ئیلهام ئەحمەدی: سەربەخۆیی ئابووری ژنان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕزگاربوون لە کۆت بەندی وابەستەیی
ئەزموونی ئیلهام ئەحمەدی زنجیرەکانی وابەستەیی هاوسەرگیری دەشکێنێت و دەیسەلمێنێت کە سەربەخۆیی ئابووری ژنان تەنها هەڵبژاردنی کەسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە.
نەسیم ئەحمەدی
کرماشان- بە پەنجە ناسکەکانی پەیکەری بچووک دروستدەکات، وەک ئەوەی هەوڵی هەناسەدانی ژیان بۆ ناو گڵەکە بدات و بوونی شکاوەکەی بگەڕێنێتەوە، ژنێکی دانیشتووی کرماشان کە پەیکەرە سیرامیکییەکانی لەسەر شەقامەکان نمایش دەکات، پەیکەری ژنانی سەرنجی ڕێبواران ڕادەکێشێت، وەک ئەوەی ڕەنگدانەوەی خودی خۆی بێت، کە لە هەر پارچەیەکدا وێنا کراوە.
ئیلهام ئەحمەدی سەرەتاکانی خۆی دەگێڕێتەوە، وتی: دوو ساڵ لەمەوبەر دەستم بەم کارە کردووە، بەو پێیەی بارودۆخی دارایی ناچاری کردم بەدوای سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆم بگەڕێم، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووم، هیچ هەڵبژاردەیەکی ترم نەبوو جگە لە بەدواداچوونی چالاکییەکی هونەری کە سەربەخۆییم پێبدات، پەیکەرسازیم هەڵبژارد، چونکە کارێکە کە دەتوانم لە ماڵەوە بیکەم کاتێک کچەکەم لەگەڵم نییە، لە هەمان کاتدا بوونی من دڵنیایی دەداتێ و پەیکەرسازیش قورس نییە، بەڵام پێویستی بە سۆز هەیە، هەرچەندە داهاتی پێویست بەدەست ناهێنێت، بەڵام ئاماژەی بەردەوامبوونم بووە، هەروەها هیچ بژاردەیەکم نییە جگە لە ژیان لەگەڵ ڕاستیدا.
بۆ زۆرێک لەو ژنانەی کە ساڵانێک لە ژێر هەژموونی هاوژینەکانیان و لە جیهانێکی داخراودا ژیانیان بەسەر بردووە، بڕیاری جیابوونەوە یان دەستپێکردنی کارێکی تایبەت بە خۆیان هەنگاوێکی قەدەغەکراوی کۆمەڵایەتییە کە بە دەگمەن دەیگرنەبەر، وابەستەیی ئابووری بە پیاوان زۆرێکیان ناچار دەکات لە هاوسەرگیری نەخوازراودا بمێننەوە، چونکە کۆمەڵگە هێشتا ناتوانێت ژنێک وەک سەربەخۆ و خاوەن بژێوی خۆی قبوڵ بکات، هەروەها وابەستەییە داراییەکانیش لەگەڵ فشارە کولتوورییەکان ژنان لە سووڕێکی بێدەنگی و چەقبەستووییدا دەهێڵێتەوە، کە سەربەخۆیی ژن وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستەمی پیاوسالاری باو سەیر دەکرێت.

سەرەڕای هەموو سنووردارکردنەکان، ئیلهام ئەحمەدی توانی لەم باوەڕە نەریتیە ڕزگاری بێت و بە تێڕوانینێکی نوێ ژیانی خۆی لە قاڵب بداتەوە، ژن دەبێت درک بەوە بکات کە هاوسەرگیری نابێت ئاماژەیەک بێت بۆ دەربازبوون لە بێدەسەڵاتی یان نەبوونی پاڵپشتی دارایی، بەڵکو دەبێت سەربەخۆیی ڕاستەقینە لەناو کۆمەڵگەدا هەڵبژێرێت، بۆ ئەو زۆر گرنگە سەرچاوەی داهات یان بازرگانی خۆی هەبێت، تا پشتگیری بۆ داهاتووی و ئاسایشیش بۆ ژیانی دابین بکات.
"سەربەخۆیی ئابووری ژنان، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕزگاری"
ئیلهام ئەحمەدی وتی: ئەو ئەزموونە سەختانەی دوای هاوسەرگیری بەسەرمدا تێپەڕی، وای لێکردم باوەڕم بەوە هەبێت کە سەربەخۆیی دارایی ژن پێویستییەکی دڵنیاییە، هەروەها نابێت بە بارمتە بگیرێت بەهۆی پشتبەستن بە پیاوێکەوە، ڕەنگە دواتر ژیان ناکۆکی یان نەبوونی لێکتێگەیشتن بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەگەر ژنێک لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ نەبێت، ئەوا ناچار دەبێت بەردەوام بێت لە پەیوەندییەکدا کە نایەوێت، ئەمەش لە بنەڕەتدا دووڕیانێکی ڕاستەقینەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانم هەموو ژنێک لە کۆمەڵگەکەماندا سەربەخۆیی دارایی بەدەستبهێنێت بۆ پاراستنی لە وابەستەیی و بەهێزکردنی خۆی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی.

ئیلهام ئەحمەدی باسی لەو ئاستەنگیانە کرد کە ڕووبەڕووی بووەتەوە لە بەدەستهێنانی جیابوونەوە دا، وتی: کاتێک بڕیارمدا لە هاوژینەکەم جیاببمەوە و چوومە دانیشتنی ڕاوێژکاری پێش جیابوونەوە، ئەو پزیشکە دەروونناسە پێی وتم، خانم، دوای جیابوونەوەکە چی دەکەیت؟ تۆ هیچ پەروەردەیەکت نییە، پارەت نییە، بارودۆخێکی دارایی جێگیرت نییە، لە وەڵامدا وتم: ناتوانم لە ژێر یەک سەقفدا لەگەڵ کەسێکدا بژیم تەنها بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم پەیدا بکەم لە کاتێکدا لە ڕێزگرتن بێ بەشم، ئەم ئەزموونە وای لێکردم باوەڕم بەوە هەبێت کە ژن دەبێت مرۆڤایەتی خۆی لە پێشینەی خۆی دابنێت پێش ئەوەی بیر لە ژیان و داهاتووی بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە پرسە گەورەکانی کارەکانم ئەوەیە کە بەرهەمەکانم لە قەراغ ڕێگاکەدا نمایش دەکەم، هەندێک لە فرۆشیارانی پیاو نایانەوێت ژنێک لەگەڵ ئەوان کاربکات، بۆیە ناچار بووم گۆشەیەکی جیاواز هەڵبژێرم، بەڵام فرۆشتنەکانم لەوێ سستە، ئەم فشارانەش داهاتی کەمکردوومەتەوە، هەروەها نرخی بەرهەمەکانم لە نزم دەست پێدەکات و کەمێک بەرز دەبێتەوە، بەڵام فرۆشتن سنووردارە، ڕەنگە ڕۆژانە تەنها چەند شتێک بفرۆشم، لەبەرئەوەی توانای کرێی دوکانم نییە، دەبێت مێز و کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دابنێم و وەک فرۆشیارێکی سەر شەقام کاربکەم.

ئەزموونی ئیلهام ئەحمەدی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەربەخۆیی ئابووریی ژنان تەنها هەڵبژاردنی کەسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتی دیارە، سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی فشارە خێزانی و کولتوورییەکان و تەنانەت کێبڕکێی پیاوان لە شوێنی کاردا، توانی ڕێگای خۆی دروست بکات، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو بەربەستە زۆرانەی کە هێشتا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو بونیادنانی داهاتوویەکی جیاواز.