بڵاوبوونەوەی کەیسی دەسترێژی بۆ سەر وەرزشوانان چ کاریگەرییەک دروست دەکات؟

بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ڕاهێنەری یانەیەک بە تۆمەتی دەستدرێژی و هەڕەشە لە کچە وەرزشوانەکان کاردانەوەی لێکەتووەتەوە، وەرزشوانانیش نایشارنەوە تا ئێستا لە دیاریکردنی ڕاهێنەردا ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان بە هەند وەرناگیرێت، تەنها گرنگی بە لایەنی وەرزشی دەدرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە شەوی ٢٤ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی لە پەڕەی فەرمی خۆیدا ڕاگەیاند، بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن چەند کچە یاریزانێکەوە، "سیروان حامید" بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراوە.

 

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ٣٩٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارەی ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ دەستگیرکراوە، ئەو ماددە یاساییەش تایبەتە دەستدرێژی کردنە سەر ئابڕووی کەسەکە یاخود خودی دەستدرێژی کردنە.

 

ماددەی ٣٩٦ پێکهاتووە لە دوو بڕگە پێکهاتووە:

١ـ سزادەدرێ بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە حەوت ساڵ یان بەندکردن، ئەوەی بە بەکارهێنانی هێز یاخود هەڕەشەکردن یان فێڵ یاخود بە هەر جۆرێکی تر لە جۆرەکانی ناڕازیبوون دەستدرێژی کردە سەر ئابڕووی کەسێکی نێرینە یان مێینە یان دەستیکردبێ بە دەستدریژی کردنە.

٢ـ ئەگەر هاتوو تاوانلێکراو تەمەنی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ یان ئەنجامدەری تاوانەکە لە کەسانی (خزمانی تاوانلێکراو، ئەو کەسانەی پەروەردەکردنی تاوانلێکراوی پێسپێردرابوو، ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان بەسەر تاوانلێکراودا هەبوو، کەسێک لە فەرمانبەر یان ئەرکی خزمەتی گشتی، پیاوانی ئاینیی، پزیشک بوو) ئەوا سزاکەی دەبێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە ١٠ ساڵ.

 

ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە دەنگۆی بوونی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان و مێردمنداڵانی یانە وەرزشییەکان لە یانەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بڵاوبووەتەوە، پێشتریش لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانەوە ئەو بابەتە وروژێندرا.

 

کاریگەری بڵاوبوونەوەی ئەم کەیسانە لەسەر وەرزشی ژنان

لە هەرێمی کوردستاندا و بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دوایدا ژنانی گەنج زیاتر هاتوونەتە ناو بواری وەرزشیەوە و لەلایەن خێزانەکانیشەوە کرانەوەیەکی بەرچاو هەبووە بۆ بەشداری کچان لە وەرزشدا، بەڵام ئەم ڕووداوە کاریگەری کردووەتە سەر ئەو پێشکەوتنەی ژنانی گەنج لە وەرزشدا.

 

شەمام شوانی، وەرزشوان و ڕاهێنەری هەڵبژاردەنی عێراق بۆ گوڕەپان و مەیدان بۆ ساڵی ٢٠٢١، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند، بڵاوبوونەوەی ئەم کەیسانە ئەگەر ئەنجامەکەی هەرچیەک بێت، دەکرێت ببێتە هۆکارێک تا مەرج بۆ ڕاهێنەرایەتی دانبرێت، یەکێک لەسەرەکیترین مەرجەکانیش لایەنی ڕەوشتی ئەو ڕاهێنەرە بێت.

 

هەر وەک شەمام شوانی باسی دەکات، بڵاو بوونەوەی ئەم بابەتە کاریگەری دەکاتە سەر بەشداری ژنانی گەنج لە یاریکردندا، کە خێزانەکان دەترسن جارێکی دیکە منداڵەکانیان بەشداری پێبکەن، ئەو هەنگاوە کەمەی کە نراوە لە بواری پێشکەوتنی وەرزشی ژنانی گەنجدا دەکرێت بەو هۆیەوە بگەڕێندرێتەوە دواوە.

 

ئەو ڕاهێنەرە پێی وایە ئەوەی گرنگە بە کردار کار بۆ دیاریکردنی کۆمەڵێک مەرج بۆ کاری ڕاهێنەرایەتی دابنرێت، نەک تەنها قسەیەکی لیژنەی ئۆڵۆمپی بێت، پێویستە مەرج دابنرێت بۆ یانەی مێرمنداڵان و ژنانی گەنج کە دەبێت ڕاهێنەر یان سەرپەرشیاری و یاریدەدەری ڕاهێنەر ژن بن، لەبەر ئەوەی کاریگەری تەواو دەکاتە سەر بەهێزبوونی متمانەی خێزانەکان بە وەرزش و کچان دەتوانن زیاتر بێنە ناو بواری وەرزشەوە.

 

یانەی سیروانی نوێ چی دەڵێت؟

ئەو ڕاهێنەرەی دەستگیرکرا، ڕاهێنەری یاری گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێ بوو، لەم بارەیەشەوە بڕیار عەباس لە ڕاگەیاندنی یانەی سیروانی نوێ، بە ژنهای ڕاگەیاند، لە یانەکەدا هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە نییە، لە ئێستاشدا لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی سلێمانی و لیژنەیەک لەناو یانەکەدا بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە پێکهێندراوە، لە دادگاشدا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا هیچ گومانێکمان لەبارەی ئەو دۆخە نەبووە، هیچ کچە یاریزانێک سکاڵای لەو بارەیەوە دەرنەبڕیووە، هەر کەسێکیش تاوانبار دەربچێت بە سزای خۆی دەگات.

 

"لە جیهاندا بە ڕاهێنەر دەوترێت بەخێوکەر"

لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا هیچ یاساییەکی تایبەت بە وەرزش نییە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ژنها کەوتووە، لە کاتی دیاریکردنی کەسێک بۆ ڕاهێنەرایەتی یانەیەک، ئەوەی گرنگی پێدەدرێت بابەتی ڕاهێنەرایەتی و وەرزشە و هیچ گرنگی بە ڕەوشت و لایەنی کۆمەڵایەتی ئەو ڕاهێنەرە نادرێت.

هەردە ڕەئوف، ئەندامی کۆمیتەی جێبەجێکاری لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، لەو بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە کاتی هەڵبژاردنی کەسێکدا بۆ ڕاهێنەرایەتی، تەنها ئەوەی گرنگی پێدەدرێت لایەنەی هونەری و وەرزشیەوە، گرنگی بە لایەنی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی ئەو ڕاهێنەرە نادرێت.

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئۆڵۆمۆپیاد نایشارێتەوە گەورەترین کێشەیان ئەوەیە بەهۆی ئەو دۆخەوە ئێستا لەلایەن خێزانەکانی وەرزشوانەکانەوە نیشانەیەک پرسیار خراوەتە سەر یانە و ڕاهێنەرەکان.

 

جەختی لەوەشکردەوە، ئەو ڕووداوە دەبێتە هۆکارێک تا کۆمەڵێک مەرج بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە دەبنە ڕاهێنەر، بەتایبەت لەو یانانەی کچان یاخود مێرمنداڵانن، بەپێویستیشی زانی کە یانەکان ئاگاداری سیڤی ڕاهێنەرەکانیان بن، لەبەرئەوەی ڕاهێنەرانەیەتی ئەرکە و لە زۆرینەی وڵاتاندا بە ڕاهێنەر دەوترێت "بەخێوکەر".

ت.پ