ناوەندی هەواڵ
عائیشە عیسمەت ئیسماعیل پاشا تەیمور، ساڵی١٨٤٠ لە حەی دەرب سەعادەی شاری قاهیرەی وڵاتی میسر، لە یەکێک لە کۆشکەکانی ئەرستۆکراتیەکان لە دایکێکی شەرکەسی بەناوی ماهتاب خانم و باوکێکی بە نەژاد کوردی هاتۆتەدونیاوە، نوسەر و هۆنەرێکی کوردی عەرەبی میسریە، لەخێزانێکی زانستی و سیاسیدا گەورە بووە وسەر بەخێزانی تەیموریەکانە کە خێزانێکی ئەدەبی سیاسین.
باوکی عائیشە پیاوێکی ڕۆشنبیر بووە و هۆگری کتێب و ئەدەب بووە بریکاری دەزگای محمەد تۆفیق پاشا بووە لە سەردەمی دەوڵەتی خدێویەکان لە میسر، هەروەها براکەی ئەحمەد تەیمور ئەدیبێکی ناوداری عەرەبیە دوای مردنی باوکیان عائیشە پەروەردە و فێرکردنی هۆنەری براکەی گرتۆتە ئەستۆ تا ڕێگای خۆی دۆزیوەتەوە و بۆتە رابەرێک لە رابەرانی ئەدەبی عەرەبی.
سەرەرایی ئەوەی دایکی دژی ئەو خولیایەی عائیشە بووە لە بەرامبەردا باوکی پشتگیری لە بەهرە و خولیای عائیشە کردووە و چاودێری بەرەو پێشچوون و پێشکەوتنەکانی بووە لە خوێندن و لێکۆڵینەوەی ئەدەب، کاتێک درکی بە مەیلی عائیشە کرد بۆ ئەدەب مامۆستای زمانی فارسی، تورکی و زانستە عەرەبیەکانی بۆ هێناوە تاکو فێری زمان و هۆنەر و ئەدەبی بکەن.
عائیشە شاکاری ڕەوانبێژی بووە و بەتایبەت لە لاواندنەوە بۆ کۆچی لەدەستدانی کچەکەی '' تەوحیدە'' کاریگەری توند و قوڵی لەسەر جێما، حەوت ساڵ لە خەم و گریاندا مایەوە، کچەکەشی بەهەمان شێوەی خۆی حەز و خولیای شیعری هەبووە.
عائشەی تەیموری خاوەن دیوانێکی شیعریە بە زمانی عەرەبی بەناوی (حلية الطراز) و بە زمانی فارسیش لە میسر و ئێران چاپکراوە، نامەیەکی ئەدەبی بەناونیشانی "نتائج الأحوال في الأقوال والأفعال" هەیە لە میسر و تونس چاپکراوە، خاوەن ڕۆمانێکیشە بەناوی"اللقا بعد الشتات" هەروەها ڕۆمانێکی تەواو نەکراوی بە دەستنووسی خۆیی هەیە.
عائیشە لە گۆڤاری الآداب و المؤيد ژمارەیەک وتاری بڵاوکردۆتەوە، لە پاشماوە ئەدەبیەکانی «مرآة التأمل في الأمور» کتێبەکە کۆمەڵێک چیرۆکی لەخۆگرتووە، لە ٢٥ی ساڵی ١٩٠٢ بەهۆی نەخۆشی مێشکەوە لە قاهیرە کۆچی دوایی کردووە.
ت.پ



