تیپی کاراتی کچانی سەیدسادق سەرەڕای سەرکەوتنە بەردەوامەکانیان بێ خزمەتگوزارین

تیپی کاراتی کچانی سەیدسادق بەشداری چەندین پاڵەوانێتییان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە کردووە، بەڵام هۆڵێکیان نییە ڕاهێنانی تێدا ئەنجام بدەن، ژنانی گەنجی وەرزشوانیش باس لە پاڵەوانێتییەکانیان و بەدەستهێنانی پلە نایابەکانیان بۆ ژنها دەکەن.

تیپی کاراتی کچانی سەیدسادق بەشداری چەندین پاڵەوانێتییان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دەرەوە کردووە، بەڵام هۆڵێکیان نییە ڕاهێنانی تێدا ئەنجام بدەن، ژنانی گەنجی وەرزشوانیش باس لە پاڵەوانێتییەکانیان و بەدەستهێنانی پلە نایابەکانیان بۆ ژنها دەکەن.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- بەشی کاراتیی یانەی وەرزشی سەیدسادق لە ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٦ وەک یەکەم گروپی هونەری بەرگری لەسەر دەستی شەهید ئەنوەر مستەفا دامەزرا، لەنێوان ئەو ساڵانەدا دوو جار یانەکە بۆ ماوەیەکی کەم  هەڵدەوەشێنرێتەوە و بەڵام لەلایەن ڕاهێنەرانی خەمخۆری وەرزشەوە بونیاد دەنرێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٦دا تەنها کوڕانی سەیدسادق بەشداری یانە وەرزشییەکە بوون، ژنانی گەنج بە ڕێژەیەکی کەم و ناوبەناو بەشداردەبوون کە نەچووەتە ئاستی تیپەوە، بەڵام لە کانونی دووەمی ٢٠١٦دا یانەکە لەسەر دەستی دوو ڕاهێنەر بنیاد دەنرێتەوە و تیپی کچانی کاراتی سەیدسادق دادەمەزرێنن.

لەماوەی ئەم ساڵانەدا ڕێژەیەکی زۆری یاریزانانی ژنی گەنج لە تەمەنی ٤-٢٠ ساڵ لە شارۆچکەی سەیدسادق بەشداریی لە تیپەکەدا دەکەن، سەرەتا ٧٠ وەرزشوانی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەکە دابەزیوە بۆ ٣٥ یاریزان، سەرەڕای ئارەزوو و خواستی زۆری بەشداربووان، بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆڵ و دابین نەکردنی پێداویستییەکانیانەوە وەرگرتنی یاریزان ڕاگیراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا ژنانی گەنجی وەرزشوان بۆ ژنها دەدوێن و نیگەرانن لە کەمتەرخەمییەکانی وەزارەتی وەرزش و لاوان و لایەنی پەیوەنیدار، هەروەها باس لە ڕۆڵی خێزان و کۆمەڵگە دەکەن لەبەردەم ژنانی وەرزشواندا.

ڕاز عەلی تەمەن ١٥ ساڵ یەکێکە لە یاریزانەکانی ئەو یانەیە و ماوەی ٥ ساڵە وەک بەشداربوویەکی چالاک بەردەوامە، بەشداری چەندین پاڵەوانێتی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانی کردووە، لە پاڵەوانێتی عێراقدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لەبارەی ڕۆڵ و هاوکاری خێزانەکانەوە وتی: سەرەڕای ئەوەی ئێمە خێزانەکانمان پشتگیریمان دەکەن بۆ بەردەوامی و سەرکەوتنەکانمان، بەڵام هەندێک لە خێزانەکان ڕێگری دەکەن لە بەشداریکردنی کچەکانیان لە وەرزشی کاراتیدا و دەڵێن: "کاراتی بۆ کچ نەکراوە".

 

راز وتیشی: لەلایەن کۆمەڵگاوە توانج و قسەی نەشیاو بە کچانی بەشداربوو لە یانەکە دەوترێت، بەڵام گرنگی پێنادەین چونکە ئامانجێکی گەورەمان هەیە.

ئەو یاریزانە ئاماژە بەوەدەدات کە گرفتی زۆریان هەیە لە تیپەکەیاندا: بەشداربووی زۆرمان هەیە، بەڵام هۆڵمان نییە بۆ راهێنان، تەنها هۆڵێکی بچوک و بێ خزمەتگوزاریمان هەیە.

ڕۆماس نوێکار تەمەن ٧ ساڵ، بچوکترین بەشداربووی یانەکەیە و ماوەی سێ ساڵە مەشق دەکات، خاوەنی پشتوێنی زەردە، هەفتەی سێ ڕۆژ دێت بۆ ڕاهێنان و لە ئێستادا بۆ پاڵەوانێتی خۆی ئامادەدەکات، دەڵێت: حەزدەکەم لە کاراتیدا ببم بە مامۆستا و بەشداری پاڵەوانێتی بکەم.

 

دەریا عومەر ماوەی ٥ ساڵە لە تیپی کاراتی یانەی وەرزشی سەیدسادق دایە و بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردووە، دەریا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەم بووە و بەشداری چەندین پاڵەوانێتی تری کردووە کە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

دەریا ناڕازیبونی خۆی لە وەزارەتی وەرزش و لاوان و لایەنی پەیوەندیدار دەردەبڕێت و دەڵێت: شوێنێکی بەردەستمان نییە وەک پێویست بتوانین ڕاهێنانی لێ بکەین و لایەنی پەیوەندیدار وەک پێویست ئاوڕی لێ نەداوینەتەوە و هاوکارمان نەبوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەنجامی باشمان هەبووە و بەردەوامین .

دەریا باس لەوە دەکات کۆسپ و ڕێگر زۆر هەن لەبەردەم بەشدارییان لە وەرزش و یانەکاندا لەلایەن کۆمەڵگە و خێزانەکانەوە، هەرچەندە بەشێک لە ژنانی گەنج بەسەر ڕێگرییەکاندا سەرکەوتوون، بەڵام هەندێکیان نەیانتوانیوە بەسەریدا سەرکەون، کە سەرەڕای بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بەڵآم کۆسپەکان بوونەتە هۆی وازهێنان و دورکەوتنەوەیان لێی .

سۆزیار ڕێبوار تەمەنی ١٨ ساڵە و پێنج ساڵە بەشداربووی یانەکەیە، بەشداری چەندەها پاڵەوانێتی کردووە و لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی عێراقیش بە پلەی یەکەم بووە، هەروەها بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتی ئێرانی کردووە.

سۆزیار خەونی گەورەی هەیە و ئامانجێتی لە داهاتوودا بەشداری لە پاڵەوانێتییەکانی وڵاتانی دەرەوە بکات.

 

بەشی کاراتی کچانی یانەی وەرزشی سەیدسادق لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئاستی ناوخۆی و عێراق و نێودەوڵەتی چەندین دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، ساڵی ٢٠١٨ یانەکە پلەی سێیەمی ئاستی عێراق هێناوە، لەسەر ئاستی تاکیش پلەی یەکەم، دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە، بەشداری کەمپی مەشق و ڕاهێنانیان لە وڵاتی ئێران کردووە.

ساڵی ٢٠١٩ پلەی یەکەمیان لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی کراوەی سلێمانیدا بە بەشداری ٦ وڵات و یانەکانی عێراق بەدەستهێناوە، لە کۆتای ساڵیشدا لە پاڵەوانێتی کوردستان لە شاری هەڵەبجە توانییان بگەنە ئاستی کۆتایی.

 

ت.پ