لە ئازارەوە بۆ هیوا؛ ناوەندی نەخۆشی شێرپەنجەی ژنان لە قامیشلۆ پاڵپشتی نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک دەکات

لەناو قەیرانی تەندروستی لە سووریا، ناوەندی ئۆنکۆلۆژی ژنان کە سەر بە مانگی سووری کورد لە قامیشلۆی ڕۆژئاوا، وەک یەکەم ناوەنەی تایبەتمەندو بێبەرامبەر کە چاودێری و چارەسەری بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک دابین دەکات، بەشێک لە ئازارەکانیان کەم دەکاتەوە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ-لە کاتێکدا پێشکەوتنە پزیشکییەکان دەرفەتی سەرکەوتنی چارەسەرکردن بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر دەکەن کاتێک شێرپەنجەی مەمک زوو دەستنیشان دەکرێت، دواکەوتنی دەستنیشانکردن وەک هۆکارێکی سەرەکی بەشداربوو دەمێنێتەوە بۆ خراپتربوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی مەمک.

 

بە درێژایی مێژوو، بیرکردنەوەی پیاوسالاری زاڵ بووە بەسەر کۆمەڵگەدا، چەندین سنووردارکردنی بەسەر ژناندا سەپاندووە، لە ڕێگەی کولتوورێکی "ئەمە شەرمەزارییە" و "ئەمە قبوڵکراو نییە"، ژنان لە سنوورە کۆمەڵایەتییە بەرتەسکەکاندا قەتیس کراون، ئەمەش بووەتە هۆی نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە جەستەیان و هەستنەکردن بە گۆڕانکارییە جەستەییەکان، وەک گرێ لە مەمکدا.

 

جگە لەوەش زۆرجار داوای چاودێری پزیشکی یان ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی وەک سەرچاوەی شەرمەزاری سەیر دەکرێت، لە ئەنجامدا نەخۆشییەکان بە شاراوەیی دەمێننەوە تا دەگەنە قۆناغی پێشکەوتوو.

 

لە لایەکی دیکەوە سیستەمی سەرمایەداری لە ژێر پەردەی "پێشکەوتنی پزیشکی" تەندروستی مرۆڤی گۆڕیوە بۆ بازاڕێکی بازرگانی بەرفراوان، سەرمایەداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی قازانج دەکات و لەم سیستەمەدا تەندروستی بە مافێکی بنەڕەتی نازانرێت، بەڵکو بە کاڵایەک دادەنرێت کە دەبێ بکڕدرێت و بفرۆشرێت، ژنانی هەژار، ژنانی کرێکار، ئەوانەی لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین، بەهۆی زۆری تێچووی چارەسەرکردن و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان ناتوانن دەستیان بە پشکنینی بەردەوام بگات.

 

قەیرانی چارەسەری شێرپەنجە لە سووریا

ئەم سیاسەتانە تەنها پرسێکی تیۆری نین، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان لە ناوچە جەنگاوی و قەیراناوییەکاندا هەیە، سووریا نموونەیەکی ڕوونی ئەم ڕاستیەیە، توشبووانی شێرپەنجە بەهۆی کەمی دەرمانی چارەسەری کیمیایی و خراپی کوالێتی هەندێک کەرەستەی پزیشکی و گرانی تێچووی چارەسەرکردن تووشی قەیرانێکی سەخت دەبن. کە ئەمەش دەبێتە هۆی بێبەشکردنی زۆرێک لە نەخۆشەکان بە تایبەت ژنان لە مافی چارەسەری لە کاتی خۆیدا و گونجاو.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناوەندی ئۆنکۆلۆژی ژنان لە قامیشلۆ ڕێبازێکی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە پێشکەش دەکات، یەکەم ناوەندی تایبەتمەندو ئازادە، کە لەلایەن مانگی سووری کوردییەوە کراوەو بەڕێوەدەبرێت، خزمەتگوزاری گرنگ پێشکەش بە نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک دەکات، هەندێک لەو بارگرانییە تەندروستی و ئابوورییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە کەم دەکاتەوە.

 

"٢٠ ساڵ نەمدەزانی هەمبووە"

شێخە ئیسماعیل (٤٥ ساڵ)، دایکی کچێک و کوڕێک خەڵکی شاری قامیشلۆ، ماوەی دوو ساڵە لە ناوەندی مانگی سووری کوردی چارەسەر وەردەگرێت، وتی: دوای وەرگرتنی ژەمەکانی چارەسەری کیمیایی و ئەنجامدانی سێ پشکنین کە ڕەوانەی دیمەشق کران، دەرکەوت کە ٢٠ ساڵە تووشی جۆرێک لە شێرپەنجەی مەمک بووم، نەمدەزانی ئەو نەخۆشییە بەدرێژایی ئەم ساڵە لەگەڵمدا بووە، لەکاتێکدا ئەو نەخۆشییە خەریکی چەقاندنی جەستەم بووە و تەندروستیی دەدزهێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، بارودۆخی دارایی ڕێگەی پێنەداوە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان چارەسەر وەربگرێت، وتی: بەهۆی بەخشینەکانی گەلەکەمانەوە کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، توانیم بۆ ماوەیەک چارەسەر وەربگرم، بەڵام کاتێک بارودۆخەکەم خراپتر بوو و پێویستم بە چارەسەری کیمیایی بوو، ناوەندی مانگی سووری کوردی ناسی و لەوێ چارەسەرەکەم تەواو کرد.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، هەموو دەرزی و چارەسەرەکان بەخۆڕایی پێشکەش دەکرێن، هەروەها ئەو خزمەتگوزارییانەی ناوەمدەکە پێشکەشی دەکات زۆر گەورەن، ئەگەر ئەم ناوەوندە نەبوایە، ڕەنگە نیوەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمکمان لەدەست بدایە، چونکە زۆرێکیان توانای دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردنیان نییە.

 

”شێرپەنجە ئەندامەکانم دەخوات”

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ٢٢ ڕۆژ جارێک ژەمێک چارەسەری کیمیایی وەردەگرێت، وتی: شێرپەنجەکە بڵاو بووەوە بۆ جگەر و حەوز، هەروەها گەیشتووەتە نزیک گورچیلە و گەدە، کاریگەری لەسەر خوێنبەرەکانی دڵ هەبووە، ماوەی دوو ساڵە ئەندامەکانی ناوەوەم لەناو دەبات، ئەو شوێنانەی کە بایۆپسی لێ وەرگیراوە، هێشتا خوێنیان لێدەهات و هەوکردنیان هەیە.

 

بانگهێشتێک بۆ ژنان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خود

شێخە ئیسماعیل پەیامێکی بۆ ژنان نارد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەموو ژنێک مانگانە جارێک پشکنینی خۆی بکات، لە ماڵەوە لەبەردەم ئاوێنەیەکی گەورەدا چاودێری مەمکەکانی بکات، هەروەها پشکنینی هەر گرێیەک یان گۆڕانکارییەک لە ژێر چەناگە یان لە قەبارەی مەمکدا بکات، شێرپەنجەی مەمک زیاتر تووشی ژنان دەبێت لە چاو ئەوانی تر، بۆیە دەبێت گرنگی بە تەندروستییان بدەن، وە ئەگەر هەستیان بە هەر گۆڕانکارییەک کرد، دەبێت دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەن و کەمتەرخەمی نەکەن، بە ئاماژەدان بەوەی کە هەستی بە برینەکەی نەکردووە تا مەمکی دەستی بە ئاوسانی کردووە، گۆی مەمکەکە بەرەو ناوەوە نوقم بووە و خوێنبەربوونەکە دەستی پێکردووە.

 

"هەموو ساتێک ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەژیم."

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بم، دوای دوو سێ خول لە چارەسەری کیمیایی، هەموو قژم کەوتە خوارەوە، لەگەڵ برۆ و برژانگەکانم، زۆر لاواز بووم و کێشم زۆر دابەزی، ئەگەر ئەو یارمەتییە نەبوایە کە وەرمگرتبوو، دەمردم.

 

دووپاتیکردەوە، کە ئازارەکە دوای هەر خولێکی چارەسەری کیمیایی زیاد دەکات و ڕوونی دەکاتەوە "دوای هەر دانیشتنێکی چارەسەری کیمیایی، بەرگەی حەوت ڕۆژ ئازارێکی قورس دەگرم، ئازاری جەستەیی و دەروونی وە پێناسەنەکراو ئەزموون دەکەم، هەست دەکەم ڕۆژانە دە جار دەمرم و دواتر دەگەڕێمەوە ژیان، هەموو جەستەم دەسوتێت، تا ئێستا خولی شەشەمم وەرگرتووە ،نازانم کەی کۆتایی دێت.

 

شێخە ئیسماعیل داوای پاڵپشتی بۆ ناوەندی مانگی سووری کوردی کرد و وتی: ناوەندەکە پێویستی بە پاڵپشتی زیاترە، چونکە هەموو خزمەتگوزارییەکانی بەخۆڕایی و بە باشترین شێوە پێشکەش دەکات، بەتایبەتی بۆ هەژاران، تا لە ژیانمدا بەردەوام دەبم لە نزاکردن بۆ پزیشکان و خێرخوازان، هیوادارم هەموو لایەک پاڵپشتی ئەم ناوەندە بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری نەخۆشانی دیکەی وەک من بکات.