بە تەمەن منداڵ بەڵام خاوەنی زۆرترین خەڵات

هەموو ڕۆژێک کچێک بە خۆی و جانتاکەی دەستییەوە سەردانی هۆڵی یانەی وەرزشی هەڵەبجە بەشی کاراتیەکەی دەکات و بە هێز و گوڕێکی تەواوە دەچێتە بەردەم مامۆستاکەی بۆ ڕاهێنان و خۆئامادە کرد بۆ پاڵەوانیەتییەکان.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- بەخشین سەرکەوت تەمەنی ١٠ ساڵ بووە کاتێک لە هونەری بەرگری بەشداری کردووە، هەر بەو تەمەنە منداڵەیەوە توانیویەتی لە ماوەی چوار ساڵدا سێ خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت.

 

بەخشین سەرکەوت دەڵێت وەرزشی کاراتی وەرزشێکی زۆر باشە و زۆر سەرکەوتووم تیایدا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوە کرد کە بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردووە و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، دیارترینیان لە وڵاتی ئێران بووە کە بە پلەی یەکەم براوەی پاڵەوانێتییەکە بووە، "لەسەر ئاستی عێراق توانیومە بەشداری هەڵبژاردەی عێراق و کۆتا پاڵەوانیش لە شاری هەولێر بووە کە خەڵاتی سێهەمم بەدەستهێناوە"، ئەمە جگە لەو خەڵاتانەی لە ناوخۆدا بەدەستیهێناون.

 

بەخشین سەرکەوت باس لەوەشدەکات لە دەرەوی هۆڵی ڕاهێنان قسە و باس زۆر دەکرێت کە ئەم یارییە بۆ کچ نییە و ناگونجێت وەک لە زاری خۆیەوە ئاماژەی پێدا: "ڕاستە هەندێک کەس قسەی لەسەر دەکات، بەڵام من قسەکان هانم دەدەن بەردەوام بم و سەرکەوتووبم، وەرزشەکە وادەکات لەش و لارێکی تەندروست و دەروونێکی ئارامت هەبێت".

 

 

لە وەرزشی کاراتیدا جیاوازی نیە لە نێوان ڕەگەزەکاندا

ئەو وەزشوانە بە عەشقەوە یاری دەکات و هانی ژنانی گەنج دەدات و دەڵێت: لە وەرزشی کاراتیدا هیچ جیاوازییەک نییە، لە کۆمەڵگای ئێمە هەرچەن بە لاواز سەیری کچ دەکەن بەڵام کە هاتینە ناو یارییەکە هەست دەکەیت لەدایک دەبیتەوە" داواش لە ژنانی گەنج دەکات کە بەشداری یارییەکە ببن و چێژ ببینن لە وەرزش.

 

یانەی وەرشی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەشی کاراتی کردووەتەوە و توانیویتی چەندین خویندکار بەرهەمبهێنێت و چەندین خەڵاتی لە بوارەکەدا بەدەستهێناوە.

 

ت.پ