بوارى کاری ڕۆژنامەنووسانی ژن بەهۆی فشار و سانسۆرەوە تەنگتر دەکرێت

لە ڕاپۆرتی مانگی ئەیلوولی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی مەزۆپۆتامیا (MKG)دا ئاماژە بەوە کراوە کە فشارە دادوەرییەکان و سانسۆر لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ژن زیاد بووە و داوای ئازادکردنیان کراوە،

ناوەندی هەواڵ

 

 کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی مەزۆپۆتامیا (MKG) ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسانی ژن بۆ مانگی ئەیلوول بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەبێت دادگایی‌کردن و ترساندنی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی چالاکییە پیشەییەکانیان، ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیان و داخستنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانیان کۆتایی پێبهێنرێت و وترا: «دەبێت ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو ئازاد بکرێن و هەموو بەربەستەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لاببرێن.»

 

هەڕەشە، هێرش و سانسۆری دیجیتاڵی بوارەکەی کاری ڕۆژنامەنووسانی تەنگ کردووە

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە مانگی ئەیلوولدا فشار بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بووە لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ژن و هاتووە: «لێکۆڵینەوە و دۆسیەکان دژی چالاکییە ڕۆژنامەنووسییەکان، بەربەستەکانی بەردەم هەواڵ، دەستبەسەرکردن و گرتن، هەڕەشە و هێرش و سانسۆری دیجیتاڵی بوارەکەی کاری ڕۆژنامەنووسان تەنگ کردووە.

 

ڕووداوەکانی سەرانسەری مانگەکە نیشانیان دا کە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان و چالاکییە ڕۆژنامەنووسییەکان وەک بنەمایەک بۆ تۆمەتبارکردن بەکاردەهێنرێن. بەردەوامبوونی دۆسیەکان کە ساڵانە درێژەیان کێشاوە، کردنەوەی دۆسیەی نوێ و بەردەوامبوونی فەرمانی گرتن، نیشانەی فشاری دادوەریی بەردەوام بوو لەسەر ڕۆژنامەنووسان.»

 

فشارەکان لە بوارە دیجیتاڵەکە زیاد بوون

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەربەستەکانی بوارەکە مەرج و بارودۆخی کاری ڕۆژنامەنووسانیانیش دژوارتر کردووە. دەستێوەردان لە هەواڵەکان، دوورخستنەوەی ڕۆژنامەنووسان لە بوارەکە، هەڕەشە و هێرش نیشانیان داوە کە دەستگەیشتن بە هەواڵ ڕۆژ بە ڕۆژ سنووردارتر دەبێت و هاتووە: «لە مانگی ئەیلوولدا، بوارە دیجیتاڵەکەش یەکێک بوو لەو شوێنانەی فشار لەسەری زیاد بوو. دەستگەیشتن بە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی چەندین گرووپ، لەوانە هەژمارە کەسییەکانی ڕۆژنامەنووسان، دامەزراوە هەواڵییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، بەربەست کرا. ئەمەش لە هەمان کاتدا دەستگەیشتنی گشتی بە زانیاری سنووردار کرد.

 

فشار لەسەر ڕۆژنامەنووسان لە شوێنی کارەکانیانیش بەردەوام بوو. دەرهێنان لە کار، دەستدرێژی و مەرج و بارودۆخی خراپی کار، کاری بۆ ژنان دژوار کردووە کە بەردەوام بن بە بوونیان لە بواری ڕۆژنامەوانی.

 

ڕووداوەکانی مانگی ئەیلوول نیشان دەدەن کە ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ئامادەکردنی هەواڵ، کارکردن لە بوارەکە، لەژێر پرۆسە یاساییەکان و لە بوارە دیجیتاڵەکە لەژێر فشار دان. پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی ڕۆژنامەنووسان ناتوانرێت لە ئازادیی ڕاگەیاندن و مافی گشتی بۆ زانین جیا بکرێتەوە.

 

دەبێت دادگاییکردن و ترساندنی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی چالاکییە پیشەییەکانیان، ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانیان و داخستنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانیان کۆتایی پێبهێنرێت. دەبێت ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو ئازاد بکرێن و هەموو بەربەستەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان لاببرێن.

 

لیستی ڕۆژنامەنووسە ژنانی گیراو بەم شێوەیەیە:

• دەریا ئۆکاتان – ڕۆژنامەنووس

• خەدیجە دوومان – بەڕێوەبەری بەشی نووسین و خاوەنی ڕۆژنامەی ئاتیلیوم

• نادیە گۆربوز – سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی ئەکتین (ETHA)

• ئۆزدەن کینیک – کارمەندی TRT

• ئۆیا لالە ئۆزان ئارسلان – ڕۆژنامەنووس

• یەلیس ئایاز – خاوەنی ماڵپەڕی ئایدین پۆست

• سۆنگول یوجەل – بەڕێوەبەری گشتیی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ئۆنسۆز

• فاتما سیبەل گورجیخان – ڕۆژنامەنووس

• ئیرەم دەلیجە – هەواڵنێری ڕۆژنامەی دەنگ لە ئایدین

• توغبا تەکەرەک – ڕۆژنامەنووس

 

لە مانگی ئەیلوولدا پینار گایپ و ئەلیف بایبورت ئازاد کران، ئۆیا لالە ئۆزان ئارسلان و توغبا تەکەرەکیش گیران. دەریا ئۆکاتانیش لە ٢ی تشرینی یەکەمدا گیرا.