مەلەکردن هۆکارە بۆ تەندروستیەکی باشتر و دەروونێکی ئارامتر

مەلە کردن سودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت و هۆکارە بۆ دەروونێکی ئارامتر، شای ڕاهێنەر پێی وایە بەشێکی گرنگی ژیانە و دەبێت هەموو کەسێک ئەنجامی بدات.

 

شنیار بایز

سلێمانی- مەلە کردن یەکێکە لە وەرزشە بەسودەکان، لە ئاست وەرزشەکانی دیکەدا لە پلەی چوارەمدایە، وەرزشێکە تەمەن و ڕەگەزی بۆ دیاری نەکراوەو هەموو کەسێک دەتوانێت ئەنجامی بدات بەڵام بە چ شێوازێک ئەنجام دەدرێت ئەوە گرنگە، مەلەکردن لە ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی لەلایەن پزیشکەکانەوە بە نەخۆش دەدرێت لەوانە "ئینزیلاق، فەقەرات و ئازاری ئەژنۆکان".

لە مەلەکردندا هەموو بەشەکانی جەستە بەشدارن، هەر بۆیە ماسولکەکان توندەکاتەوە و هێز بە ماسولکەکان دەبەخشێت، یارمەتی بەهێزبوونی کۆئەندامی دڵ و ملولەکانی خوێن دەدات، هەروەها پەستان و شەکرەی خوێن ڕێکدەخات، هۆکارێکە بۆ زیاتر سوتاندنی کالۆری جەستە و دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش.

جگە لەم سودانە کرداری ڕێکخستنەوەی خەو جێبەجێدەکات، ئەو کەسانەی لە تەمەنێکدان و کێشەی خەوتنیان هەیە بە ئاسانترین شێوە لە ڕێی مەلەکردنەوە دەتوانن خەویان ڕێکبکەنەوە.

 

"ژنان گرنگی بە مەلەکردن دەدەن"

شای ئومێد، ڕاهێنەری مەلەکردنە و پێی باشە گشت هاوڵاتیان ئەو وەرزشە ئەنجام بدەن چونکە گاریگەری تەواو ئەرێنی لەسەر جەستە و دەروون دروست دەکات، دەڵێت "بۆ هەموو تەمەنێک دەبێت و منداڵان دەتوانن لە تەمەنی ٥ ساڵانەوە بەشداری خولەکان بکەن تا فێر ببن".

مەلەکردن بۆ هەر مەبەستێک بێت نابێت لە کاتژمێرێک و ٣٠ خولەک زیاتر بێت، دوای مەلەکردن گرنگە جاکوزی و هەڵم و ساونا بکرێت.

ئاماژەی بەوەدا تەنها یەک شێوازی مەلەکردن نییە بەڵکو باسکە مەلە، پشتە مەلە، سنە مەلە و فەڕاشە مەلە هەیە، لەناو ئەو شێوازانەدا باسکە مەلە بۆ هەموو کەس و تەمەنێک دەبێت، هەروەها پشتە مەلە بۆ منداڵان زۆر باشە چونکە بەردەوام دەتوانێت هەناسە بدات و ناڕەحەتی ناکات.

 

"مەلەکردن بێ جیاوازیی بۆ هەموو کەسێک دەشێت"

یەکێکە لەو وەرزشانەی بۆ هەمووان دەبێت بێ جیاوازی تەنانەت ئەگەر کەسەکە نەخۆش بێت یاخود بەشێکی جەستەی نەشتەرگەری پێوەبێت، وەک شای ئاماژەی پێدا شێوازی تایبەتی خۆی هەیە و نابێت خۆی بەراورد بکات بە کەسێکی ئاسایی و هەندێک جوڵە و تەکنیک هەن بۆ ئەو کەسانە ڕێگەپێدراو نین.

هەرکەسێک کێشەی فەقەرات و ئینزیلاقی هەبێت باشترین شێوازی مەلە "پشتە مەلە"یە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی "زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانمان دەکەن لەلایەن پزیشکەوە نێردراون کە دەبێت بە شێوازی تایبەتی کە بۆیان دانراوە مەلە بکەن، هەندێک هەن تەمەنیان زۆرە فێربوونیان مەحاڵ نییە بەڵام زەحمەتە بۆیە تەنها ڕۆشتنیش بێت لەناو ئاودا سودی زۆری هەیە بۆیان".

لەگەڵ ئەوەی مەلە سودی هەیە بۆ دابەزاندنی کێش بەڵام شای ئاماژەی بەوەدا، مەلە هۆکارێکە بۆ دابەزاندنی کێش بەڵام بە بەراورد بە وەرزشی لەشجوانی نا، چونکە لەو وەرزشەدا قورسایی بەکاردەهێنرێت بۆیە کێش زیاتر دادەبەزێت هەروەها نابێت لەدوای مەلەکردن خواردنێکی زۆر بخورێت چونکە هیچ سودێکی نابێ.

 

"گرنگە منداڵ فێری مەلەکردن بکرێت"

ئەو ڕاهێنەرە ئەوەشی خستەڕوو منداڵان لەپێناو چالاکردنی جەستە و مێشکیان پێویستە فێری مەلەکردن بکرێن، دواڕۆژ سودی تەواو بە جەستە و دەروونیان دەگات، هەر منداڵێک بیەوێت تەواو فێری مەلە ببێت دەبێت لە پێنج ساڵیەوە ڕاهێنان بکات.

جیا لەوەش بۆ دایکانی دووگیان گرنگە مەلە بکەن، ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن هۆکارە بۆ لەبارچوونی منداڵ دوورن لە ڕاستیەوە، هانی لەدایکبوونی کۆرپە دەدات بە شێوەیەکی ئاسانتر، هەر دایکێک مەلە نەزانێت دەتوانێت هاتووچۆی هێواش بکات لە ئاودا یاخود ئەوانەی مەلە دەزانن بە شێوازێکی گونجا و لەسەر خۆ دەتوانن هەموو شێوازەکانی مەلە بکەن.

بەڵام بە مەرجێک لە سەرەتای دووگیانیدا نەبێت چونکە ڕێگەپێنەدراوە بەڵام لە کۆتاییەکاندا زۆر ئاساییە وەک شای دەڵێت "ژن هەبووە هەفتەیەک بەر لە منداڵبوونی مەلەی کردووە".

 

"بێ دوودڵی ژنان با بێن مەلە بکەن"

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی مەلەوانگەکان شوێنێکی پارێزراو نین بۆ ژنان، شای وتی "با بێ دوو دڵی ژنان بچنە مەلەوانگەکانەوە چونکە لە هەموو مەلەوانگەیەکدا مۆبایل نابرێتە شوێنی مەلەکردن، هەروەها ئاوی ناو مەلەوانگەکان بەردەوام پشکنینی بۆدەکرێت و ڕێژەی کلۆر و پی ئێچی زۆر تیایە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کەسێک بیەوێت ببێ بە یاریزان یاخود بە هێندەی یاریزانێک لە مەلەکردن بزانێت دەبێت هەفتانە ٢ بۆ ٣ جار سەردانی مەلەوانگە بکات بەڵام کەسێک بۆ حەزی خۆی بێت بە دڵی خۆیەتی چەنێک مەلە دەکات، ئەوانەی سەردانی مەلەوانگە دەکەن دەبێت جلی تایبەتیان لەبەردابێت و نابێت جلی ژێرەوە بەکار بهێنن، وە پێش مەلەکردن پێویستە خۆشۆردن بکرێت، لە ڕێی حەوزی بچوکەوە و لە کاتی هاتنە ژوورەوە پەرمەنگەنات هەیە بۆ تەعقیم کردنی قاچ بەکار دێت.

 

شای ئومێد، ئەوەشی ڕوونکردەوە فێربوونی هاوڵاتیان پشت دەبەستێ بە توانای کەسەکە هەیە لە ماوەی ٥ ڕۆژ فێر دەبێت هەیانە ماوەیەکی زیاتریان پێدەچێت، ئەوانەی کێشیان زۆر و قەڵەون ئاسانتر فێری مەلە دەبن وەک لە کەسانی لاواز چونکە سەر ئاو دەکەون.

 

"بەردەوامبوون لە ئامانجەکەت دەتگەیەنێتە ئاواتەکانت"

شای ئومێدی ڕاهێنەر تەمەنی ٣٠ ساڵە و لە ساڵەکانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٤ چووەتە خولی فێربوونی مەلە، بەهۆی ئەوەی خولیای زۆری بۆ مەلەکردن هەبووە بووە بە یاریزانێکی باشی مەلەکردن تا دواتر بووەتەوە بە ڕاهێنەر وەک دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی خولیام فێربوونی مەلە بوو خێزانەکەم و دایک و باوکم زۆر پشتگیریان کردووم".

شای سەرەتا خۆی فێرخوازێک بووە کە هیچ کام لە شێوازەکانی مەلەکردنی نەزانیووە بەڵام هەوڵدانی بۆ فێربوون ئەوی گەیاندووەتە ڕاهێنەری، وتیشی "ئەو خولیا و ئاواتانەی ئامانجتن، چەنێک هەوڵدان و ماندووبوونی بوێت پێویستە کۆڵی لێنەدەیت چونکە دواجار بە سەرکەوتووانە پێی دەگەیت"، داوا لە ژنان دەکات، بێ گوێدانە قسەی چواردەور خولیایان بۆ هەر شتێک هەیە هەوڵی بۆ بدەن تا بەدەستی دەهێنن.