی ئاگربەست بەردەوامن، هاوکات چۆڵکردنی دەیان گوندی سنووری لە ژێر قورسایی زیادبوونی هەڕەشەکاندا بەردەوامە، ئەمەش ترسی ململانێیەکی فراوانتر زیاتر دەکات.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕوونیکردەوە، بەپێی داتاکانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری تەندروستی لوبنان، ژمارەی کوژراوانی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە بۆ چوار هەزار و ٢١١ کەس بەرزبووەتەوە و ١٢ هەزار و ١٧٣ کەسیش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای تل دەبشە بەرەو دوحە کفر رمان لە ناوچەی نەبتیە کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون، هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دوو مووشەکی بێهۆشکەری خستۆتە سەر شارۆچکەی بەرەشیت لە بینت جبیل.
تەنها ڕۆژێک دوای کردنەوەی ڕێگای عەین عەرەب لە ناوچەی مەرجیون و گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ سەر ماڵ و حاڵییان، هێزەکانی ئیسرائیل فەرمانیان پێکردن کە جارێکی تر چۆڵی بکەن، ئەمەش شارۆچکەکەی خستە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانییەوە لە نێوان هەڕەشە و ترسەکانی ئیسرائیل لە چارەنووسی ئەو ماڵانەی کە بەم دواییە گەڕاونەتەوە، لە ڕووداوێکی جیادا لە شارۆچکەی نەبتیە فوقا لە باشووری لوبنان، هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە کۆمەڵێک کەس کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی لە ١٧ی نیسان ڕاگەیاندرا، تۆپبارانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکانی لوبنان ڕۆژانە بەردەوامە و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە، هەروەها ئیسرائیل بەردەوامە لە هۆشداریدان بە دەیان گوندی باشوور و فەرمانی بە دانیشتووانەکانیان کردووە کە چۆڵی بکەن و هەڕەشەی ڕووخاندنی ماڵەکانیان دەکات.