پاشماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن سیمای شەقامەکانی تێکداوە

ماوەی زیاتر لە ١٩ ڕۆژە پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا شوێنەواری بانگەشە سەر شەقام و کۆڵانەکانی داگیر کردووە و سیمایەکی ناشرینی بە شار بەخشیوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- بە بۆنەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەرواری ١٠ی تشرینی یەکەم، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەیەکی بۆ کاندیدەکان دیاریکردبوو تا بانگەشەی تێدابکەن، کە لە ٨ی تەمموز تا ٧ی تشرینی یەکەم بوو، لەوماوەیەدا کاندیدەکان دەیانتوانی لەژێر بوونی کۆمەڵێک مەرج کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردبوو، بانگەشە بۆ خۆیان بکەن یەکێک لەوانە بریتیبوو لە "بەکارنەهێنانی ماددەی لکێنەر بۆ هەڵواسینی وێنەی کاندید و پۆستەری بانگەشە و نوسین لەسەر دیوار" هەروەها کۆمسیۆن بڕیاری دابوو لە پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بە ماوەی ٣٠ ڕۆژ هەموو جۆرە بانگەشەیەک لێبکرێتەوە و دیمەنی شار ناشرین نەکرێت.

 

مەریوان، یاریدەدەری کارگێڕی کۆمسیۆن لە ئۆفیسی سلێمانی، دەربارەی لێکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە ژنهای ڕاگەیاند: بە پێی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان پێویستە پاڵێوراو و کاندید و لیستە جیاوازەکان لە ماوەی یەک مانگ هەموو جۆرە بانگەشەیەک لە هەر جێگەیەک بێت لێیبکەنەوە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئەگەر بێتوو لەماوەی ٣٠ ڕۆژ پۆستەرەکان لێنەکرێتەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە هاوکاری شارەوانی هەڵدەستن بە لێکردنەوەی پۆستەرەکان بە بەکارهێنانی ئەو بڕە پارەیەی کاندید و لایەنەکان لای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دایانناوە وەک دڵنیاییەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن.

 

بەڵام زیاتر لە ١٩ ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ڕۆیشتووە و تا ئێستا لە چەندین ناوچە و شەقام فلێکسی تایبەت بە کاندیدەکان و چەنەدین بانگەشەی دیکە بەدیدەکرێت، زۆرینەیان بە هۆی ڕەشابەوە شکاون یاخود لەلایەن هاوڵاتیانەوە دڕێنراون و لێنەکراونەتەوە، بوونەتە هۆکار بۆ ناشرینبوونی دیمەنی شار هەروەها پیسبوونی ژینگە.

 

جگە لەوە، پۆستەر و بانگەشە دەبینرێت کە بە ماددەی لکێنەر بە عامودەوە لکاون، لەکاتێکدا کۆمسیۆن قەدەغەی کردبوو مادەی لکێنەر بۆ هەڵواسینی وێنەی کاندید و پۆستەری بانگەشە بەکاربهێنرێت.

 

ت.پ