ڕێژوان، بووە بە جێگرەوەی دایکی لە بەڕێوەبردنی خواردنگەکەیاندا

خواردنگەی نشینگە ژەمێک لە خەرپانێ کە ماوەی یانزە ساڵە کراوەتەوە و بەردەوام گەشتیاران ڕووی لێدەکەن، بۆ ماوەی شەش ساڵیشە لەلایەن ڕێژوانەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ڕێژوان کمال، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە و خەڵکی گوندی خەرپانێ'یە لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەو لە خواردنگەی "نشینگە ژەمێک لە خەرپانێ" کاردەکات و بە ڕوویەکی خۆشەوە هەمیشە پێشوازی لە میوانەکانی دەکات لە خواردنگەکەیاندا.

 

ڕێژوان دەربارەی کارەکانیان وتی: "خواردنگەکەمان کارێکی خێزانییە و هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە لەگەڵ خوشک و برا، دایک و باوکمەوە کارمان تێدا کردووە"، ڕێژوان بە عەشقەوە بۆ کارەکەی دەڕوانێت و دەڵێت لە دوای کۆچی دوای باوکی و پێویستی دایکی بە ڕێژوان هەوڵی داوە ئەرکی سەرشانی دایکی سوک بکات و پاش کردنەوەی لقێکی دیکە لە بیارە خۆی خواردنگەکە بەڕێوە دەبات.

 

لە خواردنگەکەمدا هەموو جۆرە کارێک دەکەم

ئەو ژنە گەنجە لە خۆشەویستی بۆ کارەکەی باس لەوە دەکات کە هەموو جۆرە کارێک دەکات، "ئەگەر بڕیار بێت کارێک بکەیت و هەستی بەرپرسیاریت هەبێت، هەروەها ئەو شوێنە بە موڵکی خۆت بزانیت دەبێت هەموو جۆرە کارێک بکەیت"، ئەو هاوکاری کارمەندەکانیشی دەکات و خۆشحاڵە بەوەی کە توانیویەتی چەند گەنجێک لە خۆی کۆبکاتەوە و بە بێ جیاوازی کچ و کوڕ ئاگای لێیانە بەڕێوەیان دەبات.

 

"کارکردن ئاسان نییە، بەڵام دەبێت بەردەوام بین"

ڕێژوان لە بەرامبەر ئەوەی کە ئایا کارکردن بۆ ئەو وەک ژنێک قورس نیە، لە وەڵامدا وتی: دەستپێکی ڕۆژ کە هەستایت و وتت ناتوانم ئیش بکەم، ناتوانیت، بەڵام ئەگەر چوویتە بەردەم ئاوێنە و وتت ئەوە منم کاردەکەم، دەتوانیت کار بکەیت.

دەشڵێت کارکردن ئاسان نییە، چونکە ئەگەر لە ڕۆژێکدا دوو میوانت هەبێت سەرلێشێوان دروستدەبێت، پێویستە پلانت هەبێت بۆ ئەوەی یەکسانی ڕابگری لە نێوان ئیشەکاندا،

 

"نشینگە ژەمێک لە خەرپانێ" سەرجەم خواردنە کوردەواری و برژاوەکانی هەیە و لەسەر داواکاری هاوڵاتیانیش کار دەکەن، سەبارەت بەو خواردنانەی پێشکەش بە میوانانی دەکەن، ڕێژوان ئاماژە بەوە دەدات، سەرجەم خۆراکە کوردەوارییەکان و خواردنی برژاویان هەیە و لەسەر داواکاری هاوڵاتیان کار دەکەن،  ئەگەر میوانێک خواردنێکی تایبەتی بوێت پەیوەندیان پێوە دەکات و بۆی ئامادە دەکەن.

 

بۆ سەلماندنی بوونی خۆمان دوو قات کارەکە قورسە لەسەر شانمان

ئەم ژنە ڕەنجکێشە زیاتر بۆمان دەدوێت و دەڵێت: بۆ ئەوەی بونی خۆت لە کۆمەڵگادا بسەلمێنیت کارەکە دوو قات قورس دەبێت لەسەر شانمان، یەکەم لەبەرئەوەی کار دەکەین، دووەم دەبێت بەرامبەر پیاو خۆمان بسەلمێنین کە دەتوانین کاربکەین، چونکە ڕێکخستنی کاری ڕۆژانەی ژن لە ماڵ و دەرەوەدا قورسە، بەڵام ناکرێت قورسایی خۆمان لەدەستبدەین، دەبێت بە کارەکانمان خۆمان بسەلمێنین.

 

ت.پ