یاری کاراتی، خولیای کچانی سەیدسادقە

یانەی کاراتی وەرزشی کچانی سەیدسادق کۆنترین یانەی کچانن لە هەرێمی شارەزوور، کچانی یاریزانی یانەکە توانیویانە بگەنە پشتوێنی ڕەش و چەندین جار پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- یانەی کاراتی وەرزشی کچانی سەیدسادق ماوەی حەوت ساڵە دامەزراوە و بەشداری چەندین پاڵەوانێتی ناوخۆ و عێراقیان کردووە، زیاتر لە ١٠ کچ ئەندامن و هەفتانە سێ ڕۆژ ڕاهێنان دەکەن .

 

دەریا عومەر، یەکێکە لە یاریزانەکان و لە سەرەتای دامەزراندنی یانەکەوە بەشدارە، حەوت پشتوێنی بڕیوە و دەڵێت یاریەکە بەوە ناسراوە زیاتر بۆ کوڕە، بەڵام ئێمە توانیومانە ئاستێکی باش ببڕین گەرچی یاریەکە قورسە، بەڵام دەبێت حەز و خولیای زۆرت بۆی هەبێت و لە شکست نەترسیت.

 

ڕاز عەلی، ماوەی شەش ساڵە یاریزانی یانەکەیە و لە پاڵەوانێتی عێراق و کوردستان پلەی یەکەم و دووەمی بەدەستهێناوە، دەڵێت تووشی توانج و قسەی کۆمەڵگە بووینەتەوە، بەڵام نەبووەتە هۆکاری ساردبوونەوەمان، "چونکە حەزێکی زۆرمان بۆ یاریەکە هەیە و بۆ ئامانجی خۆمان هەوڵدەدەین".

 

لینۆش عارف، حەوت پشتوێنی بڕیوە و بەشداری زۆرلە پاڵەوانێتییەکانی کردووە، دەڵێت "ئێمەی کچانی سەیدسادق بە سەرکەوتنمان لە یارییەکاندا دەبینە شانانزی بۆ شارەکەمان".

 

ژنانی شارۆچکەی سەیدسادق سەرەڕای توانج و ڕەخنەی کۆمەڵگە توانیویانە بەدوای خولیا و خەونی خۆیان بکەون و سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنن.

 


ت.پ