'ئاو سەرچاوەیەکی مەترسیدارە، هۆشیاریش یەکەم هێڵی بەرگریە'
مرۆڤ و ئاژەڵ و سروشت لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی مەترسیەکی ڕاستەقینە بوونەتەوە کە بەهۆی بەردەوامی دابەزینی ئاستی ئاوی جیهانیەوە دروست دەبێت.

نورشان عەبدی
کۆبانێ – قەیرانی ئاو لە جیهاندا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کێشەیەکی گەورەی ژینگەیە کە ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و سەقامگیری کۆمەڵگە دروست دەکات، ئەم کەمیە کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر ژینگە و ئاژەڵ و سامانە سروشتییەکان دەبێت، کە بەمەش دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا لە داهاتودا.
زیاتر لە ٢ ملیار کەس بەدەست نەگەیشتن بە ئاوی پاکەوە دەناڵێنن، لێکۆڵینەوەکانی ئەم دوایە پشتڕاستیان کردەوە کە ئاوی ژێر زەوی و ڕووبار و دەریاکان لە سەرانسەری جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە، ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورە بۆ مرۆڤ و سروشت و ئاژەڵ.
هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ زیادەڕۆی لە بەکارهێنانی ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵی، کە نزیکەی ٧٠%ی ئاوی جیهان بەکاردەهێنن، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و توانەوەی سەهۆڵەکە، ئەمە جگە لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، هەروەها پیسبوون ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە دابەزینی ئاستی ئاودا، کە ئەمەش وایکردوە زۆرێک لە ڕووبارەکان شیاو نەبن بۆ خواردنەوە.
ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانیان بەم قەیرانە بەرکەوتوە، جگە لە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی باران بارین و شەپۆلی وشکەساڵی، تورکیای داگیرکەر بەردەوامە لە بڕینی ئاوی ئەو ناوچەیەی کە پشت بە ڕووباری فورات دەبەستێت بۆ سەرچاوەکانی ئاو، بەڵام لەم دواییانەدا ڕووبارەکە نزیکەی چوار ملیار مەتر سێجا لە کۆگاکانی لەدەستداوە، کۆی گشتی کۆگاکردنی بەنداوەکە نزیکەی ١٤ ملیار مەتر سێجا و ئاستی ئاوی بەنداوەکەش ٦ مەتر دابەزیوە لە بەرزترین ئاستی ٣٠٤ مەتر لە ئاستی دەریاوە.
"قەیرانێکی جیهانی"
زۆزان خەلیل، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە شاری کۆبانێ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، جیهان قەیرانێکی ڕاستەقینە و بەرچاوی ئاوی بەخۆیەوە بینیوە کە وایکردوە زۆرێک لە پێکهاتەکان بێنە دەنگ، وتی: قەیرانی ئاو قەیرانێکی جیهانییە، نەک قەیرانی ناوخۆی، بۆیە دەبێت کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاو، چونکە کەمی ئاوەکە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات لە سەرانسەری جیهاندا.
ئاماژەی بە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی ئاو لە سەرانسەری جیهان کرد: چەند هۆکارێک هەیە بۆ دابەزینی ئاستی ئاو لە سەرانسەری جیهاندا، وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ئاسای و زیادبوونی ئاگری دارستان و دارەکان کە کەشوهەوایان گۆڕیوە، و بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش تەنها لە ناوچەکانی ئێمەدا نییە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا، کە قەیرانێکی ڕاستەقینەی ئاوییە.
زۆزان خەلیل جەختی لەوە کردەوە: کە دابەزینی ئاستی ئاو وایکردوە زۆرێک لە پێکهاتەکان لە وڵاتانی جیهان کۆچ بکەن و بگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی ئاوی تێدایە، هوڵاتیان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاوی پاک و خواردنەوە زەوی و ماڵ و ژیانی خۆیان جێهێشتوە.
سەبارەت بە قەیرانی ئاو لە سووریا و بەتایبەتی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وتی: سووریا پشت بە ڕووباری فورات دەبەستێت وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوەکەی، کە ئاستی ئاوەکەی بەراورد بە ڕابردو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ساڵانێک لەمەوبەر ٥٠٠ مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا پەمپ دەکرا، بەڵام ئێستا ئەو ئاستە دابەزیوە بۆ ١٥٠ مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، جەختیشی لەوە کردەوە، کە کاریگەریەکانی ئەم دابەزینە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا دیار بووە.
"دەبێت سەرچاوە ئاویەکان بپارێزرێن"
سەبارەت بە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، زۆزان خەلیل ڕونیکردەوە، لە ناوچەکانمان هەوڵ دەدەین چارەسەری کەم ئاوی بکەین، چونکە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەوە بۆریەکانی ئاو توانای کارکردنیان نەماوە، هەروەها هەوڵدەدەین بڕی پێویست ئاو پەمپ بکەین بۆ ئەوەی پێداویستیەکانی دانیشتوان دابین بکەین،، ئەمەش وایکردوە بەشێک لە پەمپەکانمان لە پارێزگای فورات کارەکانیان ڕابگرن، ژمارەیەک بیر بوونەتە تاڵاو و ئیتر بەکارناهێندرێن، هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
زۆزان خەلیل، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانێ، لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای لە دانیشتوانی کۆبانێ کرد کە بەفیڕۆدانی ئاو کەم بکەنەوە، هاوڵاتیانی جیهان دەبێت ئەو ئاوەی کە ماوەتەوە بیپارێزن، بەکارهێنانی زیرانە بکەن لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا، هەروەها چارەسەری سوێری ئاوی دەریاکان بکەن و دووبارە بەکاریبهێننەوە بۆ ئەوەی ببێتە خواردنەوە، دەبێت پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ سەرچاوە ئاویەکانی جیهان هەبێت، ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە گرنگی پاراستنی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو.