پاڵەوانێتی کیوکوشینکای بەڕێوەچوو

پاڵەوانێتی کیوکوشینکای لەلایەن یەکێتی کیوکوشینکای کوردستان ئەنجامدرا، کە ٧٠ یاریزان لە تازە پێگەیشتووان بەشدارییان کردووە، دوو لە کچەکانیش بوونە یەکەم.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شار، لە شاری سلێمانی پاڵەوانێتی بۆ ٧٠ تازە پێگەیشتوو ئەنجام درا، کە ٥٥ کوڕ بوون، ١٥ کچ بوون، منداڵانی لە تەمەنی ٦ ساڵ بۆ ١٧ ساڵ بەشداربوون لە پاڵەوانێتییەکەدا.

یاری کیوکۆشن واتە (کۆتایی ڕاستییەکان)، جۆرێکە لە هونەری بەرگری، لە بنەڕەتدا لە وڵاتی ژاپۆن سەریهەڵداوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ هێنراوەتە هەرێمی کوردستان، چەند پلەیەک لە پشتێنی سپییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە پشتێنی ڕەش، لە دوای پشتێنی ڕەش بە چەند خەتێک پلەی ئەو یاریزانە بەرز دەبێتەوە، بەرزترین خەتیش ٩ خەتە(دان)، تەنها سەرۆکی یاریەکە لە تەواوی جیهاندا ٩ دانی هەیە.

یاری کیوکۆشن دوو جۆری یاریکردنی هەیە، کاتا و کۆمیتە، کاتا تەنها نمایشکردنی جوڵەکانە، کۆمیتەش ڕووبەڕووبوونەوەی دوو یاریزانە، ئەوەی ئەمڕۆ لە پارکی هەوار شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، لە جۆری کاتایە.

 

سومەیە هێمن، یەکێکە لە یاریزانەکانی ئەم پاڵەوانێتییە، لە تەمەنی ٣ ساڵیەوە یاری دەکات، خاوەن پشتێنی ڕەشی دوو دانە، بەشداری پاڵەوانێتییەکەی کردووە، باس لەوەدەکات ئەو پێشتر لە وڵاتی ئێران بەشداری پاڵەوانێتی کردووە، بڕیاربوو ئەم ساڵ بۆ پاڵەوانێتی بچنە وڵاتی یابان، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیانتوانیووە بچن، پێی وایە کە ئەم یاریە یارمەتی بەهێزبوونی مێشکی دەدات، هەروەها هاوکاری بەهێزبوون و بەرزبوونەوەی بەرگری لەش دەکات.

 

لە کۆتایی پاڵەوانێتیەکەدا، نگین ناسر تەمەن ١٥-١٦ ساڵ، پرژە ئارام ١٤-١٥ ساڵ، نالی نەوزاد ١٠ ساڵ، ئەنەس هێمن ٦ ساڵ بوونە یەکەمی پاڵەوانێتیەکە.