بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە جیهاندا کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی هاوڵاتیان

بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و فرۆشتنی ٦ نان بە هەزار دینار لە نانەواخانەکاندا، هاوڵاتیان ڕەخنەی زۆریان لە حکومەت و دەسەڵات گرت و داوایان کرد چیتر میللەت بێدەنگ نەبێت لەئاست خراپی دۆخی ئابووری، ناڕەزایەتییەکانیش وایکرد دەستبەجێ نوێنەرانی چاودێری بازرگانی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی ئارد لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، هۆکارەکەشی گرانکردنی ئاردە لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئاردیان لێ هاوردە دەکرێت، واتە باجی خراپبوونی دۆخی ژینگەی و ئابوری وڵاتانی دیکە هاوڵاتیانی هەرێم دەیدەن، بە جۆرێک ئارد فرۆشەکان و نانەوخانەکان گرانبوونی نان دەخەنە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم.

 

سیڤان ساڵح، ئارد فرۆشێکە و دەڵێت هەموو جۆرەکانی ئارد گران بووە، نرخی فەردەیەک ئاردی نان بە ٤٢ هەزار دینارە لە کاتێکدا جاران بە ٣٤ هەزار بووە، هۆکاری ئەم گرانبوونەش بۆ نەبوونی بەرهەمی خۆماڵی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "تورکیا زەرەری کردووە بەوەی ئاردی کەم بووەتەوە و بەهۆی گڕگرتنی دارستانەکانەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە و دەبێت ئێمە باجەکەی بدەین".

وتیشی: نەک ئارد فرۆش بەڵکو دەبێت یەخەی ئەو کۆمپانیایانە بگیرێت کە کاری هاوردەکردن و هەناردەکردن دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا نرخی ٥٠ کیلۆ ئاردی خۆماڵی بە ١٨ هەزارە و تەنها بۆ ئاژەڵ باشە و بۆ نان دروستکردن نابێت.

مایکی ژنها گفتوگۆی لەگەڵ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی کرد و دەرکەوت هاوڵاتیان بە گشتی ناڕازین لە دەسەڵاتداران و بەڕێوبردن، بەگشتیش دەڵێن "با بە یەک دەنگ ڕاپەڕین و کۆتایی بەو شێوازی حوکمڕانییە بهێنین".

 

"کوردستان وڵاتێکی دیکتاتۆرییە و یاسای تێدا نییە"

پەروین کامیل، هاوڵاتییەکی دانیشتووی سوید، بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر خراپدا دەبینێت و دەڵێت: "کوردستان وڵاتێکی دیکتاتۆرییە و یاسای تێدانییە، هەر شارە و کۆمەڵێک گروپ و دەسەڵاتی جیاواز دەیبەن بەڕێوە، ئەگەر ناڕازی بیت دەبێت ڕوو بکەیتە دەسەڵاتی ئەو شارەی تێیدا دەژی"، هۆکارەکەشی بۆ بێدەنگ بوونی میلەت دەگەڕێنێتەوە.

باسی لەوەکرد بەرزکردنەوەی نرخی ئارد کاریگەری زۆر خراپ لەسەر چینی هەژار دروست دەکات وەک ئاماژەی پێدا کوردستان بیکەیتە چوار بەش سێ بەشیان هەژارن، هەر ئەم بارودۆخە وا دەکات ئارد تێکەڵی شتی دیکە بکرێت تا زیاد بکات، کەسیش نازانێت تێکەڵ بە چی دەکرێت، جەختی لەوەش کردەوە: "حکومەت وای کردووە تەنها ئەوانە ژیانیان خۆش بێت کە جاش و خۆفرۆشن، ئامانجیان مردنی هاوڵاتییە، بۆیە لە هەموو لایەکەوە بارودۆخی خەڵکیان خراپ کردووە".

 

"هەژاران لەم وڵاتەدا بەس هەناسەکەیان بە پارە نییە"

پەروین باسی لەوەکرد لە وڵاتان کاتێک حکومەت هەقی میللەت دەخوات ڕاستەوخۆ میللەت خۆپیشاندان دەکەن، لە بەرامبەردا حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان گوێ لە داواکانیان دەگرن، بەڵام لێرە هاوڵاتی هەموو شتێک قبوڵ دەکات تا وای لێهاتووە ئەم وڵاتە هەناسەی پاکیشی تێدا نییە، پەروین کە ماوەی ٣٠ ساڵە کوردستانی بەجێهێشتووە و ناوبەناو دێتەوە، دەڵێت کۆتا جار ساڵی ٢٠٨ هاتمەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک بەدی ناکەم، بەڵکو دۆخی هاوڵاتی خراپتر بووە، تەنانەت سیستمی تەندروستیش لە ئاستی پێویستدا نییە.

 

"٩ نان بە ١٥٠٠ دینار لە کاتێکدا جاران ١٢ نانی دەکرد"

هۆزان نەجمەدین، هاوڵاتی،  لەسەر گرانبوونی نرخی ئارد وتی: حکومەت بە بیانووی ئەوەی موچە بە تەواوی دەدات گشت ناوبازاڕی گران کردووە، ئێستا ٩ نانم کڕیوە بە ١٥٠٠ دیناری ئێراقی لە کاتێکدا جاران ١٢ نانی دەکرد، دۆخەکە قورس بووە، بەم هاوینە نەوت بەرمیلی بە ١٢٠ هەزارە لە کاتێکدا جاران بە زستانان بەوەندە بوو.

هۆزان بێدەنگی هاوڵاتی بە ڕێگەخۆشکەر بۆ حکومەت دانا تا بتوانێت چۆن دەیەوێت مامەڵە بە میللەتەوە بکات، "دەبێت بە یەک دەگ خۆپیشاندان بکەین و دۆخەکە بە لایەکدا بکەین، میللەت سەرکوت کراوە بۆیە دۆخمان وایە".

 

پەیمان محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەیە و ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم دۆخە لە دەسەڵاتی نانەواخانەکاندا نییە، دەبێت لە بنەڕەتەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، چیتر ئەم دۆخە بەردەوام نەبێت، چونکە هاوڵاتی ناتوانێ بەم شێوەیە بژی.

سەرەڕای قورسی ژیانی هاوڵاتیان، دیار جەمال، نوێنەری چاودێری بازرگانی لە لیژنەکانی قایمقامیەت، دەربارەی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد وتی: "هێشتا زووە بۆ بڕیاردان و دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی کۆبوونەوەکان بین، هەر نانەواخانەیەکیش سزا دەدەین کە نان لەسەر هاوڵاتیان گران بکات"، دوای کۆبوونەوەی بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی ھێلکە و ئارد لە بازاردا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە نرخی ئارد بۆ ٢٣ هەزار کەمکرایەوە و پێشبینی دەکرێت نرخەکەی نزمتریش ببێتەوە.

 

"تێکچونی دۆخی ئابووری و ژینگەی وڵاتانی دیکە هاوڵاتیانی هەرێم باجەکەی دەدەن"

نرخی هەر فەردەیەک ئارد لە دوو هەفتەی پێشووەوە ٥٠ دۆلار زیادی کردووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی دۆخی ژینگە و باری ئابووری ئەو وڵاتانەی ئاردیان لێ هاوردە دەکرێت کە سەرەکیترینیان ڕووسیا و ئوسترالیایە، بە جۆرێک لە ڕووسیا نرخی تۆنێک گەنم لە ١٨٠ دۆلارەوە بووەتە ٢٣٠ دۆلار.

یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکان، زیادبوونی باجی گەنمە لەلایەن تورکیاوە لە ١ی نیسان تا ١ی ئابی هەموو ساڵێک، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئابووری خۆی.

دیار جەمال، باسی لەوەکرد ئەو نانەواخانانەی ٦ نانیان داوە بە هەزار دینار لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، وتیشی "بە پێی بڕیاری قایمقامیەت ٨ نان دەبێت بە ١٠٠٠ بێت بە کێشی ٩٥ گرام تا ئەوکاتەی دۆخەکە یەکلای دەبێتەوە و تورکیا ئەو باجە لادەبات" .

لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەدا هەر بارودۆخێک بێتە پێش و دۆخەکە بەرەو باشی نەڕوات، دەبێت ئاردی خۆماڵی فلتەر بکرێت وەک چارەسەرییەک، لە سنوری شاری سلێمانی ٨ کارگەی ئارد هەیە کە ئاردی خۆماڵی بەرهەمدەهێنێت و دەتوانرێت دوانیان بەکاربهێنرێت بۆ فلتەرینگەکە.

 

لە کۆتایدا وتی هێشتا زووە کە بڵێین تەواو کێشەی ئارد چارەسەر ناکرێت، چونکە لە هەفتەی داهاتووەوە چەندین کۆبوونەوە دەکرێت لەو بارەیەوە و پێویستە هاوڵاتیان ڕەشبین نەبن تا کاتی بڕیارەکە.

 

ت.پ