چیرۆکی ئەتککردن و سوکایەتی بە ژن

ژنان جگە لەوەی باری ژیانیان قورس دەکرێت، دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لەهەمان کاتدا دەبنە قوربانی تۆڵەی بنەماڵەکان و شکاندنی کەسێتی پیاوان، چیرۆکی بەهرە چیرۆکی سەدان ژنی ئەم هەرێمەیە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- دابونەریتی کۆمەڵگای کوردی لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی پیاوسالاری بنیادنراوە، ئەوەی دەسەڵاتی هەیە و خاوەن مافە پیاوانن، شکۆ، کەسایەتی و شەرەفی پیاو لەپێش هەر بابەتێکی دیکەوەیە، نابێت هیچ کەس دەست بۆ ئەو پیرۆزییانە ببات، هەموو ئەمانەش لە ژندا کۆکراوەتەوە.

 

پێنەدانی کچێک تا هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، شکاندنی کەسێتی پیاوە، ئاخر پیاوان نابێت کەسێتییان بشکێت چونکە پیاون، خاوەن دەسەڵات و هێزن، گرەو دەکەن لەسەر ژن، ئاساییە ئەی ژن موڵکی پیاو نییە؟!، ئەوەی لەناو دابونەریت و پیاوسالاریدا بێ نرخە ژنە، دەکوژرێت، دەسوتێندرێت، لەبری خوێن دەدرێت، لەسەرو هەمووشییەوە ئەتکدەکرێت، گرنگ ئەوەیە پیاو کەسایەتی (غرور)ی نەشکێت، ئیدی ژنان دەکەونە چ دۆخێکەوە گرنگ نییە.

 

چیرۆکی بەهرەی ١٨ ساڵ لە یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی

بەهرە، ژنێکی گەنجە تەمەنی کەمترە لە ١٨ ساڵە، پیاوێک بە ناوی هارون دەچێتە داوای، بەڵام خێزانەکەی بەهۆی بچوکی تەمەنی بەهرەوە ڕێگا بە هاوسەرگیرییەکە نادەن، ئەو پیاوە کە تەمەنی نزیکی ٢٣ ساڵ دەبێت چەندین جار دەچێتە داخوازی، خزم و کەسوکار و زۆرینەی کەسانی بنەماڵەکەی دەنێرینە داوای، بەڵام ماڵی باوکی بەهرە ئامادەنین کچەکەیان بدەنە هارون.

 

هارون خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانییە کە دابونەریت تێیدا تەواو زاڵە، بەردەوام وەڵام دانەوەی هارون بە "نەخێر" لەلایەن خێزانی بەهرەوە، وەک شکاندنی شکۆ و کەسایەتی لەلایەن هارونەوە لێکدەدرێتەوە، نەک نەگونجاوی ئەو دوو کەسە و تەمەنیان، وەک هەر پیاوێکی دیکەی ئەم نیشتیمانە، هەوڵدەدات ئەو کەسایەتی و غرورەی کە شکاوە بە هەر نرخێک بێت چاکی بکاتەوە.

 

هارون هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی دیکەدا دەکات، منداڵیان دەبێت، بەڵام هێشتا ختوکەی ئەوە لە مێشکیدا دێت و دەچێت، کە چۆن تۆڵەی خۆی لە بەهرە و خێزانەکەی بکاتەوە، لەبەر ئەوە بڕیاری فریودانی بەهرە دەدات و پەیوەندی لەگەڵ دروستدەکات، بە ناوی خۆشەویستی و نەتوانینی لەبیرکردنییەوە، دواتر پاش ١١ ساڵ لە پەیمانگا هارون و بەهرە یەکدەگرن.

 

بەهرە لە دڵپاکی خۆی و بەو هیوایەی کە پاش چەندین ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەشقی ژیانی دەکات، بێئاگا لە پیلانەکانی هارون بۆ ئەتککردنی و سەرباری ئەوەی هارون هاوژین و منداڵی هەیە، ڕازی دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵدا دەکات.

 

هاوسەرگیرییەکەی بۆ تۆڵە کردنەوە بوو لە ماڵی باوکی بەهرە

هارون دڵخۆش دەبێت بە جێبەجێبوونی پلانەکەی، دوای گواستنەوەی بەهرە بە یەک مانگ، ئیتر هارون پیلانەکەی تەواو دەکات، وەک مافێکی پیاوەتی خۆی بە بەهرە دەڵێت: "ئێمە ناگونجێین و جیادەبینەوە، من هاوسەر و منداڵەکەی خۆمم خۆشدەوێت"، دواتر بەبێ هیچ هۆکارێک لە دادگا بڕیاری جیابوونەوە دەدات، چەندین بیانوو دەهێنێتەوە، لە کۆتاییدا هارون دەڵێت: "وەک چۆن خێزانەکەی بەهرە پێش ١١ ساڵ وتیان مافی خۆمانە و بەهرە نادەین بە تۆ، منیش مافی خۆمە و ئێستا بەهرەم ناوێ".

 

بەهرە بەهۆی ئەو ڕووداوەی کە ناتوانێت باوەڕ بە چاوەکانی بکات، تووشی شڵەژانی دەروونی دەبێت، بەجۆرێک بەردەوام گریاوە نەیتووانیتەوە باوەڕ بەوە بکات کە هارون فریوی داوە، تا ئێستاش کەیسەکە لە دادگایە و کۆتایی نەهاتووە، پاش ساڵێک لە ئازار ئیتر بەهرە تازە خەریکە هەوڵدەدات ئەو دۆخە دەروونییەی تێیدایە تێپەڕێنێت.

 

چیرۆکی بەهرە چیرۆکی سەدان ژنی ئەم کۆمەڵگایایە کە تەنانەت ناتوانن لە دادگاشدا بیسەلمێنن سوکایەتییان بەرامبەر کراوە، بە تەنها ئازارەکانی سوکایەتی پێکردنیان لەسەر دڵیان کۆدەکەنەوە، لە سوچی ماڵەکانیاندا تەنها گریانیان بۆ دەمێنێتەوە.

تێبینی: بەهرە و هارون دوو ناوی خوازراون