بەرچەم جودی
کۆبانێ-دووەمین فێستیڤاڵی شەهید بەرچەمی لەلایەن تەڤگەری هیلالی زێڕین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە دروشمی "بە تیشکی خۆر پەرە بە هونەری ژنان دەدەین، لە ڕۆژانی ٦ تا ٩ی ئەیلول لە شاری کۆبانێ بەڕێوەدەچێت.
تەڤگەری هیلالی زێڕین کە سەرچاوە و پێشەنگی پاراستن و پەرەپێدانی کولتوور و هونەری ژنانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ماوەی سێ ساڵە فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم بەڕێوە دەبات، یەکەم فێستیڤاڵ بە دروشمی "هونەر شەڕی بوون و ئازادییە" کە لە حەلەب ڕێکخرا، ئەمساڵ لە کۆبانێ بەڕێوەدەچێت.
شەهید بەرچەم عەفرین: شۆڕشگێڕ و هونەرمەندی کوردستان
ناوی فێستیڤاڵەکە لەسەر بنەمای شەهید بەرچەم عەفرین وەرگیراوە کە ڕۆڵێکی گەورەی لە پەرەپێدانی هونەری ژناندا هەبووە، لە ساڵی ١٩٧٤ لە ڕاجۆی عەفرین لەدایک بووە، لە خێزانێک کە ڕەگ و ڕیشەی نیشتمانپەروەرانە بووە بەرچەم لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شاری حەلەب دەژیاو و لەوێ ئەو خەباتەی کە تەڤگەری ئازادی کوردستان دەستی پێکردووە دەناسێت و بەشداری دەکات، هەروەها خاوەنی سیفەتی هونەری و دەنگێکی قووڵ بوو، لە ساڵی ١٩٨٨ پەیوەندی بە گروپی مۆسیقای ئاگری کرد، بەم هەنگاوە خۆی لە بواری هونەر و سیاسەت و ڕۆشنبیری و ئایدۆلۆژیا پەرەپێداوە و کەسایەتی خۆی وەک ژنێکی هونەری جێگیر کردووە،. پاشان لە ساڵی ١٩٩٢ بڕیاریدا و پەیوەندی بە ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستانەوە کرد، بەیەکەوە خەباتی شۆڕشگێڕی و هونەری خۆی پەرەپێداوە و لەم بوارەدا جێپەنجەی خۆی لەسەر هونەری کوردی جێهێشتووە.
ئەمساڵ دەکرێتە دیاری بۆ عەبدوڵا ئۆجالان
تەڤگەری هیلالی زێڕین ڕایگەیاند، ئەمساڵ فێستیڤاڵەکەیان بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد تەرخان دەکەن w بە هونەری ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵوێستی خۆی نیشان دەدات, بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت. ٢٩ گروپی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ و ٩ هونەرمەند و چەندین هۆنەری کورد و عەرەب و ئەرمەنی و چەرکەسی و تورکمان و سریانی بەشداری تەواوی کانتۆنەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، جگە لەوەش بەڵگەفیلمی هێز نمایش دەکرێت و چەندین پانێڵ بەڕێوەدەچێت، فێستیڤاڵەکە کە لە ٦ی ئەیلولدا بە ڕێپێوانێکی هونەری دەستپێدەکات، ئەمساڵ هونەرمەندی تونسی ئیمەل مەتلۆتی و شادی خولامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئامادە دەبن.
فاتمە خەلیل، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە و بەڕێوبەری تەڤگەری هیلالی زێڕین کانتۆنی فورات، سەرنجی خۆی لەسەر فێستیڤاڵەکە خستەڕوو.
"بە فێستیڤاڵ وەڵامی هێرشە جینۆسایدییەکان دەدەینەوە"
فاتمە خەلیل ئاماژەی بەوەدا, پێویستی بە خەباتی کولتووری و هونەری هەیە لە دژی هێرشە جینۆسایدییەکان و وتی: وەک دەزانرێت هێزە هەژموون و باڵادەستەکان زۆرترین هێرشی جینۆساید بۆ سەر کولتوور و ناسنامەی پێکهاتەکان ئەنجام دەدەن، گەلی کورد بەتایبەتی ساڵانێکە لەگەڵ ئەمەدا دەژی و بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی کولتووری دەبێتەوە، ژنان ئاگاداری سیاسەتەکانی جینۆسایدن، لە ژێر ناوی فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم کە چەند ڕۆژێکی ماوە و لە کۆبانێ بەڕێوە دەچێت، بە دەنگی بەرز هەڵوێستی خۆمان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە دەردەبڕین، بە تایبەتی ئێمە خۆمان ڕێکدەخەین و میراتەکەمان لەسەر هەنگاوەکانی هونەرمەند بەرچەم دەنێین، کە توانی جێپەنجەی خۆی لەسەر کولتوور و هونەر بەجێبهێڵێت و ڕۆڵێکی کارای لە پەرەپێدان و پاراستنیدا هەبووە.
فاتمە خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، تابلۆیەکی دەوڵەمەندی هونەری ژنان بڵاودەکرێتەوە و "فێستیڤاڵەکە کە بۆ یەکەمجار لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، لە ناوەڕۆکەکەیدا تەواوی هونەری ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێناسە دەکات". ژنانی پێکهاتەی جیاواز توانیان لە ڕێگای مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شانۆ و هۆنراوەو ڕەنگەوە وێنەیەکی هاوبەشی داهێنەری و هونەری ژنان پیشان بدەن، بەمەش دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە میراتی شەهید بەرچەم لەلایەن هەزاران ژنەوە پارێزراو و پەرەی پێبدرێت.




