کەژەکە: بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کاتی ئەوەیە بازنەیەک لە ئاگر بگۆڕین بۆ بازنەیەک لە ئازادیی

کەژەکە دوای لە هەمووان کرد تیکۆشانینان دژ بە پیلانگێڕی بەرفروانتر بکەن و وتی: ڕێگەی سەرکەوتن، بەر لە هەر شتێک بەدەستهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرمانە کە خواستی شەهیدان و پێویستی پرۆسەی ئاشتییە. کاتی ئەوەیە بازنەیەک لە ئاگر بگۆڕین بۆ بازنەیەک لە ئازادیی.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" بە بۆنەی ٢٨ـەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای پەرەدان و بەرفراوانکردنی تێكۆشانی کرد و جەختی کردەوە دەبێت ژنان و گەل پێکڕا بە بەرزترین دەنگ داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن.

 

کەژەکە دەڵێت: ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر پیلانگێڕی و گێژاوەکانی سەرمایەدارییدا بە عەقڵێکی ستراتیژی و مێژووییەوە جووڵایەوە. بەر لە هەر شتێک، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە قڕکردن ڕزگاری بووە بپارێزرێت، هەروەها ڕزگاری بۆ هیچ قەوارەیەک بە تەنیا بەدی نایەت؛ ئەم ڕاستییەشی وەک 'یەکگرتنی دیموکراتیک' پێناسە کرد و پەیوەندی نێوان گەلان و داینامیکە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر بەهێز کرد. بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە مێژووییەکان، کۆمۆناڵیزمی لە قاڵبی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا نوێکردەوە و هاوکێشە سیاسییەکەشی لە شێوەی یەکگرتنی دیموکراتیکدا پێشکەش کرد.

 

ڕاگەیانراوەکەی کەژەکە:

"٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، یەکێک بوو لە وەرچەرخانە سەرەکییەکانی مێژووی قڕکردنی گەلی کورد. هاوپەیمانیی جیهانی-هەرێمیی هێزە نێونەتەوەییەکان و دەسەڵاتی ناوچەکە کە ڕێگەی بۆ قڕکردنی کورد خۆش کرد، وەک پیسترین و مەترسیدارترین پیلانگێڕی و هاوپەیمانی لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا چووە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە. ڕێبەر ئاپۆ کە لە ڕێگەی ئەم پیلانگێڕییەوە بەدیل گیرا، ماوەی ٢٨ ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی لەژێر دۆخ و هەلومەرجێکدا ڕاگیراوە کە هاوشێوەی لە مێژوودا نەبینراوە. ڕێبەر ئاپۆش لە بەرامبەر ئەم دۆخە و بەدیلگرتنەدا، بەرخودانێکی بێوێنەی نواند. بەر لە هەر شتێک، ئێمە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ و ئەم بەرخودانەی دەکەین کە ڕووناکی و هێزمان پێ دەبەخشێت و ڕێپیشاندەرمانە. پەیمان و پێداگریی خۆمان بۆ سەرخستنی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ دووپات دەکەینەوە.

 

لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، بە هەزاران شەهیدمان بۆ ڕێگریکردن لەم پیلانگێڕییە، لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ بوونە بازنەیەک لە ئاگر و خوێن. لە هەر ڕۆژێکی ئەم پرۆسەی پیلانگێڕییەدا کە ٢٨ ساڵە بەردەوامە، لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشانماندا شەهیدمان بەخشیوە. هەر یەک لە شەهیدەکانمان بەهایەکی مەزن و نموونەیەکی باڵای تێکۆشانن لە دژی ئەم پیلانگێڕییە. بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو شەهیدەکانمان دەکەینەوە، کە ڕێگەیان ڕووناک کردینەوە؛ ئەوان ئەو بەها مرۆییانەی کە لە پێناویدا گیانی خۆیان فیدا کرد، وەک میراتێک بۆ ئێمە بەجێهێشت. وەک ئەوانەی کە لە ژیاندا ماوینەتەوە، ئێستا نۆرەی ئێمەیە کە ئەم میراتە پیرۆز و مەزنە بەرەو بونیادنان، ڕزگاری و سەرکەوتن بەرز ڕاگرین. پەیمان و پێداگریی ئێمە بۆ ڕێبەرێتی و شەهیدانمان ئەوەیە کە ئەم ئەرکە مەزنە سەر بخەین. ڕێگەی سەرکەوتن، بەر لە هەر شتێک، بەدەستهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرەکەمانە. وەک ئەرکێکی مرۆیی لەسەر شانمانە کە بێ ئەوەی ئەم ڕاستییەمان لەبەرچاو ون بێت، پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم پووچەڵ بکەینەوە؛ ئەو بازنە ئاگرینەی شەهیدانمان لە دەوری ڕێبەرەکەمان دروستیان کرد، بگۆڕین بۆ بازنەی ئازادی. هەم پێشکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنی دیموکراتیک و هەم تێکۆشانی درێژخایەنی سۆسیالیزمی دیموکراتیک بەمەشەوە بەستراوەتەوە.

 

لە کاتێکدا بەرەو ساڵی ٢٨ـەمینی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی هەنگاو دەنێین، نەک تەنیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو تەواوی جیهان لە ناو بازنەیەکی ئاگریندایە. لە سەردەمێکی ئاوادا، هەڵسەنگاندنەوەی پیلانگێڕییەکە و جووڵانەوە لە دژی، چیتر تەنیا کێشەی کورد و هێزەکانی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی نییە. ئەو بوومەلەرزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە بەر لە ٢٨ ساڵ بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، ئێستا نەک تەنیا کاریگەری لەسەر کوردان هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش دادەنێت. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەگەڵ هەرەسهێنانی سۆسیالیزمی بونیادنراودا، لە ساڵانی نەوەدەکانەوە هەوڵ دەدات جیهان لەسەر بنەمایەکی نوێ دابڕێژێتەوە و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە سۆسیالیزمەوە هەیە لە هۆشی مرۆڤایەتیدا بسڕێتەوە.

 

سیستەمی قڕکەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە پێگەی مێژوویی و کاریگەریی ڕێبەرەکەمانی بینی، لەبەر ئەوەی ڕێبەر ئاپۆی وەک کۆسپێکی مەترسیدار لە بەردەم خۆیدا دەبینی، پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەکەی ڕێکخست. لەبەر ئەوەشە، ئامانجی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم و ئەو دەرئەنجامانەی کە لەگەڵ خۆیدا هێنای، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئاشکرا دەبن. پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی وەک ڕێباز و عەقڵییەتێکی پیس بەردەوام بوو و بەردەوامیشە؛ ئەمە تەنیا بە کات و شوێنێکی دیاریکراو سنووردار نەبوو، بەڵکو بوو بە شتێکی هەمیشەیی و لە دژی گەلان و ژنان بەکار هێنرا. ئەگەر مرۆڤ تەنیا سەیری ڕووداوەکانی پێنج ساڵی ڕابردوو بکات، لە ئەمریکای لاتینەوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانێت باشتر لە مەترسیداریی دۆخەکە تێبگات. هێزە نێونەتەوەییەکانی سەرمایە، ئەو هێزانەی کە ناتوانن کۆنترۆڵیان بکەن، لە ڕێگەی پیلانگێڕییەوە لە ناو بنبەستی شەڕدا دەیانهێڵنەوە و بەم شێوەیە بەردەوامی بە خۆیان دەدەن. ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر ئەمەدا بە عەقڵێکی ستراتیژی و مێژووییەوە جووڵایەوە. بەر لە هەر شتێک، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە قڕکردن ڕزگاری بووە بپارێزرێت، هەروەها ڕزگاری بۆ هیچ قەوارەیەک بە تەنیا بەدی نایەت؛ ئەم ڕاستییەشی وەک 'یەکگرتنی دیموکراتیک' پێناسە کرد و پەیوەندی نێوان گەلان و داینامیکە کۆمەڵایەتییەکانی زیاتر بەهێز کرد. بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە مێژووییەکان، کۆمۆناڵیزمی لە قاڵبی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا نوێکردەوە و هاوکێشە سیاسییەکەشی لە شێوەی یەکگرتنی دیموکراتیکدا پێشکەش کرد. ڕێبەر ئاپۆ کە هەر پیلانگێڕییەکی بە ستراتیژییەکی نوێی چارەسەری پووچەڵ کردەوە، نەک تەنیا سیستەمی سەرمایەداری، بەڵکو بەرەی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەشی کە لە دژی کاپیتالیزم تێدەکۆشن سەروبن کرد؛ ئەو هەوڵ دەدات ڕێگری لە پیلانگێڕییە نوێیەکان بکات و لەم پێناوەشدا تێکۆشانێکی بێوچان بەڕێوە دەبات.

 

هەروەک چۆن پیلانگێڕیی دژ بە ڕێبەر ئاپۆ لە سنووری کەسایەتییەکدا نەمایەوە و لە دژی تەواوی مرۆڤایەتی و ژنان بەڕێوە دەچێت، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆش تەنیا بابەتێکی کەسیی نابێت، بەڵکو دەبێتە ڕێگەی چارەسەری زۆرێک لە قەیرانەکانی ژنان و مرۆڤایەتی.

 

بۆ ئەوەی ئەندازیاری پرۆسەی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ بە جەستەیی ئازاد بکرێت و بتوانێت بەشداری لە سیاسەتی دیموکراتیکدا بکات، دەبێت زەمینەی یاسایی و سیاسی بخوڵقێنرێت. خوشک-برایەتی و ئاشتییەک لە تورکیا تەنیا یەک لایەنی گفتوگۆ و بەردەنگی هەیە، ئەویش ڕێبەر ئاپۆیە. مەرجە ئەم ڕێبەرایەتییەی کە لە لایەن هەمووانەوە ناسراوە و قبووڵکراوە، ئازاد بکرێت؛ ئەمەش بابەتێکە جێگەی گفتوگۆ نییە و بەبێ ئەو نابێت.

 

هەروەها پێویستە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت کە ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێکخەری (کۆوردیناتۆری) ئەو دەستەیەی لە چوارچێوەی یاسادا پێکهێنراوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. پێویستە مەرج و زەمینەی ئەوە بڕەخسێنرێت کە بتوانێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان و لە سەرووشیانەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمیستان کۆبوونەوە ئەنجام بدات، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت سەرنج و ڕوانگەکانی بگەیەنێتە هەموو کۆڕ و کۆمەڵێک، پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخستەنەکەی خۆیدا دروست بکات، پێگەی دیلبوون و گۆشەگیری بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنرێت و وەک ڕێبەری سیاسەتی دیموکراتیک، خاوەنی مەرجی گونجاوی تەندروستی و ئەمنی بێت.

 

وەک کەژەکە جارێکی تر جەخت دەکەینەوە کە ڕاستی و جەوهەری پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم و ئەو بێچارەیی، قەیران و بێستاتۆییەی کە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین؛ تا کۆتاییهێنان بەم بارودۆخی پیلانگێڕییە، تێکۆشانی خۆمان مەزنتر و گەشتر دەکەین. لەسەر ئەم بنەمایە، لە سەرەتادا لە ژنان و پاشان لە گەلەکەمان و هێزە دۆستەکانمان داوا دەکەین کە تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەم هێندەی تر بڵند بکەن، داواکاریی ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتی لە هەر کاتێک زیاتر و بەرزتر دەربڕن و بەبێ بەفیڕۆدانی کات ئازادیی جەستەیی بەدی بهێنن.