ئیمان خەلیف هیواخوازە ئەکادیمیایەکی وەرزشی بۆ ژنانی جەزائیر بکاتەوە
ئیمان خەلیف، پاڵەوانی بۆکسێنی ئۆڵۆمپی لە میانی سیمپۆزیۆمێکدا لە بارەگای لیژنەی ئۆڵۆمپی و وەرزشی جەزائیر ئاماژەی بەوەکرد، کاردەکات بۆ کردنەوەی ئەکادیمیای وەرزشی ژنان بۆ ژنانی جەزائیر.
ناوەندی هەواڵ
ئیمان خەلیف، یاریزانی بۆکسێن، خاوەنی مەدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیاد لە کێشی ٦٦ کیلۆگرام لە ئۆڵۆمپیادی پاریس ٢٠٢٤٤، دوێنێ ٢٠ی تشرینی یەکەم لە بارەگای لیژنەی ئۆڵۆمپی و وەرزشی جەزائیر، سیمپۆزیۆمێکی بەناونیشانی "ئیمان خەلیف، چیرۆکێکی سەرکەوتن" بەڕێوەبردو وردەکاری پلانەکانی داهاتووی خۆی ئاشکرا کرد، لەوانە ئەوەی کە دەچێتە ناو جیهانی پیشەگەرییەوە.
پاڵەوانی ئۆڵۆمپیاد پێشبڕکێکانی داهاتووی سەبارەت بە پێشبڕکێ وەرزشیەکان ئاشکرا کرد کە لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێن و وتی: ئێستا هەموو پێشبڕکێکان ڕاگیراون، هەروەها وەک هەمووان دەزانن ئێمە گۆڕانکاریمان لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆکسێن کردووە و یەکێکی نوێمان داناوە بۆ بەشداریکردنمان لە ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس.
ئاماژەی بە نیازی خۆی کرد بۆ کردنەوەی ئەکادیمیای وەرزشی ژنان بۆ خانمانی جەزائیرو وتی: هیوادارم فیدراسیۆن پاڵپشتیم بکات بۆ بەدیهێنانی ئەم هەنگاوە، بەم نزیکانە دەچمە ناو جیهانی پیشەگەرییەوە.
ئەوەشیخستەڕوو، لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا ڕووبەڕووی چەندین تەحەددا و ئاستەنگی بووەتەوە، لە داهاتوودا چیرۆکەکەی دەبێتە ناونیشانی فیلمێکی دیکۆمێنتاری کە بەرجەستە و گێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەکات.
سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە سکاڵای یاسایی لەسەر هەندێک کەسایەتی سیاسی کە هێرشیان کردە سەری لەکاتی کێبڕکێی یارییە وەرزشییەکانی پاریس، ئیمان خەلیف وتی: زۆر کەس بەبێ سەرچاوە قسە دەکەن و هیچ زانیارییەکیان نییە، بەڵام هەموو بابەتەکانم سپاردووە بە حکومەت و لیژنەی ئۆڵۆمپی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دەستدرێژییەی کە کراوە، لیژنەی ئۆڵۆمپی تیمێکی پزیشکی تەرخانکردووە بۆ بەدواداچوون.