چیرۆکێکی بچووک لە دڵی ژنێکدا دەبێتە ڕاستی و بە دەستەکانی دار دەگۆڕێت بۆ هونەر
زریان ئەحمەد، دارتاش دەڵێت: لە ڕێگەی توانا و خولیاکانمەوە کاری دارتاشی دەکەم، کارکردن ڕەگەزی نییە، بۆیە دارتاشی تەنها کاری پیاوان نییە، من بۆ نوێبوونەوەی کولتووری کوردی کاری دارتاشی دەکەم.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی و لە نێو کابینە دارینەکانی "کارگەی کولتووری شاری سلێمانیدا، بۆنی داری تازە و دەنگی چەکوش و بزمار باس لە چیرۆکێکی جیاواز دەکەن. لێرەدا ژنێکی شێوەکار بە ناوی زریان ئەحمەد، سنوورە نەریتییەکانی پیشەی شکاندووە و دارتاشیی کردووەتە زمانێک بۆ دەربڕینی هونەر و پاراستنی کولتووری کوردی.
لە شێوەکارییەوە بۆ دارتاشی
زریان ئەحمەد، دەرچووی کۆلێژی هونەر بەشی شێوەکاری زانکۆی سلێمانییە. هەرچەندە پێشتر لە بوارەکانی ڕێکخراوەیی و چالاکیی مەدەنی و هونەریدا کاری کردووە، بەڵام خولیای کارکردن لەسەر دار و بونیادنانی شتێک بە دەستی خۆی، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانیدا. ئەو ئێستا زیاتر لە ساڵێکە کارگەیەکی بچووکی دارتاشیی دامەزراندووە و تێیدا کەرەستە کلاسیکییەکان و تابلۆ هونەرییەکان بە تەکنیکی مۆدێرن بونیاد دەنێتەوە،کارکردن بە دەست و پەنجەی خۆت، چێژێکی تایبەتی هەیە. فێربوونی ئەم پیشەیە بۆ من ئاسان نەبوو، چونکە بەبێ بوونی مامۆستا و بەبێ وەرگرتنی هیچ خولێکی فێربوون دەستم پێکرد. تەنها بە پشت بەستن بە هەوڵی خۆم و بینینی فێرکارییەکانی ئینتەرنێت، توانیم تەکنیکەکان تاقی بکەمەوە و پەرە بە کارەکانم بدەم.
" ژن دەتوانێت لە قورسترین پیشەکاندا سەرکەوتوو بێت ئەگەر ئیرادەی هەبێت"
زریان بە تێڕوانینێکی جیاوازەوە سەیری دنیای کار دەکات. ئەو پێی وایە دابەشکردنی کارەکان بەسەر "ژنانی" و "پیاوانی"دا کۆسپە لە بەردەم خولیاکان وتی: کارکردن ڕەگەزی نییە؛ دارتاشی تەنها کاری پیاوان نییە. من لێرەم تا بیسەلمێنم کە ژن دەتوانێت لە قورسترین پیشەکاندا سەرکەوتوو بێت ئەگەر ئیرادەی هەبێت. هاوڵاتیانیش کاتێک دەبینن ژنێک ئەم کارە دەکات، متمانەی زۆرم پێ دەکەن و دەڵێن 'سەلیقەی ژنانەت ڕەنگێکی جوانتر بە دیزاینەکان دەبەخشێت'، هەر بۆیە زۆرجار هەڵبژاردنی ڕەنگ و وردەکارییەکانی دیزاینەکە بۆ من جێدەهێڵن.
زریان ئەحمەد وتی: کارکردنم لە کاری دارتاشیدا بەچەندین قۆناغی دیکەدا منی بردووە، چەندین کاری دیکەی وەک کاری ڕێکخراوەیی و چالاکی و کاری هونەریم ئەنجامداوە، بەڵام کارێک کە بەدەست و پەنجەی خۆت بونیادبندرێت باشترە و پڕ چێژترە، نزیکەی ساڵێک دەبێت، کاری دارتاشی ئەنجامدەدەم، وردەوەردە لە پاش بونیادنانی شوێنێک بۆ ئەنجامدانی کارەکەم و هێنانی چەندین کەلوپویل و پێداویستی کە لە هاوڕێیەکمەوە بۆم مابویەوە هێنامە ناو ئەم کابینەیە و دەستمکرد بە ڕێکخستنی، بەڵم لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کارەکەمدا پێداویستی زیاترم دەکڕی، فێربوونی کاری دارتاشی لە بنەڕەتدا لەهێچ کەسێکەوە نەبووە، بەبێ وەرگرتنی هیچ دەورەیەک و مامۆستایەک دەستم بە کارەکەکرد، پاشان تەجروبەم لەگەڵ پێداویستی و کارەکەدا کرد، بۆمن کەمێک سەخت بوو بەبێ ئەوەی کەس پێداویستییەک لەبەرچاومدا دروستبکات و من دوبارەی بکەمەوە، بەڵام خۆم بەبێ هیچ کەسێک و هاوکارییەک دەستم بەم کارەکرد، بەڵام بۆ نوێبوونەوەی کارەکانم بەردەوام لە ڕێگەی فێرکارییەکانەوە ئەزموونی کارەکەم دەکەم و هەوڵی خۆ نوێکردنەوە دەدەم.
زیندووکردنەوەی کولتوور
کارەکانی زریان تەنها دروستکردنی کەلوپەلی ئاسایی نین، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نوێکردنەوەی شوناسی کوردی. ئەو زیاتر بایەخ بە نەخشە کلاسیکییەکان و مێزی "بۆراق" دەدات، تا جارێکی دیکە ئەو جوانییە کۆنانە بگەڕێنێتەوە ناو ماڵە مۆدێرنەکان،سەبارەت بە هاوکاری و پشتیوانی هاوڕێکانی، زریان ئاماژە بەوە دەکات کە لە "کارگەی کولتووری" ژینگەیەکی پڕ لە هاوکاری هەیە و هاوڕێکانی لە گواستنەوەی کەرەستە قورسەکان و کاروباری کارگەکەدا هاوکاریی بەردەوامی دەکەن.
پەیام بۆ ژنان
لە کۆتاییدا، زریان ئەحمەد پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموو ئەو ژنانە هەیە کە خاوەن خولیا و ئامانجن و وتی: بە هۆکاری ئەوەی من ژنێکم کە کاری دارتاشی دەکەم هاوڵاتیان بەردەوام پێمدەڵێن تۆ ژنیت و سەلیقەت جوانە کارەکە دەدەنە دەست خۆم و بەبێ ئەوەی دودڵبیت لە هەڵبژاردنی ڕەنگ و شێوەی دیزاینەکەی، هەروەها زیاتر داوای نەخش و مێزی بوراقم لێدەکەن، چەندین، شێوەی کلاسیک لە ماڵەکانیاندا زیندوو دەکەنەوە، لەگەڵ مندا لە ناو کارگەی کولتووری جگەرەکە چەندین هاوڕێی دیکەم هەیە، کە لەگەڵم هاوکارن و سەرەڕای ئەوەی کاری خۆیان هەیە بەڵام هاوکاریمدەکەن و پێداویستییەکانم لەگەڵ دەگوازنەوە، هیچ ڕێگرییەک ناتوانێت ژنێکی بە ئیرادە لە ئاماجەکەی بوەستێنێت، پێویستە خاڵێکی وەچەرخانت هەبێت تا بتوانیت دەست بەو کارەی ئامانجتە بکەیت، پیشەکان ڕەگەزیان نییە، هەر کارێکی پیاوانە یان ژنانە نەتوانێت ڕەگەزی بۆدابنێن تا ڕێگری لە خولیاکانت بکەیت، هیچ ڕێگرییەک ناتوانێت ژنێکی بە ئیرادە لە ئامانجەکەی بوەستێنێت. تەنها پێویستت بە خاڵێکی وەرچەرخان و بڕیارێکی بوێر هەیە. ڕێگە مەدەن ڕەگەز ببێتە بەربەست لە بەردەم خولیاکانتان، چونکە داهێنان هیچ سنوورێکی نییە.