لە شاری سلێمانی خولی تۆپی بالە بە بەشداری ۱٤ فێرگەی کچان بەڕێوەچوو

بە بەشداری ۱٤ فێرگەی ژنانی گەنج، خولی تۆپی بالە بۆ فێرگەکانی سلیمانی و دەوروبەری، بە سەرپەرشتی لقی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتیمانی عیراق، لقی سلێمانی یەکێتی تۆپی بالەی عێراق ئەنجامدرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتی لقی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتیمانی عیراق، لقی سلێمانی یەکێتی تۆپی بالەی عێراق، خولی تۆپی بالە بۆ فێرگەکانی سلێمانی و دەوروبەری بەبەشداری ١٤ فێرگەی ژنانی گەنج، کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت دەستیپێکرد.

 

ناوی فێرگەکان بریتین لە: فێرگەی بالەی ڕاپەڕین، فێرگەی بالەی کچانی ئافرۆدێت، فێرگەی بالەی پێشمەرگە، فێرگەی بالەی کچانی سلێمانی، فێرگەی بالەی هیوا، فێرگەی بالەی دایک، فێرگەی بالەی ئافرۆدێت، فێرگەی بالەی سلێمانی، فێرگەی بالەی ccpA، فێرگەی بالەی ئایندەی ئازادی، فێرگەی بالەی سلێمانی نوێ،  فێرگەی بالەی دەربەندیخان، فێرگەی بالەی حاجی پرشنگ و فێرگەی بالەی رۆژ.


شنیار سدیق، ڕاهێنەری فێرگەی بالەی ccpA، وتی: لەگەڵ فێرگەکاندا ئامانجمانە چەند خولێک بۆ ژنانی گەنج بکەینەوە، لەگەڵ فێرگەی بالەکانی شاری سلێمانی و دەوروبەریدا ڵەساین بە کردنەوەی ئەم خولە کە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، ئامانجمانە لەڕێگەی ئەم فێرگانەوە بالە بگەشێنین، ئەم ئاستانەی بەشداری دەکەن لە ناو یاریزاناندا سەرەتایەکن بۆ گەشانەوەی بالەی کچان تا بتوانن بەردەوامی بە یاری بالە بدەن، ئامانجمانە یانەکەمان پلەیبیەکەم بەدەستبهێنێت، چەندین ڕۆژە خەریکی مەشق و ڕاهێنانین، ۱٤ یانە بەشدای دەکەن  و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت. 


نمە ڕەنجدەر، یاریزانی فێرگەی بالەی ccpA، وتی: ماوەی دوو ساڵە یاری بالە دەکەم، ئێمە وەک فێرگەکەمان هەفتانە ڕاهێنانمان دەکرد، تا بتوانین بەشداری لە خولی پاڵەوانێتییەکان بکەین، پێویستە هەموو کچانی گەنج و ژنان هەوڵبدەن بۆ بەشداریکردنیان لە یانە وەرزشییەکاندا، تا ژنان بتوانن وەک پیاوان وەرزشبکەن بگرە زیاتریش یاریەکان بکەن، ئامانجمانە سەربکەوین، هیوادارم سەرجەم ژنانی گەنج دوای خەون و خولیاکانیان بکەون. 

 

شازە دانا، یاریزان لە فێرگەی بالەی ccpA، تەمەنی ۱٦ ساڵە لە چەندین فێرگە وەرزشی ئەنجامداوە، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ فێرگەی بالەی ccpAبۆ یاریکردن هاتووە، وتی: ۷ ساڵە لە چەندین یاریگا یاریم کردووە، بەڵام ئەمڕۆ ۱٤ یانەین و بەشداری ئەم ئۆلۆمپیاتەمان کردووە، هیوادارم هەر یانەیەک دەیباتەوە شایەنی بردنەوەکە بێت. 

 

زین ئاراس، ئەکادیمیای نادی وەرزشی دەربەندیخان، وتی: تەمەنم ۱٤ ساڵە و دوو ساڵە یاری بالە دەکەم، هەروەها بەشداریکردنی ژنان لە وەرزشدا کەمە پێویستە زیاتر پەرە بە یاری و وەرزشەکان بدەین، ئێمە ئەمڕۆ هاتوینەتە سلێمانی تا بتوانین توانا و یارییگا و یانەکەمان بناسێنین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: سوپاسی مامۆستا و هاوکارەکانمان دەکەین، ئێمە بە ئامانجی بردنەوە هاتوین.