سەرەڕای ئاستەنگییەکان ژنانی سەیدسادق ڕوو لە تۆپی پێ دەکەن

سەرەڕای ئاستەنگییەکانی بەردەم وەرزشی ژنانی گەنج لە سەیدسادق، بەڵام تیپی تۆپی پێی كچانی سەیدسادق ئەمساڵ دامەزراوە و خاوەنی ١٢ یاریزانە، مامۆستا و ڕاهێنەرانیش هەوڵی پێشخستنی بواری وەرزشی تۆپی پێ دەدەن

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەرجەم یاریزانانی تیپی تۆپی پێی کچانی سەیدسادق خەریکی خۆئامادەکردن و مەشق کردنن، ڕاهێنەرەکەیان بە گڕوتینێکی زۆرەوە خەریکی مەشق پێکردنی یاریزانەکانە بە مەبەستی ئامادەکردنییەکان بۆ خولەکان، لەلایەکی دیکەوە مامۆستای ڕاهێنەر بە دڵتەنگییەوە لە وەرزشی ژنانی گەنج لەو شارۆچکەیەدا دەڕوانێت و باس لەوەدەکات کە ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لە وەرزش کردندا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لەزیادبوونە و بەشێک لە خێزانەکانیش ڕێگرن.

 

نەرمین عوسمان قادر، مامۆستا لە ئامادەیی بەختیاری لە شارۆچکەی سەیدسادق و ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی کچانی سەیدسادق، باس لە کێشە و گرفتەکانی تیپەکەیان دەکات کە ڕێگرییە خێزانییەکان وایکردووە لە سەیدسادقدا گوێ بۆ حەز و ئارەزووی کچان نەگیرێت، دەشڵێت: "دوێنێ پەیوەندیم بە خێزانێکەوە کرد کە کچە یاریزانەکەیان بنێرن بۆ یانەکەمان، بەڵام وەڵامی دایک و باوکەکە ئەوە بوو کە وتی ئەم شارەی ئێمە بۆ وەرزشی کچان ناشێت".

 

من مامۆستای وەرزشم و ڕاهێنەرایەتیم شانازیە

مامۆستا نەرمین بە شانازیەوە باس لە خۆی دەکات کە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە ساڵی ٢٠٠٢دا بە بەشدارییان لە خوێندنی بەشی وەرزشی چەندین ئاستەنگیان بڕیوە تاوەکو گەشتوونە ئەم ئاستە و هیواخوازە خێزان و باوک و برا لە سەیدسادق هاوکاری ژنان و خوشکانیان بکەن کە بەشداری بواری وەرزش بکەن.

 

ڕاهینەری تیپی کچانی سەیدسادق باسی لەوەکرد کە بەشداری ژنان لەناو تیپەکەیاندا تەنها بۆ وەرزشکردن نییە، بەڵکو دەیانەوێت لە ڕووی دەروونیشەوە پەرە بە ژنانی گەنج بدەن و بتوانن وەرزش هاوکارییان بێت لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیان.

 

جێی ئاماژەیە تیپی تۆپی پێی كچانی سەیدسادق ئەمساڵ دامەزراوە و خاوەنی ١٢ یاریزانە، مامۆستا و ڕاهێنەرانیش هەوڵی پێشخستنی بواری وەرزشی تۆپی پێ دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا سەیدسادق خاوەنی یانەی کاراتێی کچان و منداڵانە و بەردەوامن لە مەشق و ڕاهێنانەکانیان بۆ پێشخستنی بوار و ئاستی وەرزشی کچان و ژنانی سەیدسادق.