تەمەنێکی کەم و ئەزمونێکی زۆر

یاریزانی یانەی وەرزشی فوتسالی عێراقە، گۆڵچییە و هەر لە یەکەم دەرکەوتن و یاری کردنیەوە لەلایەن یانەی وەرزشی عێراقییەوە بانگهێشت کراوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەلار عەبدولواحید خالید، گۆڵچییە و یاریزانی هەڵبژێردراوی عێراقە و دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، چەندین بەربەست و ئاستەنگی تێپەڕاندووە تاوەکو بەم ئاستە گەشتووە، سەلار هەرچەندە بە تەمەن منداڵە، بەڵام زوو بە حەز و خولیاکانی گەشتووە سەرەڕای ڕێگری خێزانەکەی، دەشڵێت خێزانەکەی دواتر ڕاهاتن و ئێستا پشتگیری دەکەن، تاوەکو هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش بڕوات.

 

سەلار عەبدولواحید خالید، لە ساڵی ٢٠٠٣ لەدایکبووە، سەرەتای یاریکردنی لە یانەی سیروانی نوێ بووە لە شاری سلێمانی، بە ماوەی سی مانگ یاریکردن بەشداری کردووە لە هەڵبژاردەی عێراقدا و تا ئێستا یاریزانی ئەو هەڵبژاردەیەیە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڵچی یانەی وەرزشی سەیدسادقە لە تیپی کچان، دەربارەی ڕێگرییەکانی خێزانەکەی وتی: "لە سەرەتادا خێزانەکەم حەزیان نەکردووە بەشداری هەڵبژاردەکان بکەم، بەڵام پاش ئەوەی هەوڵمدا و ڕاهینانم کرد، ئێستا دەزانن بەرەوپێشچووم و پشتگیریم دەکەن"، سەلار هۆکارەکانیشی بۆ بەربەستەکانی کۆمەڵگە گێڕایەوە کە بەردەوام دەوترا وەرزش و یاری فوتساڵ بۆ ژنان و کچان نابێت.

 

یانە کوردستانییەکان گرنگی بە یاریزانان نادەن

سەبارەت بەوەی تا چەند لە کوردستان و یانە کوردییەکان گرنگی بە وەرزشی ژنان دەدەن، سەلاری گۆڵچی وتی کە یانەکانی سلێمانی پاڵپشتیمان ناکەن و گرنگیمان پێنادەن، بەڵام لە یانەکانی عێراق لە کاتی خولەکاندا شوێنی مانەوە و یانەکان گرنگی پێدەدرێت و یاریگاکانیش زۆر گرنگی بە یاریزانەکان دەدەن و خەرجیەکانیان دابین دەکەن.

 

ئەو یاریزانە سەرکەوتووەی شارۆچکەی سەیدسادق بانگەوازی لە ژنان و ژنانی گەنج کرد کە بتوانن بێنە دەرەوە لە ماڵەکانیان و وەرزش بکەن تاوەکو تەندروستییەکی باشیان هەبێت.