ئاوارە نەورۆز: ئۆتیزم جیاوازییە نەوەک ناتەواوی

ئاوارە نەورۆز، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم لە هەڵەبجە کە یەکەم سەنتەری پاریزگاکەیە دەڵێت: ئۆتیزم جیاوازییە نەوەک ناتەواوی، داوا دەکەین دایکان و باوکان هۆشیار بن.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە- ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت واتا بریتیە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ، كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لەڕووی چالاكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بەدەوروبەرەوە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێت، تووشبووانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن یاخود بەگران توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیەو ناتوانن گوێ لەوانیتر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ریتمیەكەی بكەن و هەندێك جاریش وشەی كەسەكانی تر چەند بارەدەكەنەوە و بێتواناشن لەوەی بتوانن پەیوەندی بەوانیترە بكەن لەرووی كۆمەڵایەتیەوە .

 

پزیشکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو منداڵانەی لە قۆناغێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشاندەکرێن و دەست بەچارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتردەبن.

 

یەکەمین سەنتەری ئۆتیزم لە هەڵەبجە

سەنتەری ئۆتیزم لە پارێزگای هەڵەبجە کە لە سنووری پارێزگاکە یەکەمین سەنتەرە تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کرابێتەوەو دووساڵە لە خزمەت بەردەوامە، لەماوەی ئەمساڵدا ٤٠ منداڵی هەبووە لە هەردوو جۆری توندو ئاسان، ئاوارە نەورۆز، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم لە پارێزگەی هەڵەبجە بۆ شیاندنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو داوای کرد، کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە لەوەی ئۆتیزم جیاوازی هۆرمۆنە نەوەک ناتەواوی.

 

ئاوارە نەورۆز وتی: ئۆتیزم ئەو منداڵانەن کە حاڵەتیان قورسە، منداڵانی سەنتەری ئۆتیزم بە پێی حاڵەتەکەیان هڵسوکەوتیان  لەگەل دەکریت و بەو شێوە ترسناک نییە کە لە کۆمەڵگەدا سەیر دەکرێن، هەر شتێک هەبێت چارەسەر دەکرێت، ئۆتیزم ترسناک و نەخوازراو نییەو چارەسەری هەیە ئەگەر رێژەی سەد لەسەدیش بیت چارەسەر هەیە.

 

"پێویستە دایکان و باوکان هۆشیاربن" 

 داوا دەکەین دایکان و باوکان هۆشیار بن لەوەی ئەگەر زانیان منداڵەکەیان حالەتێکی هەیە لە ئۆتیزم دەچێت و درکی پێدەکەن، زووتر بەتەمەنی منداڵی چارەسەری ئاسانترە، هیوادارین هۆشیاری هەبێت و ئەو مندالانەی دێنە سەنتەرەکەی ئێمە زۆربەیان توندن، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونیان زۆر باش بوون و دایک و باوکانیش دەست خۆشیمان لێدەکەن ئەمساڵ ٣٠ منداڵ لە سەنتەرەکەمان بۆ قوتابخانە دەچن.