دەرهێنەرێکی عێراقی بەڵگەفیلمێک لەسەر ئازارەکانی ژنان لەناو کارگەکانی خشتدا بەرهەمدەهێنێت
ئیمان کازم، دەرهێنەری عێراقی، لە ڕێگەی بەڵگەفیلمی "ژنانی کرێکاری خشت"، تیشکی خستە سەر پرسی ژنانی عێراقی و ئازارەکانیان.
ڕەجا حەمید
عێراق- بەڵگەفیلمی "ژنانی کرێکاری خشت" بەڵگەفیلمێکی مێژووییە، ئازارەکانی ئەو ژن و دایکانەیە کە لە کورەی خشتدا کار دەکەن و ڕووبەڕووی سەختییەکان دەبنەوە لە پێناو دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان.
ئیمان کازم، دەرهێنەری عێراقی باسی لە پیشەی دەرهێنانی فیلم و هەڵبژاردنی ئەو بابەتە کرد و وتی : کارکردن لە سینەمادا زۆر قورسە، پیشەی دەرهێنان پێویستی بە زانیاری هەمەلایەنە هەیە لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، دەروونناسی، هونەری بینراوو مۆسیقی، جگە لە چۆنیەتی ڕاهێنان و هەڵبژاردنی ئەکتەر و کۆنترۆڵکردنی هەستی هونەری.
"پێویستە دەرهێنەر هۆشیار بێت لە هەڵبژاردنی چیرۆکی فیلم"
ئیمان کازم ئاماژەی بەوەکرد کۆمەڵێک ڕێگریی و سەختی لەبەردەم دەرهێنەردا دروست دەبێت وەک نەبوونی پارە، نەبوونی ژێرخانی دامەزراوە تایبەتمەندەکان لە سینەمادا، هەروەها کەمی ئەو ئەکتەرانەی کە خاوەنی ئامڕازەکانی نواندنن بۆ هونەری سینەما، وتیشی: دەربەدەربوون ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە فێربوونمدا کاتێک لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ گەڕامەوە بۆ وڵات، قۆناغێکی جیاواز و نوێ بوو، هەرچەندە چیرۆکەکان هەمەچەشنن، هەڵبژاردنی ئەوەی بۆ سینەما گونجاوە، پێویستی بە هۆشیاری و لێکۆڵینەوە هەیە، هەموو چیرۆکێک ناتواندرێت بکرێتە فیلم، چونکە مەرجی هونەری هەیەو دەبێت جێبەجێ بکرێت.
"بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکەم چەندین بەربەستم بۆ دروستبوو"
سەبارەت بە کاریگەرییەکەی لەلایەن دەرهێنەرانی عەرەبی و بیانییەوە، ئیمان کازم، ئاماژەی بەوەکرد لە هیچ دەرهێنەرێکی عەرەبەوە فێر نەبووە، سینەمای عەرەبی تەنیا پشت بە چیرۆک گێڕانەوە دەبەستێت، سەرەڕای نەبوونی بارودۆخی سینەمایی، وەک ڕووناکی، ستاف و گۆشەی کامێرا.
دەربارەی ئەو سەختییانەی لە دەرهێنانی فیلمی "ژنانی کرێکاری خشت" ڕووبەڕووی بووەوە، ڕوونیکردەوە سەختی چوونە ژوورەوەی ئەوکارگانەی کە دەکەونە ناوچەی نەهرەوان سەر بە شارۆچکەی مەداعین لەڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت، یەکێک بوو لە سەختییەکان، بەڵام بە هاوکاری هەندێک هاوڕێی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ، توانی بە بیانووی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بچێتە ناو ئەم تاقیگانە و دوای چەندین سەردان، پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ خاوەن کارگەکاندا دروست بکات ولە پاش دوو ساڵ کارکردن توانی بەڵگەفیلمەکە دەربهێنێت.
"فیلمەکە کێشەی کۆمەڵایەتی و ژیانی ژنان نیشاندەدات"
ئیمان کازم ئاماژەی بەوەشکرد، بە بەدواداچوون بۆ چەند کورتە ڤیدیۆیەک کە لە هەندێک کەناڵی مانگی دەستکرددا سەبارەت بەم کارگانە و بارودۆخی خراپی کاری ژنان تێیدا نمایشکراون، بیرۆکەی دەرهێنانی فیلمەکە بوو، فیلمێکە کێشەی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز دەخاتە بەردەم توێژێکی ژنان و منداڵان بۆ ئەوەی بتوانێت لەبەردەم سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ژیانیان.
ئیمان کازم، دەرهێنەری عێراقی دەرهێنەری چەندین فیلمی سینەمایی بووە، لەوانە "پاشا فەیسەڵییەکەم، سێبەری کۆنکرێت، و کافێ ئەدەبیەکانی بەغدا" هەروەها چەندڕۆژێک لەمەوبەر ئامادەکردنی فیلمێکی نوێی بە ناوی "دیواری باران" تەواو کردووە.