ناوەندی هەواڵ
ڕیحان حەمید، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەرێمی کەرکوک، باس لە داگیرکارییەکان دەکات بۆ سەر خاکی کوردستان و دەڵێت: لەوەتەی کورد و کوردستان هەیە داگیرکردن و پیلانگێڕی لەسەر خاکەکەی هەبووە، ئێستاش بەردەوام لە چوار پارچەی کوردستان بەرخۆدان هەیە و دوژمنیش داگیرکاری دەکات، لە باشوری کوردستان ئەو بەرخۆدانیەی لە گارە کرا و هێرشەکانی لە مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و تا دەگاتە ئامێدی و بۆ باکوری کوردستان بەردەوامە یەکانگیرن و درێژەی هێرشە یەک لەدوا یەکەکانن و پیلانێکی مەترسیدارە لەسەر باشوری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی پێی وایە مەترسیدارتر لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بێدەنگبوونی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستانە، دەشڵێت: "هەندێک کات لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگێكی ناڕەزایەتی دەردەکەن و بەیاننامەیەک بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئەمە شەرمنانەیە و نەتوانراوە جێگەی خۆی بگرێت و ئەنجامی هەبێت، نەتوانراوە بە بوێرانە بوترێت ئێمە کوردین و بەو داگیرکاری و لەشکرکێشییەی دەوڵەتی تورکیا ڕازی نابین"، ئاماژە بەوەش دەکات هیچ وڵاتێک و نەتەوەیەک بەوە ڕازی نییە دوژمن پێ بنێتە خاکەکەی و داگیری بکات، دەوڵەتی تورکیاش زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشوری کوردستان و هێرشەکانشیشی بۆ ئەوەیە زیاتر بێتە ناو خاکەکەمانەوە.
"هێرشەکانی داعش درێژکراوەی پیلانی دەوڵەتی تورکیایە"
ڕیحان باس لەوەدەکات، ئەم پیلانانە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە یەکترەوە هەیە و هەوڵ دەدرێت داعش زیندوو بکرێتەوە: "هێرشەکانی داعش لە نزیک شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە، ترسی کردووەتە دڵی دانیشتووانەکەیەوە و نائارامی هێناوەتە کایەوە، بەتایبەت کە هێرشەکانی داعش لەو ناوچانەدا دەکرێت کە لە ٢٠١٤دا داعشی لێبووە، زۆر شەو لەنزیک دوبز، داقوق، بەشیر و تا دەگاتە کەرکوک و پردێ هێرشی داعش هەیە، کە هەمان پیلانی دەوڵەتی تورکیا و دەستتێوەردانی تێدا دەکات بە پاڵپشتی هەندێک وڵاتی زلهێز".
ڕیحان حەمید بانگەوازی لە خەڵکی باشوری کوردستان دەکات و دەڵێت: نابێت بێدەنگ بین و پێویستە هەر تاکێکی کورد خاوەن لە خاک و وڵاتەکەی دەرکەوێت و چالاکی بکرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکان خۆیان ڕێکبخەنەوە و هەڵوێستیان هەبێت تا ڕێگری لە داگیرکارییەکان بگیرێت، چونکە ئەگەر یەکڕیز و یەک هەڵوێست نەبین دۆخی باشوری کوردستان بەرەو خراپی دەچێت.
ت.پ



