٥٦ وڵات و یەکێتی ئەوروپا داوای لابردنی سنووردارکردنەکان بۆ ژنانی ئەفغانستان دەکەن
لە یادی پێنجەمین ساڵیادی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ٥٦ وڵات و یەکێتی ئەوروپا داوای هەڵگرتنی خێرای سیاسەتی هەڵاواردن لە دژی ژنان دەکەن
ناوەندی هەواڵ
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان بڵاوکرایەوە، ٥٦ وڵات و یەکێتی ئەوروپا داوایان لە تاڵیبان کرد کۆتایی بە سیاسەت و بڕیارە جیاکارییەکانی بهێنێت کە ژنان ئەفغانستان دەکەنە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا کە لە پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەسەر هاودەنگی لەگەڵ گەلی ئەفغانستان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەردەوام بێت لە بەرژەوەندییەکانی بۆ پێشهاتەکانی وڵاتەکە.
ئەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر بەیاننامەکە کردووە، داوایان لە تاڵیبان کردووە سنووردارکردنەکانی سەر ژنان هەڵبگرێت و ڕێگە بە ژنان بدات بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و بەربەستەکانی بەردەم بەشداریکردنی تەواو و یەکسان و مانادارانەی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان لاببات.
هەروەها قەدەغەکردنی کارکردنی ژنانی ئەفغانی لە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕەخنەی زۆری لێگیرا و جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت ئەو سنووردارکردنانە هەڵبگیرێن.
ناسەقامگیری لە ئەفغانستان
لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە: نەبوونی حوکمڕانییەکی هەمەلایەنە لە ئەفغانستان، پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ، قەیرانی مرۆیی و ئابووری، هەڕەشەی ئەمنی و تیرۆریستی لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیری وڵاتەکەن. نابێت خاکی ئەفغانستان بۆ هەڕەشەکردن یان هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت. بە هەمان شێوە نابێت ڕێگە بدرێت ئاسانکاری بۆ پلاندانان، پارەدارکردن، داڵدەدان، یان ڕاهێنانی گروپە تیرۆریستییەکان بکرێت.
یارمەتی مرۆیی بە تەنیا ناتوانێت قەیرانەکە چارەسەر بکات
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەتەنها هاوکارییە مرۆییەکان ناتوانن قەیرانی ئەفغانستان چارەسەر بکەن، بۆ باشترکردنی هەلومەرجەکان بۆ هەمیشەیی، پێکهێنانی حکومەتێکی هەمەلایەنە، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەکانی بڕیاردان پێویستە، ئەمڕۆ پێبنج ساڵ بەسەر ١٥ی ئابی ٢٠٢١ تێدەپەڕێت، کە تاڵیبان دەسەڵاتی وەرگرتەوە و حکومەتی کۆماری لە ئەفغانستان ڕووخا لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و مرۆیی بێبەش کراون، چالاکییەکانی میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سنووردار دەکرێن و بەشداریی گشتی لە میکانیزمەکانی حوکمڕانیدا تا ڕادەیەکی زۆر نەماوە.
هەروەها نیگەرانییەکان سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ئەفغانستان و ئەگەری بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکە بۆ هەڕەشەکردن و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەردەوامە.