هەر تابلۆیەک هەستێکی نهێنی و چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە

یارا حەسکۆ کە خەڵکی شاری داگیرکراوی عەفرینە، یەکەم پێشانگای خۆی لە شاری عامودا کردەوە، کە هەموو تابلۆیەک چیرۆکێکی شاراوەو هەستی ژنێک دەگێڕێتەوە، بە وێنەکانی کاریگەری داگیرکاری و شەڕ و شەڕانگێزی نیشان دەدات.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-یارا حەسکۆ شێوەکارو کۆچبەرێکی شاری عەفرینە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراوە، ئێستا لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێیە، بە پاڵپشتی هاوڕێ و خێزانەکەی لە ١ی ئەم مانگە یەکەم پێشانگای خۆی لە عامودا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردەوە.

 

یارا چیرۆک و وردەکارییەکانی پێشانگاکە و پرۆسەی ژیانی هونەری خۆی لەگەڵ ئێمەدا باس کرد. یارا هێسکۆ ڕایگەیاند کە ماوەی ساڵێک کاری لەسەر پێشانگاکەی کردووە و وتی: پێشانگاکەم بە ٢٦ تابلۆی ڕەنگاوڕەنگ کردەوە، نزیکەی ساڵێکە خۆم بۆ ئەم پێشانگە تایبەتە ئامادە دەکەم، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ویستم بیکەمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو، ناچار بووم چەند ڕۆژێک دوایبخەم. پێشانگاکەم لە ١ی تشرینی دووەم کراوەتەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

 

بەشداری لە زۆر پێشانگای ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە

 لە ساڵی ٢٠١٨ەوە یارا حەسکۆ جگە لە کارکردن لە دەرەوەی وڵات بەشداری زۆرێک لە پێشانگاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کردووە وتی: بەشداریم لە پێشانگاکانی شام و حەلەب کردووە، ساڵێک لەمەوبەر  ١٠ لە تابلۆکانم لە پێشانگای سلێمانی لە باشووری کوردستان پێشکەش کران، لە هەمانکاتدا بەشداری لە هەر پێشانگایەکی نێودەوڵەتیدا دەکەم.

 

کاریگەری کۆچبەری لەسەر ژیان و هونەری یارا

لە درێژەی قسەکانیدا، یارا حەسکۆ سەرنجی بۆ پرۆسەی منداڵی خۆی و داگیرکردنی شارەکەی عەفرین، کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی بەرەو کۆچکردن ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە نیگارکێشان بوو، دوای ساڵی ٢٠١٨ ئەزموونەکانم جددیتر بوون، شێوازی گێڕانەوەم بەدڵە، ڕەنگە لە منداڵیدا کاریگەری لەسەرم هەبووبێت، خۆم لە نیگارکێشاندا دەبینم، هەست بە خۆشەویستی دەکەم کاتێک نیگار دەکێشم، دیزاین بووەتە سیستمی ژیانم، ناتوانم ئارام بگرم بەبێ ئەوەی تابلۆ دروست بکەم، دوای داگیرکردنی عەفرین زیاتر پەیوەست بووم بە هونەرەوە، پشوویەک بوو بۆ من بۆ دەربڕینی هەستەکانم، من بە شێوەیەکی زیندوو ئازارەکانم دەرنابڕم، تەنها لە ڕێگەی نیگارکێشانەوە هەستەکانم دەردەبڕم.

 

شێوازی وێنەکێشانی یارا حەسکۆ لەگەڵ فۆڕمی ژن جیاواز و سەرنجڕاکێشە، هەر تابلۆیەک هەست و چیرۆکی نهێنی ژنێک دەگێڕێتەوە، ئەویش بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە وتی: ڕاستە لە تابلۆکانمدا ژن هەیە، من ئێش و ئازارەکانی دەوروبەرم هاوبەش دەکەم،  گرنگ ئەوەیە هەموو کەسێک بتوانێت خۆی لەم تابلۆیانەدا ببینێت.

 

یارا ئامادەکاری بەهێزتر بۆ داهاتووی خۆی دەکات و لە کۆتاییدا وتی: دوای ئەم پێشانگایە، تابلۆی نوێ ئامادە دەکەم، لە داهاتوودا منیش دەیانخەمە ڕوو و هیوادارم تابلۆکانم لێرە نەمێننەوە، هەمووان دەرفەتی بینینیان هەبێت.