لە ململانێی میراتییەوە بۆ بەرگریکردن لە مافی جووتیارانی ژن لە میسر
ئەسما مهران هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات کە ئەزموونی تایبەتی خۆی لەگەڵ میراتدا ڕۆژێک ببێتە دۆسیەیەک کە پاڵپشتی دەکات، ببێتە دەنگێک بۆ دەیان ژن کە لە گوندەکانی میسر ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبنەوە.
ئیمان سەمیر عەلی
میسر- دوای مردنی باوکی، ئەسما مهران خۆی بینیەوە کە تێوەگلاوە لە ناکۆکی خێزانی لەسەر میرات، بۆی دەرکەوت کە ڕێگای بەدەستهێنانی مافی خۆی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ئاسان نییە، کێشەکە ئەوەندەی یاسایی نەبوو، ئەوەندەی کۆمەڵایەتی بوو، چونکە هێشتا هەندێک داب و نەریت بانگەشەی ژن بۆ میراتەکەی وەک پێشێلکردنی نەریت سەیر دەکەن، تەنانەت ئەگەر ئەم مافە بە یاسا مسۆگەر بکرێت.
ئەسما مهران وتی: دایکی گەورەترین لایەنگری بووە، هەروەها ئاڵۆزییەکانی ناکۆکی میراتەکانیشی ئەزموون کردووە، بەڵام کۆمەڵگەی دەوروبەری بەو شێوەیە پشتگیریان نەدەکرد، ڕووبەڕووی ڕەخنە و تۆمەت بووەوە بەهۆی هاندانی ژنان بۆ سەرپێچیکردن لە خێزانەکانیان، تەنانەت هەندێک لە ژنانی بەتەمەن پێیان وابوو کە داکۆکیکردنەکەی بۆ مافەکانی ژنان دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و ناکۆکی لە نێوان خوشک و براکاندا هان بدات.
دەستپێشخەرییەک بۆ پشتگیریکردنی ژنانی جوتیار
سەرەڕای ئەمەش وازی نەهێنا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج و ژن کۆبووەوە بۆ دامەزراندنی دەستپێشخەریی "ست أمان"، کە ئامانج لێی پشتگیریکردنی ئەو ژنە جوتیارانەیە کە مافی خاوەندارێتی زەوی کشتوکاڵییان لێ داگیر دەکرێت یان لەکاتی کارکردن لە بواری کشتوکاڵدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڵاواردن دەبنەوە.
دەستپێشخەرییەکە بە گروپێکی بچووک کە لە پێنج کەس زیاتر نەبووە دەستی پێکرد و یەکەم هەنگاوی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی گوێگرتن بوو لە گوندی ”بلايزة" لە ئاسیوت، لەوێدا گوێی لە چیرۆکی ئەو ژنانە دەگرت کە لە ترسی لەدەستدانی خێزانەکانیان یان ڕووبەڕووبوونەوەی دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتی، بوێری ئەوەیان نەبوو داوای مافەکانیان بکەن.
وتیشی: لەم دانیشتنانەدا، بۆم دەرکەوت کە کێشەکە لەوە زیاترە کە ژنان لە میراتەکانیان بێبەش دەکرێن، هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەیان لە کێڵگەکاندا دەگرێتەوە، زۆرێک لە ژنانی جوتیار لە شوێنی کارەکانیان ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە و کێشەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان، لە کاتێکدا پیاوان لە وەرگرتنی ماددە بەرهەمهێنانەکاندا یەکەمایەتیان پێدەدرێت، هەرچەندە ژنان لە کشتوکاڵدا کاردەکەن و وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان پشتی پێدەبەستن.
ئەم ئاڵەنگاریە وای لە ئەسما مهران کرد کە مەودای دەستپێشخەرییەکەی فراوانتر بکات، کۆبوونەوەی هۆشیاری یاسایی، هەڵمەتی مەیدانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری کشتوکاڵی ڕێکخست بۆ جەختکردنەوە لەسەر مافی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی.
لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کشتوکاڵ، تێبینی ئەوەی کرد کە بەرنامەکانی مەشقی گونجانی کەشوهەوا زیاتر ئامانجیان پیاوانە، لەکاتێکدا ژنان تاڕادەیەکی زۆر لەم بابەتە دوورخراونەتەوە، بۆیە گرنگییەکی نوێی بۆ دەستپێشخەرییەکە زیادکرد: مەشقی ژنانی جوتیار لەسەر تەکنیکە کشتوکاڵییە سەردەمیەکان، وەک کشتوکاڵی جێگەی بەرز و ڕیسایکلکردنی پاشماوەی کشتوکاڵی و ئاژەڵان، ئەمەش یارمەتیان دەدا بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان و باشترکردنی بەرهەمهێنانیان.
لەنێو کاریگەرترین ئەزموونەکان بۆ ئەو چیرۆکی ژنێک بوو کە دەستپێشخەرییەکە یارمەتی دا بۆ وەرگرتنەوەی مافە یاساییەکانی بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی، دوای هەوڵی نێوەندگیری، پشتگیری یاسایی پێویستی وەرگرت و توانی دۆسیەکەی بباتەوە و زەویەکەی وەربگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی دواتر ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەوە بەهۆی داوای مافەکانی.
ئەسما مهران ئەم کەیسە بە بەڵگە دەزانێت کە زانیاری یاسایی و پشتیوانی کۆمەڵگە دەتوانێت گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ژیانی ژناندا بهێنێتە ئاراوە.
هۆشیاری و ئیرادە هەنگاوی یەکەمن
لەسەر ئاستی کەسی، ئەسما مهران توانی ڕێکارەکانی خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆی کۆتایی پێبهێنێت و ئێستا خاوەنی بەڵگەنامەی فەرمی لەگەڵ کارتی هەڵگرتنی کشتوکاڵییەکەیدایە، ئەم هەنگاوە بە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیدا پێناسە دەکات، چونکە متمانەی پێبەخشی کە مافەکان دەتوانرێت وەربگیرێتەوە ئەگەر لەگەڵ هۆشیاری و ئیرادەدا یەکبگرێتەوە.
ئەمڕۆ خەونی ئەوەیە "ست أمان” بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی تایبەتمەند کە خزمەت بە ژنانی جووتیار دەکات لە شارە جیاوازەکانی میسری، پشتگیری یاسایی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانیان بۆ دابین بکات، هەروەها ئەرکی ئەو هەرگیز داکۆکیکردن لە ململانێ نەبووە، بەڵکو بەهێزکردنی ژنان بووە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و بە پارێزراوی و بە کەرامەتەوە لە زەویەکانیان کاربکەن.
ئەسما مهران گەشتەکەی بە پەیامێک کۆتایی پێدەهێنێت و وتی: ئێمە بەدوای کێشەدا ناگەڕین، بەڵکو بەدوای مافەکانی خۆماندا دەگەڕێین، دەمانەوێت خاوەنی زەوییەکانمان بین، بی چێنین و بە پارێزراوی کاریان لەسەر بکەین، چونکە ژنانی جووتیار هاوبەشی سەرەکین لە گەشەپێدانی کشتوکاڵیدا، هەروەها مافی دەرفەت و دانپێدانان و دادپەروەرییان هەیە.