شەمام شوانی، ڕاهێنەری پاڵەوانەکان

ئەزموونێکی کەمی ڕاهێنەری هەیە، بەڵام یاریزانەکانی پاڵەوانن، دەخوازێت ئەوەی خۆی بە یاریزانی نەیتوانیووە بە دەستیبهێنێت یاریزانەکانی بتوانن بەدەستیبهێنن، لەبەر ئەوەی ژنە و توانایەکی زۆری هەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە.

تەرزە تەها

 

سلێمانی- شەمام شوانی ڕاهێنەری وەرشی گۆڕەپان و مەیدانە، لە ٢٠٠٧ دەستی بە وەرزشکردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ بە تەواوی خۆی بۆ یاری گۆڕەپان و مەیدان تەرخانکردووە، پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی پێشمەرگە بووە.

 

شەمام شوانی لە ساڵی ٢٠١٨ بووەتە ڕاهێنەر، ئێستا ڕاهێنەری یاری گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێیە، لە ساڵی ٢٠٢١ دوو لە یاریزانەکانی بوونەتە پاڵەوانی عەرەب لە تونس، کە ئاسیا عەزیز لە پاڵەوانێتی عەرەب لە ئاستی پێشکەوتووەن پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، یاریزانێکیش بە ناوی دێرین لە ئاستی تازە پێگەیشتووان لە پاڵەوانێتی عەرەب توانی مەدالیای زیو لە ڕاکردنی بەردەست بەدەست بهێنێت.

 

شەمام ڕەخنەی زۆری لەو کەسانەی بەرپرسی وەرزشین، لە سیستمی پەروەردە و لە وەرزشوانان هەیە، دۆخی وەرزش لە دیدی شەمام چەقی بەستووە، دەشڵێت پێشکەوتن هەیە بەڵام هاندان و پاڵپشتی نییە بە تایبەت یارییە تاکەکان، "ئەگەر تەماشای ئاستی چالاکییەکان بکەین دەبینین پێشکەوتن هەیە، بەڵام بەوە بەراوردی دەکەم ئەگەر پاڵنەری ماددە و مەعنەوی هەبێت، ئەوا دەستکەوتەکان لە ئاستی ناوخۆ، عێراق و دەرەوەدا زۆر زیاتر دەبێت".

 

وەرزشی ژنان

وەرزش بە گشتی ئەگەر پاڵپشتی نەبێت، ئەوا وەک شەمام باسی دەکات بۆ وەرزشی ژنان بەربەستەکان زیاترن، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئاستی وەرزشی ژنان لە پێشکەوتندایە، یاریزانەکان بەتوانان و بەردەوام بێوچان ڕاهێنان دەکەن، خێزانەکانیش زیاتر هانی کچەکانیان دەدەن بۆ وەرزش، "شانازییە بۆم ئەوەی کە خۆم وەک یاریزان نەمتوانی بەدەستبهێنم وەک ڕاهێنەر یاریزانەکانم بەدەستبهێنن".

 

"نەبوونی چالاکی، پاڵنەری ماددی و مەعنەوی بۆ کچان، ڕاهێنەر، یانە و یاریزانەکان وایکردووە چالاکییەکان لاواز بن، لەبەرئەوە دەتوانم بڵێم تاڕادەیەک وەرزشی کوردستان چەقی بەستووە، ئەوە خۆمانین بەهۆی حەزمان بۆ یارییەکە بەردەوامین".

 

حزب دەستیگرتووە بەسەر وەرزشیشدا

حزب دەستیگرتووە بەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی کۆمەڵگادا لەم هەرێمەدا، شەمام شوانی باس لە کۆنتڕۆڵکردنی بواری وەرزشیش لە ڕێگای حزبەوە دەکات، کە حزبایەتی بوون زۆر لە پێش دڵسۆزی و توانای وەرزشیەوەیە و کەسی شیاو ناخرێتە شوێنی شیاو.

 

ئەوەی لەو نێوەندەشدا دەبێتە قوربانی، ئەو وەرزشوانانەن خولیای بەشداریکردنی پاڵەوانێتییەکانیان هەیە و توانایەکی باشیشیان هەیە، لەبەرئەوە ئەگەر پاڵپشتی هەبێت و دوور لە حزب بێت، ئەوا وەرزش بەرەوپێشچوونێکی باش بەخۆیەوە دەبینێت، "چی لە وەرزش بکەم کە لێرە زۆر جار یاریگایەک نییە".

 

"تا سیستمێکی تەندروستی وەرزشی لە کۆمەڵگادا بنیاد نەنرێت سیستمی ڕۆشنبیری نابێت"

لە قوتابخانەکاندا ئەو وانەیەی هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت وانەی وەرزشە، هەفتەی یەکجار ئەو وانەیە لە خشتەی قوتابییەکاندا هەیە، لە زانکۆکان توێژینەوەکانی بواری وەرزش خۆڵ لەسەریان نیشتووە و هیچ گرنگییەکی پێنادرێت.

 

شەمام شوانی، ئەوە ئاشکرا دەکات، نەبوونی سیستمێکی تەندروستی وەرزشی کێشەیەکی سەرەکییە، بەڵام کەس ئاماژەی پێناکات، شەقامەکان گرنگی بە ڕێگای پاسکیلی نادەن، وەرزشی پاسکیل سواری تەنانەت مەترسیدارە، "سیستمێکی تەندروستی و ڕۆشنبیری وەرزشی بنیاد نەنراوە، هەم لەناو پەروەردە هەم لە زانکۆکاندا، قوتابی گوێگرە".

 

"لەبەر ئەوەی ژنە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە"

یاریزانەکانی شەمام شوانی، گەواهی هەوڵ و ماندووبوونەکانی دەدەن، دەڵێن کە بەردەوام لەگەڵیاندایە، لە خۆیان زیاتر لە کاتی پاڵەوانێتییەکاندا قەلەق دەبێت.

 

دێرین بەختیار، یەکێکە لە یاریزانەکانی، کە ساڵی ڕابردوو توانی پلەی دووەم لە ڕاکردنی بەربەست بۆ ئاستی تازە پێگەیشتووان بەدەستبهێنێت، دەڵێت: "ڕاهێنەرێکی زۆر باشە، لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژن زۆر قورسە ڕاهێنەرایەتی بکات"، ئەو باسی مامۆستاکەی دەکات، کە توشی ڕەخنە دەبێت، چونکە ژنە و زۆر بە توانایە.

 

ئاسیا عەزیز، یەکێکی دیکە لە یاریزانەکانە کە ساڵی ڕابردوو توانی پلەی سێیەم لە هەڵدانی ڕم تۆماربکات، دەڵێت کارکردن لەگەڵ مامۆستایەکی ژن زۆر جیاوازە، ئەوەندەی لەگەڵ ڕاهێنەرە ژنەکەدا ئاسوودەیە لەگەڵ ڕاهێنەرێکی پیاودا بەو جۆرە نییە.

 

"هەم لە بواری خوێندن، وەرزش و زانکۆ زۆر پشتگیرمە، کە پاڵەوانێتییەک دەبێت هێندەی ئەو قەلەقە ئێمە ئەوەندە قەلەق نین، ئەوە پاڵپشتییەکە کە لە کاتی یارییەکاندا هانمان دەدات، تا بڵێیت جدییە".

 

ت.پ