دووبارە کردنەوەی دۆسیەی ڕۆژڤەلات کیزماز پرۆفایلی گوماناوی دی ئێن ئەی ئاشکرا دەکات
ڕاپۆرتی پشکنینی جەستەی ڕۆژڤەلات کیزماز کە لە هەلومەرجێکی نهێنیدا گیانی لەدەستداوە، ئاستێکی نزمی دی ئێن ئەی پیاو دەرکەوتووە، کە لە نمونەیەکدا، لە یەکێک لە نینۆکەکانی وەرگیراوە، سەرەڕای ئەو پرسیارانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا سەبارەت بە بارودۆخی مردنەکەی وروژێنرا
ناوەندی هەواڵ
تەرمی ڕۆژڤەلات کیزماز، ژنە گەنجەکە، کە لە ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە هەلومەرجێکی نهێنیدا دیارنەمابوو، لە دەریاچەی ئیلیسو دۆزرایەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە مردنەکەی، دۆسیەکە بە بڕیارێک داخراوە کە تێیدا هاتووە "بەڵگەی بەس نییە بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دەسەڵاتی دادوەری".
لە کاتێکدا، کە کەیسی ڕۆژڤەلات کیزماز پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، ژننییوژ ڕاپۆرتی پشکنینی جەستەی دەستکەوت کە دوای مردنی ئامادەکرابوو، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە پرۆفایلی دی ئێن ئەی ”Y-STR” لە نمونەیەکدا، دۆزراوەتەوە کە لە نینۆکێکەوە وەرگیراوە، بە "دەستی چەپ ٥" ناودەبرێت، پێدەچێت هی ڕۆژڤەڵات کیزماز بێت، دەرکەوتووە کە نمونەکە ئاستێکی کەمی دی ئێن ئەی پیاو بێت، سەرەڕای جددیەتی ئەم زانیاریانە، پێناچێت هیچ لێکۆڵینەوەیەک بۆ ناسینەوەی خاوەنی نمونەکە ئەنجام درابێت.
هەروەها جێگای سەرنجە لە ڕاپۆرتی پشکنینی جەستەدا هیچ دەرەنجامێکی سەبارەت بە کاتی کۆچی دوایی ڕۆژڤەلات کیزماز لەخۆ نەگرتووە و زۆر پرسیاری بێ وەڵام ماوەتەوە، سەرەڕای نەبوونی ئەم زانیارییە چارەنووسسازە، بڕیاری داواکاری گشتی بۆ داخستنی دۆسیەکە بەهۆی کەمی بەڵگەوە هێشتا وەک خاڵێکی سەرنجڕاکێش ماوەتەوە و نهێنییەکانی دەوروبەری ڕووداوەکە زیاتر دەکات.
ڕۆژڤەلات کیزماز کێ بوو، چی بەسەر هات؟
لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دیارنەمانی خوێندکاری زانکۆ گوڵستان دۆکو لە دێرسیم لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٦ پێکهاتی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، تۆمەتەکان دەرکەوتن کە باس لەوە دەکەن گوڵستان دوکۆ دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و دواتر لەلایەن تورکای سونیل، کوڕی پارێزگاری ئەوکات تونجەلی سونیلەوە کوژراوە، هەرچەندە تا ئەمڕۆ تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
هەروەها ئەم پێکهاتانە تێوەگلانی چەند بەرپرسێکیان ئاشکرا کرد، لەوانە پاسەوانی پارێزگار، ئەفسەرانی پۆلیس، بەرپرسانی زانکۆ، سەرۆکی پزیشکی نەخۆشخانەکە و هەندێک کەسایەتی ناوخۆیی، لە پەردەپۆشکردنی دەستدرێژی و کوشتنەکەدا، ئەمەش دۆسیەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کرد و پرسیاری جددی لەبارەی ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانەوە دروستکرد.
دوایین پێکهاتەکان مردنی هاوڕێی نزیکی گوڵستان دۆکو، ڕۆژڤەلات کیزمازی تەمەن ٢٦ ساڵ، لە هەلومەرجێکی نهێنی و کەمتەرخەمییەکی ڕواڵەتی ئاشکرا کرد، سەرەرای ئەوەی کە خۆی دەرچووی زانکۆ بوو، بەڵام ڕۆژڤەلات کیزماز بۆ ماوەیەکی درێژ لە دێرسیم مایەوە و دوای دیارنەمانی گوڵستان دۆکو بە دواییدا دەگەڕا.
ڕۆژڤەلات کیزماز ڕۆژی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لە ماڵەکەی لە ناوچەی نەوتی ئیلەی بەجێهێشت و دوای سێ ڕۆژ لە دیارنەمانی تەرمەکەی دۆزرایەوە، سەرەتا خێزانەکەی ڕایانگەیاندوە، کە باوەڕیان بەوە نییە کچەکەیان خۆی کوشتبێت، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر لەسەر دۆسیەکە نەکراوە.