فیلمی "Moolaadé" چیرۆکی ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە بەرەنگاری خەتەنەکردنی مێینە بوون

فلیمی ”Moolaadé” "مولادی" چیرۆکی بزووتنەوەیەکی خۆڕاگری دەگێڕێتەوە بە سەرۆکایەتی ژنێک کە دژایەتی خەتەنەکردنی مێینە دەکات، تیشک دەخاتە سەر هێزی گۆڕانکاریی هاوپشتی ژن و خەباتی بەکۆمەڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

فیلمی”Moolaadé” "مولادی"لە ساڵی ٢٠٠٤ لە نووسین و دەرهێنانی عوسمان سەمبێنێ، چیرۆکێکی بەهێز و جوڵاو دەگێڕێتەوە دەربارەی خەبات دژی خەتەنەکردنی مێینە.

 

فیلمەکە لە گوندی دژێريسۆ لە بورکینافاسۆ وێنە گیراوە و تیشک دەخاتە سەر هاودەنگی ژنان کە لە ژێر قورسایی نەریتدا دەژین و هەوڵەکانیان بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارە زیانبەخشە.

 

فیلمەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە چوار ژنی گەنج کە نایانەوێت خەتەنەکردنی مێینە ئەنجام بدەن، بەرەو ماڵی ژنێک بە ناوی کولی لە گوندەکە هەڵدێن، کولی بڕیار دەدات کچەکان بپارێزێت و بانگەوازی مافێکی نەریتی دەکات کە بە ”Moolaadé” "مولادی" ناسراوە، کە پارێزگارییەکی پیرۆزە و ڕێگری دەکات لە کەسانی دیکە کە بە زۆر بیانبەن، چونکە خەڵکی گوندەکە پێیان وایە پێشێلکردنی ئەم نەریتە بەختی خراپ و بەدبەختی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، سەرەتا دوودڵ دەبن لە نزیکبوونەوە لە منداڵە کچەکانیان یان هەوڵی دوورخستنەوەیان دەدەن بە زۆر.

 

هەڵوێستی کولی بە کاردانەوەی تووڕەیی گەورەکانی گوندەکە و ئەو ژنانە بەرەوڕوو دەبێتەوە کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینە، لە کاتێکدا، کە ڕووبەڕووی فشارێکی توند دەبێتەوە بۆ پێچەوانەکردنەوەی بڕیارەکەی، پیاوانی گوندەکەش کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ژناندا زیاد دەکەن و فشارەکان لەسەریان توندتر دەبن، سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەو ژنە بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە.

 

ئەم ڕووداوانە وا لە ژنانی دیکەی گوندەکە دەکەن کە سەرلەنوێ بیر لە کردەوەکانیان بکەنەوە و پرسیار بکەن، بەتایبەت دوای مردنی ژنێکی گەنج کە خەتەنەکردنی مێینەی بۆ کراوە، ژنانی گوندەکە بڕیار دەدەن بێدەنگی خۆیان بشکێنن، پێکەوە دەست دەکەن بە گرتنەبەری هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بەم پراکتیزەیە.

 

فلیمی ”Moolaadé” "مولادی"تەنها فیلمێک نییە کە باس لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی خەتەنەکردن دەکات، هەروەها وەک شاکارێکی سینەمایی دیارە کە هێزی هاودەنگی و بوێری و خەباتی بەکۆمەڵ بەرجەستە دەکات، فیلمەکە بە هێزەوە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ژنان تەنانەت لە نەریتترین و داخراوترین کۆمەڵگەژانیشدا توانای ئەوەیان هەیە دەرگاکان بکەنەوە بۆ گۆڕانکاری کاتێک پێکەوە وەستاون.