هێدیخان، تاقانەی یاریگاکان

لە یاریگاکاندا کە هەمووی پیاون، ژنێکی گەنج وێنەدەگرێت، وێنەکان لە پەڕەی خۆی بڵاودەکاتەوە، خۆشەویستی بۆ وەرزش و یاریگا وایکردووە کاری وێنەگری دەستپێبکات، دەڵیت ٩٨٪ی یاریگاکان پیاون.

لە یاریگاکاندا کە هەمووی پیاون، ژنێکی گەنج وێنەدەگرێت، وێنەکان لە پەڕەی خۆی بڵاودەکاتەوە، خۆشەویستی بۆ وەرزش و یاریگا وایکردووە کاری وێنەگری دەستپێبکات، دەڵیت ٩٨٪ی یاریگاکان پیاون.

 

 تەرزە تەها

سلێمانی- هێدیخان خۆشەویستییەکی زۆری بۆ تۆپ و یاریگا هەیە، هەر ئەوەش بووەتە هاندەرێک تا ببێتە وێنەگری وەرزشی، نایەوێت لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، دڵخۆشە کە هاندەرەکان بەجۆش و خرۆشەوە دەبینێت، وێنەیان دەگرێت.

 

هێدیخان یەکەم وێنەگری وەرزشی ژنە لە سلێمانی، هاوکات یاریزانی تۆپی پێیە، بەردەوام کامێراکەی لە ملدایە، هەوڵدەدات لە یاریگاکاندا جوانترین وێنە بگرێت، بە دوای جوانترین گۆشەدا دەگەڕێت، دەیەوێت لەو چرکەیەدا وێنەی یاریزانەکان و جوڵەکانیان بگرێت کە خۆی ویستوویەتی لەو چرکەیەدا وێنەی بگیرێت، دەڵێت: "پێمخۆشە ئەو چرکەیەی کە خۆم خواستوومە وێنەم لێی بگیرێت، لەو کاتەدا وێنەکە بگرم، پێموایە ئەوانیش هەمان هەستیان هەیە".

 

کە تۆپەکە بە بەرزییەوەیە یاخود یاریزانەکانی بازدەدەن تا کەلە لە تۆپەکە بدەن، بۆ هێدیخان جوانترین چرکەیە کە دەخوازێت وێنەی بگرێت، هەوڵدەدات ئەو هەست و جۆشوخرۆشەی کە هەیە لە وێنەکاندا ڕەنگ بداتەوە، لە ماوەی دوو مانگدا دوو هەزار وێنەی گرتووەو ئەرشیفی کردووە، لە پەڕەکەی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی دەکاتەوە.

 

لە کاتی وێنەگرتندا دەبێت لەناوی یاریگاکەدا بێت، ئەمەش ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا تۆپێکی بە هێزێکی زۆرەوە بەربکەوێت، جارێک تۆپی بەرکەوتووە، "یەکجار تۆپم بەرکەوتووە ئاساییە، تۆپم خۆشدەوێت، ئازاری زۆر نەبووە، ئەگەر ئازاریشی هەبێت، بۆ تۆپە کێشەی نییە".

 

هێدیخان نەک تەنها وێنەی یاری و یاریزانەکان دەگرێت، زۆرجار وێنەی هاندەرەکان دەگرێت، پەیوەندی لەگەڵ هاندەرەکانیش هەیە، دەخوازێت جوانترین وێنەکان بگرێت، دڵخۆشە کە یەکەم وێنەگری وەرزشی ژنە، دەڵێت: "شانازی بە خۆمەوە دەکەم، لەناو یاریگادا یەکەم ژنم کە وێنە دەگرم، بەڵام هیوادارم ژنان بێنە ناو یاریگاکان و هانی یانە دڵخوازەکەی خۆیان بدەن".

 

لە کۆتاییشدا دەخوازێت، کە ژنان زیاتر بێنە ناو یاریگاکان، ببنە ڕاگەیاندنکاری وەرزشی، "٩٨٪ بۆ ٩٩٪ یاریگاکان پیاون، حەزدەکەم ڕاگەیاندنکاری ژنیش بێنە ناو بوارەکەوەو پەرەیپێبدەن، هیوادارم بشتوانم کامێرایەکی باش بکڕم و وێنەی جوانی یارییەکان بگرم".

 

هێدیخان مەجید، ژنێکی ٣١ساڵە، لە ٢٠ساڵیەوە بەردەوام وەرزش دەکات، یاریزانی تۆپی پێیە، لە یانەکانی ئەفرۆدێت، گازی باکور، زێرەڤانی یاریکردووە، ئێستا لە یانەی پیرەمەگروونە، لە ساڵی ٢٠١٧ بووەتە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق.

 

لە ساڵی ٢٠١٦ بەشی وەرزشی لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، لە پێش هاتنە ناو بواری وەرزشەوە حەزی لە ڕاگەیاندن بووە، بەڵام دواتر خواستی بۆ وەرزش زیاتربووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بووەتە وێنەگری وەرزشی، لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و یەکێتی تۆپی پێی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی وێنەگرتنی هەیە.