ئەسما ماوەی ١٣ ساڵە یاری هێزی لەش دەکات و بووەتە ڕاهێنەر

ئەسما یوسف جگە لەوەی ئەفسەرە لە وەزارەتی ناوخۆ، ماوەی ١٣ ساڵە یاری هێزی لەش ئەنجامدەدات، بەهۆی شارەزایی لە یاریەکەدا بووەتە راهێنەرێکی بەناوبانگ لە کەلاردا.

هاوژین شکور

 

گەرمیان- ئەسما یوسف ئەمین تەمەنی ٣٥ ساڵە و دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە لە باشوری کوردستان، تا ئاستی خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە و ماوەی ١١ ساڵە ئەفسەری پۆلیسە لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەسما خولیایەکی زۆری بۆ یاری هێزی لەش هەیە و ماوەی ١٣ ساڵە بەردەوامە لە یاریکردن، بەهۆی شارەزایی لە بوارەکەدا ٥ ساڵە بووەتە ڕاهێنەرێکی بەناوبانگ.

 

ئەو ڕاهێنەرە لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٢دا بەشداری لە پاڵەوانێتی بەهێزترین ژنی عێراق کە لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو، کرد، توانی پلەی دووەم لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق بەدەستبهێنێت و بڕوانامەی ڕاهێنەریی بەهێزترین ژنی وەربگرێت، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، ئاماژەی بەوەدا کە لە سنوری گەرمیان تاکە ڕاهێنەری ژنە بۆ هێزی لەش، چەندین یاریزانی ژنی دیکەش ڕۆژانە دێنە لای و مەشق و ڕاهێنان دەکەن.

 

ئەسما ئەمین باسی لەو ژن و ژنە گەنجە یاریزانانەی یاری هێزی لەش کرد کە ئێستا ژمارەیان زیادیکردووە و بەشداری هۆڵەکانی لەشجوانی دەکەن، دەشڵێت: دوو جۆر ژنی گەنج دێنە لام بۆ مەشق کردن، بەشێکیان بۆ خۆلاوازکردن و بەشێکی دیکەیان بۆ جوانی جەستە و بەهێزی لەش یاری دەکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا لە مانگی ڕەمەزاندا پرۆگرامی خواردن و یاریکردن جیاوازتر دەبێت لەگەڵ مانگەکانی دیکەدا، بۆیە ئەسما لە ڕەمەزاندا جیاواز لە مانگەکانی دیکە ڕاهێنان بە یاریزانان دەکات، "زۆرجاریش پزیشکەکان نەخۆش دەنێرنە لامان، تاکو بە وەرزش کردن چارەسەریان بکەین".