"یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزدی تەنها بۆ سەر کاغەزە و کردار نییە"

فەریدە شەنگالی ڕایگەیاند، دژی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدان، دژی گەڕانەوەی ئیدارەی پێشوون بۆ شەنگال، هەروەها یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزدی تەنها بە یاسای سەر کاغەز وەسفکرد، کە هیچ کردارێک نییە و دەبێت بە دەستی خۆیان مافی خۆیان بەدەستبهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٩ی تشرینی یەکەمی لە ساڵی ڕابردوودا، لە نێوان هەولێر و حکومەتی عێراقدا ئەنجامدرا، کە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە هەرێم و بەغدا ڕێکەوتوون، شەنگال لە ڕووی ئیدارە و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە بە هاوبەشی بەڕێوە ببەن، ئەمەش بەو واتاییەی کە ئیتر ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و ئاسایشی ئێزیدخان نەمێنێت.

 

ئەم ڕێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا هەر زوو لەلایەن هاوڵاتیانی و ژنان لە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگاوە لە زۆرینەی شارەکانی کوردستاندا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش ڕێککەوتنەکە هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری شەنگال نەکراوە و بەبێ ئاگاداری ئەوان ئەو بڕیارە دراوە.

 

فەریدە شەنگال، ئەندامی کۆمەڵەی پشتیوانی ژنان لە شەنگال، لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەوان دژی ئەو ڕێککەوتنەن، ئەو ڕێککەوتنە دەستی دەرەکی تێدایە، ئێمە دژی گەڕانەوەی ئەو ئیدارەیەی پێشووین کە لە شەنگالدا هەبووە، ئێمە لە دژی ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام هەڵوێستمان دەبێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوان هیچ ڕێزییان لە ئێزدییەکانە نەگرتووە، دوای ئەو هەموو کوشتن و قوربانیدانە، بەبێ ئاگاداری ئەوان ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە، ئەوانیش بەو ڕێککەوتنە ڕازی نین.

 

لەلایەکی دیکەوە، دەوڵەتی تورکیا بە مەترسییەک بۆ سەر شەنگال دەزانن، کە دەیەوێت داگیرییان بکات، بۆیە ئەوان نایانەوێت خاکەکان ببێتە مەیدانی جەنگ، لە کاتێکدا پێشتر پارتی ئەو ناوچانەی بۆ داعش بەجێهێشتووە، بۆیە خۆیان ئیتر پارێزگاری لە خاکی خۆیان دەکەن.

 

فەریدە شەنگالی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزدی کرد، کە لە یەکەم ڕۆژی مانگی ئاداری ئەمساڵدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی کرد، کە تەنها یاسا بەس نییە، بەڵکو دەبێت جێبەجێبکرێت، "ئەوان یاساکانیان تەنها لەسەر کاغەزە و کرداریان نییە".

 

ئەوەشی خستەڕوو، کە شەنگال تەنها ژنی ئێزدی لە شەنگالدا نییە، ژنی عەرەب و مەسیحیش هەیە، هەروەها ئەوان وەک کۆمەڵەی پشتیوانی ژنان لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکن بۆ یەکخستنی بیر و فیکری ژنان، تا کۆمەڵگا لەسەر دەستی ژنان پێشبکەوێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، ڕایگەیاند، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ناکەن تا پاڵپشتی ژنان بکات، چونکە هەر ئەوان بوون شەنگالیان بۆ تیرۆرستان بەجێهێشت و فرۆشتیانن، لەدوای ئەو هەموو قوربانیدانەش کەس دادگای نەکراوە و مافیان بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، ئەوان ئێستا هەوڵ دەدەن خۆیان مافی خۆیان بەدەستبهێنن.

ت.پ