سێ خوشک دەبنە پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورسایی

هەرچەندە سێ خوشک بەهۆی وەرزشکردنیان لە بەرزکردنەوەی قورسای ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، بەڵام لە هەوڵدان نەوەستاون و بەردەوامن لە وەرزشەکەیان بە جۆرێک توانیویانە ببنە براوەی چەندین خەڵاتی جۆراو جۆر.

ناوەندی هەواڵ

 

سێ خوشکی عێراقی چەندین میدالیای زێڕ و زیو و برۆنزیان لە پێشبڕکێی بەرزکردنەوەی قورسایی بەدەست هێناوە، ئەم سێ خوشکە بەر لە چوار مانگ لەسەر گۆڕەکەی باوکیان بەڵێنیان بە باوکیان داوە کە لە وەرزشی بەرزکردنەوەی قورسایی بەردەوام ببن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

 

ئۆشین موحسین تەمەن ٢٤ساڵ، ئیسرا تەمەن ٢٢ ساڵ و ئیناس ٢٠ ساڵ بەردەوامن لە وەرزشەکەیان، هەرچەندە بەردەوام ڕەخنەیان لێدەگیرێت چونکە ئەو وەرزشە بە وەرزشێکی پیاوانە دانراوە لەلایەن کۆمەڵگەوە، ئەوانیش بەرامبەر هەموو ڕەخنەکان دەڵێن "ژنان دەتوانن مەحاڵەکان بەدیبهێنن".

ئۆشین ٦ مەدالیای زێڕی بەدەستهێناوە

ئۆشین بەشداری ئەو پێشبڕکێیانەی کردووە کە لەم چەند ساڵی دواییدا لە عێراق بەڕێوەچووە، زۆرینەی کات لە پلەی یەکەمدا بووە و تا ئێستا ١٢ جار لەپاڵەوانێتیە ناوخۆییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئۆشین یەکەمین بەشداریکردنی لە ساڵی ٢٠١٠ بووە و تا ئێستا توانیویەتی شەش مەدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت، زۆرترین ئەو قورساییانەی بەرزیکردووەتەوە ٨٥ کیلۆیی بووە.

 

ئیسرا ٢٧ مەدالیای زێڕی بەدەستهێناوە

ئیسرا یەکێکە لە سێ خوشکەکە و تەمەنی ٢٢ ساڵە، ٢٧ مەدالیای زێڕی بەدەستهێناوە و پلەی یەکەمی لە هەموو پێشبڕکێ نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا هەیە، جگە لەمانە بەشداری لەگروپە لاوەکان و بەرزکردنەوەی ٧٠ کیلۆدا کردووە.

 

دەڵێت "ڕۆژانە سێ بۆ چوار کاتژمێر لەگەڵ دوو خوشکەکەی ڕاهێنان دەکات، بەڵام گلەیی لەوە دەکات کە هیچ شوێنێک نییە مەشق بکات، هەروەها نەبوونی کەرەستەی پێشکەوتوو بۆ وەرزشەکەیان، وەک وڵاتانی دیکە"، ئاماژەی بەوەشدا، داواکارییەکانیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغداوە پشتگوێ دەخرێت.

 

ڕاهێنانی ئەم سێ خوشکە لەم وەرزشەدا بۆتە هۆی ئەوەی کە چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەیان بۆ دروستبکرێت وەک ئەوەی پێیان دەوترێت "وەک پیاون"، بە تایبەتی ئەو کاتانەی ماسولکەکان لە جەستەیاندا تەواو دەردەکەوێت.

 

ت.پ