بینایی... نابیست و ناگوفت بەڵام خاوەن تواناو هێزە

لە سوچی یەکێک لە گەڕەکە دێرینەکانی هەڵەبجە، ماڵێکی سروشت سەوزایی و ڕازاوە بە کاری دەستی دەبینرێت، لەگەڵ بینینی ماڵەکە دەستڕەنگینی ژنێک بەدی دەکرێ کە ناگوفت و نابیستە.

 

میهرەبان سەلام کاکەی

هەڵەبجە- بینایی موعتەسەم خەڵکی گوندی بامۆک و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، لەبەر ئەوەی توانای قسەکردن و بیستنی ئێمەی نەبوو دایکی قسەی بۆکردین و باسی لەوەکرد هەرچەندە کە بیینایی کێشەی قسەکردن و بیستنی هەیە، بەڵام خاوەنی چەند بەهرەیەکی جوانەو  لە هەموو لایەکەوە سەردانی دەکەن بۆ ئەوەی کاری درومانی و شێوەکاریان بۆ بکەن وپێویستی بە کەس نییە و خۆی کاری خۆی بەڕێ دەکات.

 

بینایی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواو کردووەو لەماوەی پێنج  ساڵی خوێندنی بەنوسین تاقی کردنەوەی کردوەو پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، دایکی بینایی باس لەوە دەکات کە ئیستا بە هۆی ئەوەی زۆرهیلاک دەبێ بەکاری شێوەکاری هەروەها هەقی کارەکەی پێ نادەن، حەزی بۆ کاری شێوەکاری نەماوەو زیاتر حەزی بەکاری درومانە.

 

زۆر هەوڵماندا بینایی خۆی ئامۆژگاری ژنان بکات کە نەوەستن لەکار کردن و پشت بەخۆ بەستن، بەڵام بەهۆی ئەوەی دایکیشی نەیتوانی پەیامەکەی بینایی بە ئێمە بگەیەنێت، وەڵاممان دەست نەکەوت.

 

دایکی بینایی ئاماژەی بەوەشدا، زۆر هەوڵ دەدات کە کچەکەی بچێتە دەرەوەی ماڵ کارێک بکات و دەرەوەش ببینێت، بەڵام حەزی بینایی تەنها بۆ کاری خەیاتی و ماڵەوەیە.

 

بینایی بەهاوکاری خێزانەکەی توانیویەتی خاوەنی پێگەی خۆی بێت، پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەشی شێوەکاری تەواو کردوە لە ئیستادا بەهۆی دەست ڕەنگینیەوە خەریکی کاری درومانە، لە هەڵەبجەو دەوروبەریەوە چەندین کەس سەردانی دەکەن بۆ ئەوەی بە دیزاینەکانی بینایی خۆیان بڕازێننەوە.