لە هەورامان وەرزی کۆکردنەوەی بەروبومی هەنارە
وەرزی پایزە و ژنانی هەورامان شانبەشانى پیاوان خەریکى کارکردن و کۆکردنەوەى بەروبوومى هەنارن.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لە تەوێڵەی هەورامان خێزانێک بەدەمەم لێکردنەوەی بەروبوومى هەنار و کارکردنەوە باس لە کۆکردنەوەی هەنار و باخەکانیان دەکەن.
نایافت مەحمود، خەڵکی گوندی تەوێڵەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەدەم کارکردن و هەنار لێکردنەوەوە وتی: ماوەی دە ساڵە ئەم باخەمان هەیە، چەندین جۆر نەمامم تێدا ناشتوە لە هەنار، توو، گوێز و بەروبوومەکەى دەخۆین و خزمەتی دەکەین.
هەنارە چاکەکان کۆدەکەینەوە و ئەوانەی دیکەی دەکەینە دۆشاوی هەنار
نایافت کەلە سەرەتای دانانى باخەکەیانەوە وەک ژنێکی ڕەنجکێش شانبەشانی پیاو و منداڵەکانى کاردەکات و دەڵێت: کارکردن لەناو باخدا هەرچەندە سەختیش بێت، دەبێت کاری تێدا بکەین و کۆیبکەینەوە، لە کاتی هەنار کۆکردنەوەدا، هەمووان پێکەوە لێیان دەکەینەوە، دەیتەکێنین و دواتر دەیکەین بە دۆشاوی هەنار.
هەنار بە ئاو و دەنک و دۆشاو و توێکڵەکەیەوە سودی هەیە
زۆر کەس بە عەشق و تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هاتنى پایزە بۆ ئەوەى میوەى هەنار تاقی بکەنەوە و بیخۆن، هەرکەسێکیش بە جۆرێک حەزی لە خواردنی هەنارە، دایە نایافت باس لە سودەکانی هەنار دەکات "هەنار ئاوەکەی بۆ خواردن وەک شەربەت و ناوکەکەشی بۆ چێشتکردن لە وەرزی زستان تامێکی خۆش بە خواردن دەدات".
سەبارەت بە توێکڵەکەشی ئاماژەى بەوەدا کە جاران بۆ نەخۆشی و دەرمان بەکارهاتووە، وشککراوەتەوە و بۆ جوانکاری ژنان بەکاردێت، هەروەها بۆ خۆشکردنى پێستەی ئاژەڵیش بە ڕێبازی خۆی بەکاردێت، ئەو دایکە وتیشی: " ئێستا توێکڵەکەی فڕێ دەدرێت، چونکە کارگەیەک نییە بۆ پێداویستییەکان ئامادەی بکات".
ت.پ