ژنان بەیەکەوە پیادەڕەوی دەکەن

بە دەم قسە و پێکەنینەکانیانەوە بوونەتە هاوڕێی ڕێگا دوور و درێژەکان، بەیەکەوە زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتر دەبڕن، وێڕای سوودی تەندروستی لە ڕووی دەروونیەوە سوودێکی زۆریان بینیووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کە دەست بە گەشتەکەیان دەکەن هێشتا دنیا تەواو تاریکە، کەشوهەوا تا ڕادەیەک ساردە، زۆرینەیان چاکەتێکیان لەبەردایە، جانتایەک بە پشتیانەوە، کە ئاو و کڵاوێکی بۆ کاتی خۆر دەرکەوتن تێدایە، هەمووان دوو دوو سێ سێ بەیکەوە دێن و بە هاوڕێیانە دەڕۆن.

 

ڕێگایەکی دوور و درێژیان لەبەردەمدایە، لەگەڵ هەر هەنگاوێکیاندا چیرۆکەکانیان بۆ یەکتر دەگێڕنەوە، پێدەکەنن، خەمەکانیان بۆ یەکتر باس دەکەن، زۆرینەیان لەم گروپەدا سەرەتا نەناسراو بوون، ئیتر ئێستا بوونەتە هاوڕێ و ڕێگا دوورەکان بە قسە و پێکەنین کورت دەکەنەوە.

 

گروپی "پیادەڕەوی خانمانی سلێمانی" نزیکی ساڵێکە لەلایەن ناهیدە ئەحمەد و چیمەن عوسمانەوە دامەزراوە، کە خۆیان خاوەنی هۆڵێکی لەشجوانین، پێشتر چالاکی پیادەڕەویان تایبەت بە بەشداربوانی هۆڵەکە بووە، بەڵام دواتر بەهۆی زۆری خواست لەسەر چالاکی پیادەڕەوی ئەم گرووپە دادەمەزرێنن، هەفتانە لەگەڵ زیاتر لە ٥٠ ژن چالاکی پیادەڕەوی ئەنجام دەدەن، بە پێ نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ کیلۆمەتر دەبڕن.

ناهیدە ئەحمەد، یەکێکە لە بەڕێوەبەرانی گروپەکە، باس لەوەدەکات کە دەیانەوێت ژنانی سلێمانیش بێبەش نەبن لە چالاکی پیادەڕەوی، چونکە ئەو وەرزشە سوودی زۆرە.

 

وەک ناهیدە باسی دەکات، ئەو وەرزشە بۆ ئەو کەسانەشی کە ئازاری ئەژنۆ و پشتیان هەیە گونجاوە، چونکە ئەوان بە هەورازدا ناڕۆن و زۆرینەی پیادەڕەویەکیانیان بە ڕێگای تەختدایە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام فریاگوزاری سەرەتاییان پێیە، ئۆتۆمبێلی تایبەتیش لەگەڵیان دەڕوات، تا ئەگەر کەسێک ماندوو بوو یان نەیتوانی هاوکاریی بکەن.

لەگەڵ بەردەوامی و ماندوویەتی ڕێگاکانیاندا لا دەدەن و وێنە و یادگارییەکانیان تۆمار دەکەن، لە بەری ڕووەکە سروشتیەکانی وەک تووتڕک دەخۆن و لە کانیاوەکان خۆیان فێنک دەکەنەوە، لە نێوان هەر دوو کیلۆمەترێکیشدا پشوویەکی کورت وەردەگرن.

نیشتیمان محەمەد، تەمەنی ٥٩ ساڵە، ماوەی حەوت مانگە لەگەڵ گرووپەکەدا هەفتانە گەشت دەکات، باس لەوەدەکات هەمووان وەک خێزانێکن، لە سەرەتادا بەشداریی کردووە کەسی نەناسیووە، ئێستا هەمووان بوونەتە هاوڕێ و کەسوکار بۆی، لە ڕووی دەروونی و تەندروستیشەوە چەندین سوودی بینووە.

نەسرین حەسەن، یەکێکی دیکەیە لە بەشداربوان، نزیکی هەشت مانگە بەشداربووە لەگەڵ گروپەکەدا، ئەو ئاسوودە و دڵخۆشە بە بەشداری لەگەڵ گرووپەکەدا، هەمووان وەک هاوڕێن و ئاگایان لە یەکترە و یەکتر جێناهێڵن، بە گوێرەی توانیان دەڕۆن.

ت.پ