هەمووان چاوەڕوانی کولێرەکەی پەریزادن

پەریزاد لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی سەرقاڵی دروستکردنی کولێرەی گەرمی تەنوورە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦ بەیانییەوە کولێرەیان بۆ کڕیارەکانیان ئامادەیە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پەریزاد محەمەد حسەینی، خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، تەمەنی لە چلەکاندایە، ماوەی ١٧ ساڵە لە باشوری کوردستانە، بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و سێ منداڵەکەی ڕۆژانە کاری دروستکردنی کولێرەی تەنوور دەکات.

 

لە کاتژمێر پێنجەوە هەویرەکە دەشێلێت، پەریزاد لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە کولێرەی بۆ کڕیارەکانی ئامادەیە، کولێرەی پەنجەکێشی، بە کونجی، بە ڕەشکە، بە ڕۆنی هیزە و سادە ئامادە دەکات، بە گەرمی و تازەیی لە تەنوورەکە دەریدەهێنێت و بە کڕیارەکانی دەفرۆشێت.

وەک پەریزاد باسی دەکات، دروستکردنی کولێرە لە دایکییەوە فێربووە، خەڵکیش زۆر لە کولێرەکەی ڕازین، وەک باسیشی دەکات، هەرچەندە تەنورەکە گەرمە بەڵام ئەو دەستی بە گەرمی تەنوورەکە ڕاهاتووە، کەمتر دەستی دەسووتێت.

 

پەریزاد بە توانایەکی زۆرەوە، ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبێتەوە دەڵێت: "ئەگەر بتەوێت کارێک بکەیت دەتوانیت ڕووبەڕووی ئاو و ئاگریش ببیتەوە"، ئەو زۆر ئاسوودەیە لەگەڵ کارەکەی و هیوا دەخوازێت کە هەموو ژنێک خاوەن کاری خۆی بێت و پێویستی بە کەس نەبێت تا کاری بۆ بکات.

وەک پەریزاد باسی دەکات هەرچەندە ماندوو دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بە دڵی کڕیارەکانە و کارێکی باش دەکەن، دڵخۆشە و ماندووبوونی کارەکەی لەبیردەچێتەوە.

 

پەریزاد بە هاوکاری یەکێک لە ناسراوەکانی ماوەیەکە دەستیان بەم کارەیان، کردووە لە شەمامی عەواڵی ناوچەی بەکرەجۆ تەنورییان داناوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر شەش بۆ یەکی پاشنیوەڕۆ و لە کاتژمێر چوار بۆ هەشتی شەو کاردەکەن.

 

ت.پ